چالاكی ناوه‌ند

شەوێکی جیاواز لەناو بەفرێکی سپی و تەزیوو

(حەساری سەکران گۆمی بێ کۆدیان)
هەر هەنگاوێکمان ئەزمونێکی نوێیە_ دەستەی شاخەوانی لوتکە
کاری جوان ماند و بوون و دژاواری لە بەردەمە.
بڕیادان و هەنگاونان و هاوسۆزی و هاوکاری و لەخۆبووردوویی پێویستە.
ڕۆژی هەینی ٢٠٢٠/١٢/٤ بە تیمێکی هەشت کەسی بەرەو دەڤەرە دڵگیرەکەی باڵەکایەتی و شاخی سەکرانی زنجیرە چیای قەندیل و گۆمی بێکۆدیان بەڕێ کەوتین.


پێش نیوەڕۆی هەمان رۆژ لە پرژەوە هەنگاوەکانمان دەستپێکرد بەرەو ئامانجی دیاریکراو.
بەسەر بەفری سپی و نەرمی لەسەر یەک کەڵەکەبوو هەنگاومان دەناو و ناوبەناو رادەوەستاین و لەگەڵ گۆڕینی پێشەنگی کارواندا پشوویەکمان دەدا و ماندووییمان دەحەساندەوە.


سەختی رێگا ورەی پتەوتر دەکردین. هەموومان لێبڕابوون کە دەبێ بگەینە ئامانج. بەدەم رێکردنەوەگەیشتینە تاڤگەی بەرز و بەستووی کانیەڕەشی شاجوانی تاڤگەکانی ناوچەکە، دیمەنی تاڤگە و چواردەوری مانوویی لە جەستەماندا نەهێشت، ئەو دێمەنە ئەفسوناوی و دڵگیرە چێژی گەشتەکەی چەند هێندە زیاد کرد.
پاش چەند کاتژمێر بڕینی بەفرێکی زۆر، بە ڕاوێژ شوێنێکی سەلامەتمان بۆ دانانی کەمپ دەستنیشان کرد. لەوێ شەوێکی جیاوازمان لەسەر بەفری سپی و تەزیو، لەژێر ئاسمانی پڕ لە جوانی و بوونی کزەبای شاخە سارد و بەهەیبەتدا بەڕێ کرد. دەنگی کزە با لە سپیایی بەفر و هەیبەتی شاخەکاندا سەمفۆنیایەکی سامناک و لە هەمانکاتدا لەبیرنەکراو پڕ یادگاری دروست کردبوو.


تاریک روونی بەیانی رۆژی شەممە ٢٠٢٠/١٢/٥ خۆمان پێچایەوە، دەستمان بە شکاندنی بەفر و بڕینی رێگای بەردەممان کرد. بەفرەکە وەک بڵێی ململانێت لەگەڵ بکات و بیهەوێ تاقیت بکاتەوە، تا دەهات بڕینی رێگا سەختر و دژوارتر دەبوو. ئیرادە بەهێز و ورە بەرز بووین.
کۆڵمان نەدا تا گەیشتینە سەر گۆمە بەرز و ئەفسوناویەکەی بێکۆدیان کە دوا ئامانجی بەرنامەکەمان بوو. چێژ گەیشتنمان بەوێ و یەکتر لە ئامێز گرتن سەختی و سەخڵەتی و شەکەتی رێگای لەبیر بردینەوە.


خۆشەویستیمان بۆ هەموو شاخەوانانە.