ئوسامه پیاوى یارى نێوان یانه‌كه‌ى و یانه‌ى پۆرتۆیه

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
ئوسامه ره‌شید-ى یاریزانى پیشه‌گه‌رى كوردى دانیشتووى هۆڵه‌ندا به‌پیاوى یارى نێوان یانه‌كه‌ى (سانتا كلارا) و (پۆرتۆ) له‌خولى نایابى یانه‌كانى پۆرتوگالى وه‌رزى 2020-2021 هه‌ڵبژێردرا.
ئوسامه ره‌شید-ى كاپتنى یانه‌ى سانتا كلارا-ى پۆرتوگالى له‌یارى به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ى پۆرتۆ-ى به‌ناوبانگ له‌هه‌فته‌ى هه‌شته‌مى خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى پۆرتوگال كه رۆژى 28-11-2020 ئه‌نجامدرا و تیایدا 0-1 یارییه‌كه‌یان دۆڕاند، به‌هۆى ئه‌و ئاسته به‌رزه‌ى له‌ماوه‌ى 78 خولهك یاریكردنیدا پێشكه‌شى كرد و وه‌ك ژهنهڕڵى مه‌یدان ناوه‌ندى یاریگاى كۆنتڕۆڵ كردبوو، له‌لایه‌ن هانده‌رانى یانه‌كه‌یه‌وه به‌شێوه‌ى ئۆنلاین به (پیاوى یارییه‌كه) هه‌ڵبژێردرا.

له‌یارییه‌كه‌دا ئوسامه‌ى ته‌مه‌ن 28 ساڵ رۆڵى كاراى بینى و زۆر چالاكانه له‌یاریگادا ده‌ركه‌وت و زۆربه‌ى ئه‌و شێوازه هێرشبردنهى یانه‌كه‌ى په‌یڕه‌وى ده‌كرد تۆپه‌كانى له‌لاى ئه‌وه ئاراسته ده‌كران و له 34 پاسدا كه له‌یارییه‌كه‌دا بههاوڕێكانى داوه 33 پاسى دروست بووه و جگه له‌مه‌ش له‌هه‌ر 8 یارى یانه‌كه‌یدا به‌شێوه‌ى سه‌ره‌كى 619 خولهك سه‌ركردایه‌تى یانه‌كه‌ى كردووه و یارى ژماره 115ى خۆى له‌گه‌ڵ یانه‌ى سانتا كلارا ئه‌نجامدا و بووه خاوه‌ن زۆرترین یارى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی و جگه له‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و یاریزانانه‌ى زۆرترین گۆڵیشى بۆ یانه‌كه كردووه كه 24 گۆڵه.

شایه‌نى باسه ئوسامه جه‌بار شه‌فیق ره‌شید كه له‌دایكبووى شارى كه‌ركوكى كوردانه و وه‌رزه‌كانى (2017-2018، 2018-2019، 2019-2020، 2020-2021) له‌گه‌ڵ یانه‌ى سانتا كلارا-ى پۆرتوگالی 115 یارى له‌خوله‌كانى پله دوو هه‌روه‌ها نایاب و جامى خولى یانه‌كانى پۆرتوگال و خولى جامى یانه‌كانى پۆرتوگال ئه‌نجامداوه و خاوه‌ن 24 گۆڵى تۆمار كرا‌و و 15 گۆڵى سازكراوه.
