كاپتنه كورده‌كه بۆ راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى ئێران: چاویلكه له‌چاو بكه و یاریزان هه‌ڵبژێره!

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
كاپتنه كورده‌كه‌ى یانه‌ى ئیسقلالى تارانى ئێرانى بهڕاهێنهرى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى ئێران ده‌ڵێ چاویلكه له‌چاو بكه و یاریزان هه‌ڵبژێره.

پاش رۆژى 11ى تشرینى دووه‌مى 2020 له‌گه‌ڵ یانه‌ى ئیستقلالى تاران له‌یارییه‌كانى هه‌فته‌ى یه‌كه‌مى خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران (پڕۆ لیگ)ى وه‌رزى 2020-2021دا گۆڵێكى له‌یانه‌ى مس ره‌فسنجان تۆمار كرد و به‌شێوازێكى تایبه‌ت و جیاواز گوزارشتى له‌خۆشى و شادى ئه‌و گۆڵه تۆماركراوهى كرد كه ده‌ستى وه‌ك چاویلكه لێكردبوو، ئه‌مه‌ش په‌یامێك بوو كه به (دراگان سكۆسیچ)ى كرواتى و راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى ئێران وت بۆ دیارى كردن و هه‌ڵبژاردنى یاریزان چاویلكه له‌چاو بكه.

دواجار كاپتن (وریا غه‌فورى) سنه‌یی و به‌رگریكارى نێوده‌وڵه‌تى كورد له‌سه‌ر بانگهێشت نه‌كردنى بۆ ریزى هه‌ڵبژارده‌ى یه‌كه‌مى ئێران وتى: له‌ده‌ربڕینى خۆشحاڵى گۆڵكردنمدا په‌یامێكى تایبه‌تم گه‌یاند، هه‌ڵبژارده‌ى نیشتمانى مافى هه‌ر یاریزانێكه كه شایسته‌یه، راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى ئێران ئازاده له‌داوه‌ت كردنى هه‌موو كه‌سێك، به‌ڵام من مافى ئه‌وه‌م هه‌بوو ناوم له‌لیستى یاریزانه‌كان بوایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌پێنووسى سوور هێڵێكى به‌سه‌ر ناوى مندا هێناوه.

شایه‌نى باسه وریا غه‌فورى سنه‌یی به‌رگریكارى باڵى راست كه ته‌مه‌نى 33 ساڵه، له‌ماوه‌ى ساڵانى 2014 تا 2019 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى ئێران 28 یارى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌نجامداوه، (17 یارى دۆستانه و 6 یارى فه‌رمی له‌كۆتاییه‌كانى پاڵه‌وانێتى جامى وڵاتانى ئاسیا و 5 یارى پاڵاوتنى مۆندیالى 2018ى روسیا).
