یانه‌یه‌كى سوپه‌ر لیگى دانیمارك بۆندى هێرشبه‌ره كورده‌كه‌ى تازه‌كرده‌وه

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
یانه‌یه‌كى خولى سوپه‌رى تۆپى پێى یانه‌كانى دانیمارك (سوپه‌ر لیگ) بۆندى هێرشبه‌ره كورده‌كه‌ى تا كۆتایی ئه‌م وه‌رزه و هاوینى ساڵى 2021 درێژكرده‌وه.

یانه‌ى (سۆنویوسك ئالیتا سپۆرت/ سوندرییسكه) كه له‌خولى سوپه‌رى تۆپى پێى یانه‌كانى دانیمارك (سوپه‌ر لیگ)ى وه‌رزى 2020-2021 به‌شداره، بۆندى (رۆنى ئارابچى) هێرشبه‌رى لاوى كوردى دانیماركى بۆ ماوه‌ى (6) مانگى تر و تا رۆژى 30-6-2021 تازه‌كرده‌وه.

رۆنى ته‌مه‌ن 19 ساڵ كه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردى باكووره، مانگى ئابى رابردوو به‌پێى بۆندێك تا مانگى كانوونى یه‌كه‌مى 2020 بۆندى له‌گه‌ڵ یانه‌ى سوندرییسكه-ى دانیماركى واژووكرد و یانه‌كه‌ى درێسى ژماره 17ى پێبه‌خشى و پاش پابه‌ندبوون و پێشكه‌ش كردنى ئاستێكى به‌رزیش یانه‌كه بۆنده‌كه‌ى تا هاوینى ساڵى 2021ى داهاتوو بۆ درێژكرده‌وه.

شایه‌نى باسه رۆنى هه‌ر له‌ته‌مه‌نى منداڵییه‌وه لهئهكادیمیاى یانه‌ى برۆندبى دانیماركى ده‌ستى به‌یارى تۆپى پێ كرد تا گه‌یشته تیپى لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵى یانه‌كه و پاش كۆتاییهاتنى بۆندهكهشى ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ نه‌ڕه‌خسێنرا بۆ تیمى یه‌كه‌مى یانه‌ى برۆندبى سهربخرێ، بۆیه به‌ناچارى یانه‌ى ناوبراوى به‌جێهێشت و بۆ ماوه‌ى كه‌متر له‌نیو وه‌رز بۆندى له‌گه‌ڵ یانه‌ى سوندرییسكه-ى دانیماركى واژووكرد.
