هەواڵ

كوڕه‌ رانیه‌یه‌كه‌ له‌داوه‌تكردنه‌وه‌ى بۆ هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بێهیوا نه‌بووه‌

سه‌نگه‌ر زرار-Kurd Sport

كوڕه‌ رانیه‌یه‌كه‌ى یانه‌ى گۆریكا-ى كرواتى له‌داوه‌تكردنه‌وه‌ى بۆ ریزى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى عێراق بێهیوا نه‌بووه‌.

له‌باره‌ى دووباره‌ بانگكردنه‌وه‌ و یارى كردنه‌وه‌ى بۆ هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى یه‌كه‌مى عێراق، په‌یجى یاریزانانى تاراوگه‌ له‌سه‌ر زارى ژیلوان حه‌مه‌د-ى یاریزانى نێوده‌وڵه‌تى كوردى یانه‌ى گۆریكا-ى كرواتى ئه‌وه‌ى ئاشكرا كردووه‌ كه‌ یاریزانى ناوبراو هیوابڕاو نه‌بووه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ په‌یجه‌كه‌ له‌یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كه‌ى كوردى تاراوگه‌ى پرسیوه‌ تائێستا هیوات به‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ داوه‌تى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بكرێیته‌وه‌، له‌وه‌ڵامدا ژیلوان حه‌مه‌د-ى ته‌مه‌ن 30 ساڵ كه‌ ئه‌زموونى یاریكردنى ده‌ره‌كى له‌بۆندس لیگاى ئه‌ڵمانیا و جوپیلێر پڕۆلیگى به‌لژیكا و خوله‌كانى كۆریاى باشوور و كرواتیادا هه‌یه‌، ده‌ڵێت: ده‌مه‌وێ یارمه‌تى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بده‌م و یارى بكه‌م و ئه‌وپه‌ڕى تواناى خۆم بخه‌مه‌گه‌ڕ.
هه‌روه‌ها له‌درێژه‌ى وه‌ڵامه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: بێگومان ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ ریزى هه‌ڵبژارده‌كه‌ و هیوام له‌ده‌ست نه‌داوه‌ كه‌ سه‌ر له‌نوێ بوونم له‌هه‌ڵبژارده‌كه‌دا هه‌بێت.

شایه‌نى باسه‌ ژیلوان محه‌مه‌د حه‌مه‌دئه‌مین ئه‌ڵڵاوێردى رانیه‌یی ساڵى 2019 بۆ یه‌كه‌مجار بانگهێشتى ریزه‌كانى هه‌ڵبژارده‌ى یه‌كه‌مى عێراق كرا و رۆژى 10-10-2019 ته‌نها له‌ (1) یارى پاڵاوتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى مۆندیالى 2022ى قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتى جامى ئاسیاى 2023ى چین به‌شێوه‌ى یه‌ده‌گ (30) خوله‌ك به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ى هۆنگ كۆنگ یارى كردووه‌ و له‌یارى دواتر رۆژى 15-10-2019 به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى كه‌مبۆدیا یارى پێنه‌كرا و دواى ئه‌وه‌ش تائێستا بانگهێشتى ریزى هه‌ڵبژارده‌كه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close