هەواڵ

هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراق له‌ئاینده‌دا پشت به‌ شه‌ش یاریزانى لاوى كورد ده‌به‌ستێت

سه‌نگه‌ر زرار- Kurd Sport

بۆ ئاماده‌كارییه‌كانى داهاتووى هه‌ڵبژارده‌كه‌، راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراق داواى سێ یاریزانه‌ كورده‌كه‌ى خوله‌كانى ئینگلته‌را و سوید و دانیماركى كردۆته‌وه‌ و چاوى بڕیوه‌ته‌ سێ یاریزانى ترى كوردی خوله‌كانى ئیتاڵیا و هۆڵه‌ندا و دانیمارك.

قه‌حتان جه‌سیر-ى راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراق بۆ هه‌ردوو یارى دۆستانه‌ى هه‌ڵبژارده‌كه‌ى به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ى ئۆڵۆمپى لوبنان كه‌ دوو یارى ئاماده‌كاریی ده‌بێت و رۆژانى 6 و 9-1-2021 به‌ڕێوه‌ده‌چێت، داواى له‌یانه‌كانى كریستاڵ پاڵاس-ى ئینگلیزى و برۆندبى دانیماركى و فالكنبێرگ-ى سویدى رێگه‌ به‌ (كاردۆ سدیق و مه‌تین دیار و نه‌دیم عومه‌ر) تا له‌هه‌ردوو یارییه‌كه‌ دۆستانه‌كه‌ و پاڵه‌وانێتییه‌كى دۆستانه‌ى توركیا ئاماده‌ییان هه‌بێت كه‌ ئه‌میش رۆژى 17-1-2021 ده‌ستپێده‌كات و وابڕیاره‌ جگه‌ له‌هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراق، هه‌ڵبژارده‌كانى (چیلى و ئۆزبه‌كستان و توركیا) به‌شدارى تێدا بكه‌ن.

نەدیم عومەر – مەتین دیار – كاردۆ سدیق

هه‌روه‌ها بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ى توركیا راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراق داواى كردووه‌ كاروباره‌كانى تایبه‌ت به‌سه‌ڵماندنى عێراقیبوونى چه‌ند یاریزانێكى ترى عێراقى نیشته‌جێى ئه‌وروپا به‌زووترین كات ته‌واوبكرێت تا بۆ كۆتاییه‌كانى پاڵه‌وانێتی لاوانى ئاسیا سوود له‌تواناكانیان وه‌ربگرێت، له‌نێو ئه‌و یاریزانانه‌شدا ناوى هه‌ر سێ یاریزانى لاوى كورد (شوان سیروان) ناوه‌ڕاستكارى تیپى لاوانى یانه‌ى لازیۆ-ى ئیتاڵیا و (محه‌مه‌د حه‌سه‌ن) گۆڵپارێزى تیپى لاوانى یانه‌ى كۆپنهاگن و (بڵند حه‌سه‌ن) ناوه‌ڕاستكارى تیپى لاوانى یانه‌ى دى گرافشاپ-ى هۆڵه‌ندا هاتووه‌.

بڵند حەسەن – محەمەد حەسەن – شوان سیروان

به‌مه‌ش ئه‌گه‌ر هات و ئه‌م سێ یاریزانه‌ش بگه‌نه‌ ریزى هه‌ڵبژارده‌كه‌، ئه‌وا بۆ كۆتاییه‌كانى پاڵه‌وانێتى لاوانى ئاسیا-ى ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵان كه‌ مانگى ئازارى ساڵى 2021ى داهاتوو له‌وڵاتى ئۆزبه‌كستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌وا ژماره‌ى یاریزانه‌ كورده‌كان ده‌بێته‌ شه‌ش یاریزان، چونكه‌ له‌پێشوودا هه‌ریه‌كه‌ له‌ (كاردۆ سدیق) به‌رگریكارى تیپى لاوانى یانه‌ى كریستاڵ پاڵاس-ى ئینگلیزى و (مه‌تین دیار) به‌رگریكارى تیپى لاوانى یانه‌ى برۆندبى دانیماركى و (نه‌دیم عومه‌ر) گۆڵپارێزى تیپى لاوانى یانه‌ى فالكنبێرگ-ى سویدى پاش تاقیكردنه‌وه‌یان له‌دوو یارى دۆستانه‌دا، متمانه‌ و ره‌زامه‌ندى راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌كه‌یان به‌ده‌ستهێنا.

په‌یوه‌ندی دار

Close