هەواڵ

ناوه‌ڕاستكاره‌ كورده‌كه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى سوریا بژارده‌ى یانه‌ى ریاڵ بیتیسى ئیسپانیایه‌

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

ناوه‌ڕاستكاره‌ كورده‌كه‌ى یانه‌ى خریتیات-ى قه‌ته‌رى و هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى سوریا له‌لایه‌ن یانه‌یه‌كى لا لیگاى یانه‌كانى ئیسپانیا-وه‌ چاودێرى ده‌كرێت.

محه‌مه‌د عوسمان-ى ناوه‌ڕاستكارى لاو و نێوده‌وڵه‌تى كورد و هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى سوریا كه‌ ئێستا له‌خولى تۆپى پێى ئه‌ستێره‌كانى قه‌ته‌ر (قه‌ته‌ر ستار لیگ)ى بۆ یانه‌ى خریتیات یارى ده‌كات، له‌لایه‌ن یانه‌ى ریاڵ بیتیس-ى ئیسپانییه‌وه‌ بایه‌خى پێده‌درێ بۆ جێگره‌وه‌ى یه‌كێك له‌یاریزانه‌ پێكراوه‌كانى.

محه‌مه‌د-ى ته‌مه‌ن 26 ساڵ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئیسكۆ-ى ئه‌ستێره‌ى یانه‌ى ریاڵ مه‌درید و هاكان-ى ئه‌ستێره‌ى یانه‌ى ئه‌ى سى میلان و سانشێز ئه‌ستێره‌ى یانه‌ى لیل و جۆلۆڤین-ى ئه‌ستێره‌ى یانه‌ى مۆناكۆ و چه‌ند یاریزانێكى تر وه‌ك بژارده‌ى یانه‌ى ریاڵ بیتیس دیاری كراون تا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ یه‌كێكیان بكرێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌ى ئیستادیۆ دیپۆرتیڤۆ-ى ئیسپانى له‌ڕاپۆرته‌ هه‌واڵێكیدا پرسیویه‌تى كه‌ تا كرانه‌وه‌ى بازاڕى زستانه‌ى كڕین و فرۆشتن و هاتن و چوونى یاریزانان له‌نێوان یانه‌كان له‌مانگى كانوونى دووه‌مى 2021، مانوێل پلیگرینى ئه‌رژه‌نتینى و راهێنه‌رى یانه‌ى ریاڵ بیتیس-ى ئیسپانى چۆن جێگره‌وه‌ى سێرجیۆ كانالیس-ى یاریزانى پێكراوى یانه‌كه‌ى دیارى ده‌كات.

هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ كه‌ بۆ شوێنى ئه‌م یاریزانه‌ یانه‌كه‌ 12 یاریزانى ده‌ستنیشان كردووه‌ و چاودێرییان ده‌كات تا له‌مێركاتۆى زستانه‌دا یه‌كێكیان بباته‌ ریزه‌كانى و یه‌كێك له‌یاریزانه‌كانیش محه‌مه‌د عوسمان-ى یاریزانى پیشه‌گه‌رى كوردى دانیشتووى هۆڵه‌ندایه‌ كه‌ كوردى رۆژئاواى كوردستانه‌ و له‌شارى قامیشلۆى له‌دایكبووه‌.

*ئه‌و 12 یاریزانه‌ى كراونه‌ته‌ ئامانج:
محه‌مه‌د عوسمان/ خریتیات، ئیسكۆ/ ریاڵ مه‌درید، ئه‌گیر ئاكیتكس/ ئه‌لمیریا، ئه‌لیسۆن/ گریمیۆ، هاكان شلهانۆغلۆ/ ئه‌ى سى میلان، نه‌دیم ئه‌میرى/ بایه‌ر لیڤه‌ركوزن، باكستۆن بومیكاڵ/ دى سى دالاس، ئه‌لیكسانده‌ر جۆلۆڤین/ مۆناكۆ، ریناتۆ سانشێز/ لوسك لیل، جامیرۆ مۆنتیرۆ/ ئیتیحاد ڤیلادلڤوا، غه‌یاس زاهید/ ئه‌پۆێل، خواكین سانشێز/ ریاڵ بیتیس.