هەواڵ

ناوه‌ڕاستكارێكى كورد له‌نێو ئه‌ستێره‌كانى هه‌فته‌ى یه‌كێتى تۆپى پێى ئاسیا دایه‌

سه‌نگه‌ر زرار- Kurd Sport

به‌به‌شدارى ناوه‌ڕاستكارێكى كوردى خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید، له‌مڕۆوه‌ ده‌نگدان بۆ دیاریكردنى (ئه‌ستێرى هه‌فته‌) له‌نێوان یاریزانانى پیشه‌گه‌رى ئاسیا ده‌ستیپێكرد.

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 2-12-2020 وێبسایتى یه‌كێتى تۆپى پێى ئاسیا ناوى ئه‌و باشترین 10 یاریزانه‌ى دیاریكرد كه‌ یاریزانى 6 وڵاتن و كێبڕكێ له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ى نازناوى (ئه‌ستێره‌ى هه‌فته‌) ده‌كه‌ن كه‌ هه‌فتانه‌ یه‌كێتییه‌كه‌ له‌نێوان یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى كیشوه‌ره‌كه‌ دیارى ده‌كات.

ئه‌م 10 یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌ له‌ماوه‌ى رۆژانى 25-11 تا 1-12-2020 له‌گه‌ڵ یانه‌كانیاندا ئاستێكى به‌رزیان پێشكه‌ش كردووه‌ و ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2-12 تا رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو 5-12-2020 ده‌نگدان له‌ڕێگه‌ى ئۆنلاین له‌ڕێگه‌ى له‌وێبسایتى یه‌كێتى تۆپى پێى ئاسیا (the-afc.com) به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ڕاپرسییه‌كه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا یاریزانى پیشه‌گه‌ر و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردى فه‌یلى عێراق (ئه‌حمه‌د یاسین غه‌نى) ناوه‌ڕاستكارى یانه‌ى بى كه‌ى هێكن-ى به‌شدار له‌خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید (ئاڵسڤێنسكان) ناوی له‌پاڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (جونیا ئیتۆ/ ژاپۆن له‌یانه‌ى گنك، تاكیهیرۆ ئۆمیاسو/ ژاپۆن له‌یانه‌ى بۆلۆنیا، دایچى كامادا/ ژاپۆن له‌یانه‌ى ئینتراخت فرانكفۆرت) و (شه‌هاب زاهیدى/ ئێران له‌یانه‌ى ئۆڵۆمپیك دۆنتسك، كه‌ریم ئه‌نسارى فه‌رد/ ئێران له‌یانه‌ى ئایك ئه‌سینا) و (ئۆیر مابێل/ ئوسترالیا له‌یانه‌ى میدتیلاد، نیكیتا روكاڤیتسیا/ ئوسترالیا له‌یانه‌ى ماكابى حه‌یفا) و (ئیلدۆر شاملادۆڤ/ ئۆزبه‌كستان له‌یانه‌ى جه‌نه‌وا) و (پارڤیزجۆن عومه‌ربۆڤـ/ تاجیكستان له‌یانه‌ى لۆكۆمۆتیڤ پلۆڤدیڤ) هاتووه‌.

هه‌ڵبژاردنى ئه‌حمه‌د یاسین-ى ته‌مه‌ن 29 ساڵ پاش ئه‌وه‌هات كه‌ له‌دوایارى یانه‌كه‌ى به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ى ئۆریبرۆ ئێس كه‌ى له‌هه‌فته‌ى 29ى خولى نایابى یانه‌كانى سوید توانى به‌ئاستێكى به‌رز ده‌ربكه‌وێت و یانه‌كه‌ى 3-0 براوه‌ بێت و خۆشى له‌ماوه‌ى 90 خوله‌ك یاریكردندا 1 گۆڵ تۆماربكات و به‌ڕێژه‌ى 80% پاسه‌كانى به‌دروستى بدات.

ده‌توانن له‌م لینكه‌وه‌ ده‌نگ به‌ناوه‌ڕاستكارى كورد (ئه‌حمه‌د یاسین) بده‌ن:

https://www.the-afc.com/news/afcsection/vote-for-your-afc-international-player-of-the-week-x7813

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close