ڕێنماییهەواڵ

داوا دەکرێت لێدانی تۆپ بە سەر قەدەغە بکرێت


زۆرێک لە راهێنەرانی ئینگلتەرا داوا دەکات لە کاتی راهێناندا لێدانی تۆپ بە سەر لە لایەن یاریزانانەوە قەدەغە بکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەى چەندین لێکۆڵینەوە دوپاتیان کردۆتەوە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن ئەمە دەبێتە هۆی نەخۆشی زەهایمەر.
ئەم داواکارییەکەی راهێنەران دوای مردنی نۆبی ستایلزی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەى ئینگلتەرا هات لە مانگی رابردوو.
ستایلز و چەندین یاریزانی تری ئینگلتەرا کە براوەى مۆندیالی 1966 بوون پێش مردنیان توشی نەخۆشی زەهایمەر بوون و بۆبی چارلتۆنی ئەفسانەش کە ئێستا تەمەنی 83 ساڵە ئەویش بەدەست هەمان نەخۆشییەوە کێشەی زۆری بۆ دروست بووە.
سلاڤن بیلیچی راهێنەری وێست برۆمیچ لە لێدانێکی ئاماژەی بەوەداوە لێدانی تۆپ بەسەر لە راهێنان بۆ ماوەى 10 جار دەبێتە هۆی ئەوەى لە داهاتوو توشی نەخۆشی زەهایمەر بیت بۆیە پێویستە رێگری لێبکرێت.
فرانک لامپاردی راهێنەری چێڵسیش لای خۆیەوە ئاماژەی بەوەداوە بیر لەوە دەکاتەوە شێوازی راهێنان بگۆڕێت و دوپاتیشی کردۆتەوە پێی باشە لەکاتی راهێنان سەرەتا پێویستە رێگ بە یاریزانانی لاو و تازە پێگەیشتوو نەدرێت بەسەر لە تۆپ بدەن و دواتر لە تیپە پێشکەوتوەکان ئەوە جێ بەجێ بکرێت.
هۆکاری داواکارییەکەش بۆ نەهێشتنی راهێنان کردن لەسەر لێدان بەسەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە زۆرینەى یانەکان راهێنانی تایبەت بەو بوارەیان هەیە بۆیە لەکاتی راهێنان یاریزانان زۆرترین تۆپ بەسەر لێدەدەن، بەڵام لە کاتی یاریدا ئەمە کەمترە.
بەپێی زۆرێک لە سەرچاوەکانیش هۆکاری ئەوەى کە یاریزانە کۆنەکان زیاتر توشی نەخۆشی زەهایمەر بوون دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى لە رابردوودا تۆپی یاریکردن کێشی زیاتر بووەو زیانی زیاتری بەسەری یاریزانان گەیاندوە.

سەنگەر خۆشەوی_سلێمانی