مۆرینهۆ و لیكۆ ستاییشى گۆڵپارێزێكى پیشه‌گه‌رى كورد ده‌كه‌ن

سه‌نگه‌ر زرار- Kurd Sport
هەریەكە لە خۆزیه مۆرینهۆ-ى پۆرتوگالى و راهێنه‌رى یانه‌ى تۆتنهام هۆتسپیر-ى ئینگلیزى و ئیڤان لیكۆ-ى كرواتى و راهێنه‌رى یانه‌ى رۆیاڵ ئهنتویرپ-ى به‌لژیكایی لەلایەن خۆیانەوە ستاییشى گۆڵپارێزێكى پیشه‌گه‌رى كورد ده‌كه‌ن.

*له‌پێكهاته‌ى نموونه‌یی ئه‌وروپا لیگدا شوێنى خۆى كرده‌وه
پاش ئه‌و ئاسته به‌رزه‌ى له‌یارى نێوان یانه‌كه‌ى (رۆیاڵ ئهنتویرپ)ى به‌لژیكایی و تۆتنهام هۆتسبیر-ى ئینگلیزى له‌قۆناغى گروپهكانى خولى ئه‌وروپا بۆ یانه‌كان (ئه‌وروپا لیگ)ى وه‌رزى 2020-2021 پێشكه‌شى كرد و تیایدا به‌درێژایی 90 خوله‌كى چه‌ندین شووت و هێرشى یاریزانانى یانه ئینگلیزییه‌كه‌ى دوورخسته‌وه، عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ى گۆڵپارێزى كوردى (له‌ك) له‌لایه‌ن وێبسایتى سۆفا سكۆر (sofascore) له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنى ئاستیدا به‌وه‌رگرتنى 8 خاڵ بووه باشترین یاریزانى یانه‌كه‌ى، هه‌ر ئه‌م وێبسایته جیهانییه ناوه‌كه‌ى خسته‌نێو پێكهاته‌ى نموونه‌یی باشترین 11 یاریزانى جه‌وله‌ى شه‌شه‌م و كۆتایی قۆناغى گروپهكانى خوله‌كه.

لیكۆ: به‌شێوه‌یه‌كى باش یاریكرد
له‌لایه‌كى تره‌وه ئیڤان لیكۆ-ى كرواتى و راهێنه‌رى رۆیاڵ ئهنتویرپ-ى به‌لژیكایی پاش یارییه‌كه و له‌باره‌ى دانانى ناوى بیرانوند له‌پێكهاته‌ى سه‌ره‌كى و ئه‌نجامدانى یه‌كه‌م یارى فه‌رمى خۆى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا، به‌میدیاكانى وڵاته‌كه‌ى راگه‌یاند و وتى: بیرانوند له‌نێو گۆڵى ئهنتویرپ به‌شێوه‌یه‌كى باش یاریكرد، شایسته‌ى ئه‌وێ بوو، ئه‌و توانایه‌كى هونه‌رى زۆر باشى هه‌یه و له‌ژێر هیچ فشارێكیش یارى پێ نه‌كردووه.

مۆرینهۆ: تۆ گۆڵپارێزیكى زۆر باشى
هه‌روه‌ها عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ى ته‌مه‌ن 27 ساڵ كه پاش یارییه‌كه له‌ژوورى خۆگۆڕینى یاریزانان له‌نزیكه‌وه خۆزیه مۆرینهۆ-ى پۆرتوگالى و راهێنه‌رى یانه‌ى تۆتنهام هۆتسپیر-ى ئینگلیزى بینیوه و وێیهكى سێلفى له‌گه‌ڵدا چركاندووه، راهێنه‌رى ناوبراو له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ستاییشى ئاستى به‌رزى كردووه و پێى وتووه ئه‌مشه‌و تۆ زۆر باش بووى، تۆ گۆڵپارێزیكى زۆر باشى.


