هەواڵ

لەسەر موسوڵمانانی چین گریزمان گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای هواوی هەڵوەشاندەوە

ئەنتوان گریزمان یەک لایەنە هەڵسا بەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە درێژخایەنە سپۆنسەرییەکەی لەگەڵ کۆمپانیای هواوی چینی ئەوەش دوای ئەوەی دەرکەوت کۆمپانیاکە لەڕێی ئەپڵیکەیشنێکەوە داتا و شوێنی موسوڵمانەکانی ئۆیگۆری داوەتە دەسەڵاتدارانی چین.

گریزمان لەئەکاونتی فەرمی خۆی دەقی ئەو بەیاننامەیەی بڵاوکردەوە کەتێیدا بابەتی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە و هۆکارەکەی باسکردووە و تێیدا هاتووە پێویستە کۆمپانیای هواوی بڕوا و متانەی خۆی لەپاراستنی مافەکانی مرۆڤدا بەکاربهێنێت نەک بەجۆرێکی تر.

هێشتا وردەکاریی گرێبەستەکەی گریزمان و کۆمپانیای هواوی دیارنیە، بەڵام پێدەچێت خاڵێکی هاوبەشی تێدابێت کەکاتێک هەر لایەنێکی گرێبەستەکە تاوانێک یان سەرپێچییەکی گەورە ئەنجام بدات ماف بداتە لایەنەکەی تر سەربەخۆ و تاک لایەنە گرێبەستەکە هەڵوەشێنیتەوە.