هەواڵ

كوردستاره‌كه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ یارى ئه‌مشه‌وى مانشافتى ئه‌ڵمانیا

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

پاش ئه‌وه‌ى بۆجارى دووه‌م له‌سه‌ریه‌ك بانگهێشتى ریزى هه‌ڵبژارده‌ (مانشافت)ى تۆپى پێى ئه‌ڵمانیا كرایه‌وه‌، كوردستاره‌كه‌ى یانه‌ى بوروسیا دۆرتمۆند-ى ئه‌ڵمانى ئه‌مڕۆ دوایین یه‌كه‌ى مه‌شقه‌كانى به‌ر له‌یارى دۆستانه‌ى ئه‌مشه‌ویان به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ى كۆمارى چیك ئه‌نجامدا.

به‌سه‌رپه‌رشتى یواكیم لوف-ى راهێنه‌ر و به‌به‌شدارى مه‌حمود داود-ى ناوه‌ڕاستكارى كوردى یانه‌ى بوروسیا دۆرتمۆند، هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى ئه‌ڵمانیا ئه‌مڕۆ 11-11-2020 دوایین یه‌كه‌ى مه‌شقه‌كانى له‌یاریگاى ریدبۆڵ ئه‌رینا له‌شارى لایپزیگ-ى ئه‌ڵمانیا ئه‌نجامدا كه‌ كاتژمێر 10:45 خوله‌كى ئه‌مشه‌و له‌م یاریگایه‌ و له‌یارییه‌كى دۆستانه‌ى ئاماده‌كاریدا میوانداریی له‌هه‌ڵبژارده‌ى كۆمارى چیك ده‌كات.

پاش ئه‌وه‌ى مانگى تشرینى یه‌كه‌مى رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار داوه‌تى ریزى هه‌ڵبژارده‌ى ئه‌ڵمانیا كرا و به‌شێوه‌ى یه‌ده‌گ بۆ ماوه‌ى 12 خوله‌ك له‌یارى دۆستانه‌ى نێوان ئه‌ڵمانیا و توركیا به‌شدارى پێكرد، واچاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌یارى ئه‌مشه‌ویشدا یواكیم لوف-ى راهێنه‌ر یارى به‌ مه‌حمود داود-ى ته‌مه‌ن 24 ساڵ بكاته‌وه‌.

شایه‌نى باسه‌ مه‌حمود موسته‌فا داود رۆژى 1-1-1996 له‌شارى عامودێ/ عامودا-ى رۆژئاواى كوردستان له‌دایكبووه‌ و ته‌مه‌نى كه‌متر له‌ 3 ساڵ بووه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ى روویان كردۆته‌ شارى دوسلدۆرف-ى ئه‌ڵمانیا و له‌وێ نیشته‌جێ بوونه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌ڵمانى هه‌یه‌ و سه‌ره‌تا بۆ تیپى تازه‌پێگه‌یشتووانى یانه‌ى دوسلدۆرف یارى كردووه‌ و پاشان بۆ یانه‌ى بوروسیا مونشن گڵادباخ و دواجاریش له‌گه‌ڵ یانه‌ى بوروسیا دۆرتمۆند به‌رده‌وامه‌ له‌یارى كردن و تائێستاش بۆ هه‌ڵبژارده‌كانى لاوانى ئه‌ڵمانیاى ژێر ته‌مه‌نه‌كانى 18 و 19 و 20 و 21 ساڵ 34 یارى و 4 گۆڵى كردووه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى یه‌كه‌مى ئه‌ڵمانیا-شدا خاوه‌نى 1 یارییه‌.

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close