كاپتنه كورده‌كه بۆ یارییه‌كانى پڕۆ لیگ یاوه‌ریی یانه‌كه‌ى ده‌كاته‌وه

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
كاپتنه كورده‌كه‌ى یانه‌ى ئیستقلال-ى تاران پاش هه‌فته‌یه‌ك دابڕان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نێو یاریگاكان و بۆ یارییه‌كانى داهاتوویان لهپڕۆ لیگى یانه‌كانى ئێران یاوه‌رى یانه‌كه‌ى ده‌كاته‌وه.

وریا غه‌فورى به‌رگریكارى به‌ئه‌زموونى كورد و كاپتنى یانه‌ى ئیستقلال-ى شین پۆش كه به‌هۆى دروستبوونى كیسێك له‌ناوچه‌ى مینیسك-دا، مه‌ترسیی ئه‌وه‌ى لێده‌كرا بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر له‌یاریگا و یاریكردن داببڕێت و یانه‌كه‌ى له‌توانا و سه‌ركردایه‌تى كردنیدا بێبه‌ش بێت، به‌پێى نوێترین هه‌واڵ له‌سه‌ر ته‌ندروستى، پزیشكه تایبه‌تمه‌نده‌كان ئه‌وه‌یان پێ راگه‌یاندووه كه پاش ته‌واوبوونى یه‌ك هه‌فته لهپشووهكهى و دابڕانى له‌یاریگا و یاریكردن، هیچ كێشه‌یه‌كى ئه‌وتۆى نه‌ماوه و ده‌توانێت له‌یارییه‌كانى داهاتوودا یاوه‌رى تیپه شین پۆشه‌كه‌ى بكات و له‌خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران (پڕۆ لیگ)ى وه‌رزى 2020-2021 به‌شداریی بكات.

پێشووتر یانه‌ى ئیستقلال-ى تاران له‌باره‌ى بارودۆخ و ته‌ندروستى كاپتن وریا غه‌فورى سنه‌یی، ئه‌وه‌ى راگه‌یاند كه كاپتنه‌كه‌یان به‌هۆى دروستبوونى كیسێك له‌ناوچه‌ى مینیسك-دا ناتوانێت به‌شدارى له‌یه‌ك یارى یانه‌كه‌یدا بكات و پێویستى به‌چاره‌سه‌ره و پاش وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى پێویستیش ده‌ست به‌یارى كردن ده‌كاته‌وه.

شایه‌نى باسه وریا غه‌فورى ته‌مه‌ن 33 ساڵ له‌شارى سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌دایكبووه و له‌وه‌رزى 2016-2017ه‌وه تائێستا بۆ یانه‌ى ئیستقلال-ى شین پۆش له‌تارانى پایته‌خت به‌درێسى ژماره 21 له‌هێڵى به‌رگریدا یارى ده‌كات و له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌شدا خاوه‌نى 129 یارى و 20 گۆڵ و 24 پاسى گۆڵه، (96 یارى و 15 گۆڵ) له‌خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران/ پڕۆ لیگ، (9 یارى و 2 گۆڵ) له‌خولى جامى یانه‌كانى ئێران و (24 یارى و 3 گۆڵ) له‌خولى جامى یانه پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا (ئه‌ى ئێف سى چامپیۆنس لیگ).
