یانه‌یه‌كى بۆندس لیگا چاوى بڕیوه‌ته تواناكانى هێرشبه‌رێكى كورد

سه‌نگه‌ر زرار- Kurd Sport
یانه‌ى هێرتا به‌رلین-ى ئه‌ڵمانى كه له‌خولى پله یه‌كى یانه‌كانى وڵاته‌كه‌ى (بۆندس لیگا/1) ركابه‌ریی ده‌كات، چاوى بڕیوه‌ته تواناكانى هێرشبه‌رێكى كورد.

په‌یجى ترانسفێر ئێران له‌ئینستاگرام باس له‌وه ده‌كات كه یانه‌ى هێرتا به‌رلین-ى ئه‌ڵمانیا ئاماده‌یه بۆ كڕینى كاوه ره‌زایی هێرشبه‌رى كوردى كرماشانى و یانه‌ى رۆیاڵ شارلروا-ى به‌لژیكایی.
په‌یجه‌كه ئاماژه‌ى به‌وه داوه كه جارێكى تر یانه‌ى هێرتا به‌رلین كار بۆ ئه‌وه ده‌كات و پلان بۆ ئه‌وه داده‌ڕێژێت كه له‌نیوه‌ى ئه‌م وه‌رزه (2020-2021) و به‌دیاریكراوى لهمیركاتۆى زستانه‌دا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كاوه ره‌زایی هێرشبه‌رى به‌هێز و به‌تواناى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى ئێران بكات.

هه‌روه‌ها باسى ئه‌وه‌شى كردووه كه ئه‌وه جارى یه‌كه‌م نییه یانه‌ى هێرتا به‌رلین-ى به‌شدار له‌بۆندس لیگاى ئه‌ڵمانى كار بۆ ئه‌وه ده‌كات كه گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كاوه ره‌زایی هێرشبه‌رى كوردى كرماشانى بكات كه‌ته‌مه‌نى 28 ساڵه.
شایه‌نى باسه كاوه هێرشبه‌رى پیشه‌گه‌رى كورد خۆى یاریزانى یانه‌ى بروچ (كلوب بروچ)ى به‌لژیكایه و بۆ دووه‌م وه‌رزه به‌شێوه‌ى خواستن بۆ یانه‌ى رۆیاڵ شارلروا-ى به‌لژیكا یارى ده‌كات.
