ژیانی ئەستێرەكان

ژیانی پاولۆ رۆسی ئەفسانەی تۆپی پێی ئیتاڵیا

پاولۆ رۆسی ئیتاڵی ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی تۆپی پێی وڵاتەکەی و جیهان ئەمڕۆ لەتەمەنی ٦٤ ساڵی ماڵئاوایی لێکردین و لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک دەستکەوت و سەروەریی و گۆڵ و نازناوی پێچایەوە.

رۆسی تەمەنێکی کورتی هەبوو لەیاریی کردن بەڵام سەروەرییەکی گەورەی بۆخۆی چنیەوە، ئەویش بەدەرهێنانی نازناوی مۆندیالی ١٩٨٢ بوو لەچنگی بەڕازیل و ئەرجەنتین، لەو مۆندیالەدا بەتەنها خۆی ٣ گۆڵی لەبەڕازیل کرد و تیپەکەی بەئەنجامی ٣ گۆڵ بەرامبەر بە ٢ براوەبوو.

رۆسی لەمۆندیالی ١٩٨٢ بەرامبەر بەڕازیل

هەر لەو مۆندیالە جگە لەپاڵەوان بوون رۆسی خۆشی گۆڵکار و باشترین یاریزان بوو، کەئەوە تەنها رۆسی و دوو یاریزانی تر بەدەستیان هێناوە ئەوانیش گارینشای بەڕازیلی لەمۆندیالی ١٩٦٢ و ماریۆ کێمپسی ئەرجەنتینی لەمۆندیالی ١٩٧٨.

چیرۆکی سەیری رۆسی لەمۆندیالی ١٩٨٢ چاوەڕواننەکراوبوو، ئەو یاریزانە دوو ساڵ بەر لەمۆندیالەکە لەرووداوی ئابڕوبەرانەی گرەوکردن لەسەر یاریی تێوەگلابوو (یاریزانان و راهێنەران و کەسانی سەر بەیانەکان بۆیان نییە گرەو لەسەر یارییەکان بکەن تاوەکو کڕین و فرۆشتنی یاریی روونەدات) بەهۆی ئەوەوە سێ ساڵ سڕکرا، بەڵام پێش مۆندیال سزاکەی بۆ کەمکرایەوە و هەرچەندە لەو بڕوایە نەبوو کەئاستێکی باش پێشکەش بکات، بەڵام ئەوەی بەخەیاڵی کەسدا نەدەهات روویدا.

ئەو یاریزانە لەو مۆندیالە هەموو دەستکەوتە تاکە کەسی و بەکۆمەڵەکانیشی بەدەستهێنا و بۆ هەمووانی سەلماند کەبێبەشکردن و راگرتنی لەیاریی نەبۆتە هۆی مردنی ئەو بەهرە و توانایەی هەیەتی.

یاریی کردنی رۆسی تەنها بۆ یانەکانی ئیتاڵیا بووە بۆ هەریەکە لە یۆڤێنتۆس، ئەی سی میلان، پیرۆجیا، ڤیچێنزیا، کۆمۆ و هێلاس ڤیرۆنا یاریی کردووە، کە بەسەرجەمیان ٢٥١ یاریی کردووە و ١٠٣ گۆڵی تۆمارکردووە.

بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی خاوەنی ٤٨ یاریی نێودەوڵەتییە و ٢٠ گۆڵیشی تۆمارکردووە، خاوەنی چەندین دەستکەوتی جیهانییە و ناوی لەریزی ١٠٠ یاریزانە ئەفسانەییەکانی تۆپی پێدا هەیە، دوای وازهێنانی لەیاریی کردن لەبواری خانوبەرەدا کاری کردووە و ماوەیەکیش سەرۆکی خولی پلە سێی وڵاتەکەی بووە، لەساڵانی کۆتایی ژیانیدا تاوەکو کاتی مردنی وەک شیکەرەوەی وەرزشی لەکەناڵەکانی سکای و میدیاسێت و رای سپۆرت کاری کردووە، هۆکاری مردنەکەشی نەخۆشی ماسولکەیی بووە.

په‌یوه‌ندی دار

Close