هەواڵ

یه‌كه‌م گۆڵى به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى سوریا له‌خولى نایابى كوێتى

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

ئه‌حمه‌د ئه‌لساڵح-ى به‌رگریكارى به‌ئه‌زموونى كورد و كاپتنى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى سوریا یه‌كه‌م گۆڵى خۆى له‌م وه‌رزه‌ 2020-2021 له‌گه‌ڵ یانه‌ كوێتییه‌كه‌ى تۆماركرد.

رۆژى 11ى كانوونى یه‌كه‌مى 2020 یانه‌ى ئه‌لعه‌ره‌بى كوێتى به‌به‌شدارى سه‌ره‌كى ئه‌حمه‌د ئه‌لساڵح-ى به‌رگریكارى پیشه‌گه‌ر و به‌ئه‌زموونى كورد له‌یارییه‌كانى هه‌فته‌ى 12ى خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى كوێت بووه‌ میوانى یانه‌ى خه‌یتان و سه‌ره‌نجامیش توانى سێ گۆڵ و سێ خاڵى لێوه‌ربگرێت و پێنجه‌م بردنه‌وه‌ى ئه‌م وه‌رزه‌ش تۆماربكات.

له‌نیوه‌ى یه‌كه‌مى یارییه‌كه‌دا هه‌ردوولا به‌بێ گۆڵ یه‌كسانبوون و له‌خوله‌كه‌كانى 57 و 78 و 90+3دا یانه‌ى ئه‌لعه‌ره‌بى نیوه‌ى دووه‌میان برده‌وه‌ و ئه‌نجامى كۆتایی یارییه‌كه‌یان 3-0 له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان یه‌كلاكرده‌وه‌، گۆڵى سێیه‌مى یانه‌ى ئه‌لعه‌ره‌بى له‌م دیداره‌دا ئه‌حمه‌د ئه‌لساڵح-ى ته‌مه‌ن 30 ساڵ و به‌رگریكارى كوردى یانه‌كه‌ به‌په‌ناڵتى تۆمارى كرد، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م گۆڵى بوو له‌خولى ئه‌م وه‌رزه‌ 2020-2021 بۆ یانه‌كه‌ى تۆمارى بكات، ئه‌مه‌ش له‌كۆى 10 یاریدا كه‌ به‌شێوه‌ى سه‌ره‌كى به‌شدارى تێدا كردووه‌.

به‌م ئه‌نجامه‌ و پاش كۆتاییهاتنى یارییه‌كانى هه‌فته‌ى 12ى خوله‌كه‌ له‌قۆناغى یه‌كه‌مدا، یانه‌كه‌ى ئه‌حمه‌د ئه‌لساڵح (ئه‌لعه‌ره‌بى) كه‌ یارییه‌كى دواخراویشى ماوه‌ ئه‌نجامیبدات، به‌ 18 خاڵ له‌ 11 یارى (5 بردنه‌وه‌ و 3 یه‌كسانبوون و 3 دۆڕاندن) و (16-13 گۆڵ) له‌خانه‌ى شه‌شه‌مى ریزبه‌ندى خوله‌كه‌دایه‌.

شایه‌نى باسه‌ ئه‌حمه‌د ساڵح-ى به‌رگریكارى كورد له‌شارى عامودێ-ى رۆژئاواى كوردستان له‌دایكبووه‌ و له‌هێڵى به‌رگری درێسى ژماره‌ 2ى یانه‌ى ئه‌لعه‌ره‌بى كوێتى ده‌پۆشێت، رۆژى 24ى مانگى تشرینى دووه‌مى رابردوو له‌یارییه‌كانى هه‌فته‌ى هه‌شته‌مى خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى كوێت یانه‌كه‌ى 1-0 له‌یانه‌ى ئه‌لسه‌لبیخات-ى میوانى برده‌وه‌ و ئه‌میش به‌هۆى ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ى له‌یارییه‌كه‌دا پێشكه‌شى كرد به‌ (پیاوى یارییه‌كه‌) ده‌ستنیشانكرا.

په‌یوه‌ندی دار

Close