پێكان كاپتنه كورده‌كه‌ى یانه‌ى ئیستقلال لهپڕۆ لیگ داده‌بڕێت

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
له‌یارى داهاتوویدا له‌خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران (پڕۆ لیگ)، یانه‌ى ئیستقلال-ى تاران له‌تواناكانى كاپتنه كورده‌كه‌ى بێبه‌ش ده‌بێت.
یانه‌ى ئیستقلال-ى تارانى ئێرانى له‌باره‌ى بارودۆخى وریا غه‌فورى به‌رگریكارى به‌ئه‌زموونى كورد و كاپتنى یانه‌كه‌یان دوو هه‌واڵى جیاوازى بڵاوكردوه و سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ى راگه‌یاند كه یاریزانه‌كه‌یان دووچارى پێكان بووه و ناتوانێت به‌شدارى له‌یارى داهاتووى نێوان یانه‌كه‌یان و یانه‌ى سه‌نعه‌ت نه‌فت عه‌بادان بكات كه یارییه‌كه رۆژى 7ى كانوونى یه‌كه‌مى 2020 ئه‌نجامده‌درێت، كه‌چى چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌م به‌سه‌ر هه‌واڵه‌كه تێپه‌ڕى نه‌كرد، یانه‌كه ئه‌وه‌ى ئاشكراكرد كه كاپتن وریا دووچارى پێكان نه‌بووه، به‌ڵام كیسێكى له‌ناوچه‌ى مینیسك-دا هه‌یه و بۆ ئه‌مه‌ش پێویستى به‌چاره‌سه‌ره و پاش وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى پێویست ده‌ست به‌یارى ده‌كاته‌وه.

زۆربه‌ى سه‌رچاوه رۆژنامه‌وانییه‌كان ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو كه وریا غه‌فورى ته‌مه‌ن 33 ساڵ بۆ یه‌ك یارى یانه‌كه‌ى ناتوانێت یارى بكات و به‌دیاریكراویش له‌یارى به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ى سه‌نعه‌ت نه‌فت عه‌بادان، به‌ڵام هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ى تر باس له‌وه ده‌كه‌ن كه پێكانه‌كه‌ى وریا درێژخایه‌ن ده‌بێت و بۆ ماوه‌یه‌كى زیاتر له‌یاریگا و یاریكردن داده‌بڕێت و به‌پێى وته‌كانى دكتۆر سیاپۆش-ى پزیشكى یانه‌ى ئیستقلال-یش بێت، وریا به‌ده‌ست ئازارى مینیسك ده‌ناڵێنێت و پاش وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌توانى یارى بكاته‌وه، واتا روون نییه ئه‌م یاریزانه چه‌ند ماوه‌ى پێویسته بۆ چاره‌سه‌ر و كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه.

شایه‌نى باسه وریا غه‌فورى سنه‌یی تائێستا له‌گه‌ڵ یانه شین پۆشه‌كه‌ى تارانى پایته‌خت (ئیستقلال)، له‌وه‌رزى 2020-2021ى خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران (پڕۆ لیگ)، له 4 یاریدا 360 خولهك ده‌ركه‌وتووه و توانیویه‌تى 2 گۆڵ تۆمار بكات كه یه‌كێكیان بهپهناڵتى بووه.
