بردنه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ى تیپى خانمانى وچان كوردستان

سه‌نگه‌ر زرار- Kurd Sport
تیپى خانمانى یانه‌ى وچان كوردستان-ى شارى سنه‌ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، ئه‌م هه‌فته‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ى یاریگاى خۆیدا بردنه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ى له‌به‌رامبه‌ر تیپى خانمانى یانه‌ى قشقایی شیراز به‌ده‌ستهێنا و قه‌ره‌بووى شكسته‌كه‌ى هه‌فته‌ى رابردووى كرده‌وه.

تیپى خانمانى یانه‌ى وچان كوردستان كه هه‌فته‌ى پێشوو (هه‌فته‌ى سێیه‌م) له‌خولى تۆپى پێى كه‌وسه‌رى خانمانى یانه‌كانى ئێران له‌به‌رامبه‌ر تیپى خانمانى یانه‌ى شاره‌داریی سیرجان له‌نێو یاریگاى خۆیدا 2-4 دووچارى یه‌كه‌م شكستهات، ئه‌م هه‌فته‌یه (هه‌فته‌ى چواره‌م) له‌یاریگاى حافزییه له‌شارى شیراز بووه میوانى تیپى خانمانى یانه‌ى قشقایی شیراز و ئه‌نجامه‌كه‌شى به پێنج گۆڵى بێ وه‌ڵام له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆى یه‌كلاكرده‌وه.

یارییه‌كه ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18-12-2020 ئه‌نجامدرا و تیپى خانمانى یانه‌ى وچان كوردستان له‌م یارییه‌دا باڵاده‌ستى خۆى سه‌لماند و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه كۆنتڕۆڵى ته‌واوى یارییه‌كه‌ى كرد و له‌خوله‌كى 12دا یه‌كه‌م گۆڵى له‌ڕێگه‌ى زه‌هرا قه‌نبه‌رى كاپتنى تیپه‌كه تۆماركرد و دواى ئه‌مه‌ش سومه‌یه خورهمى له‌خوله‌كى 45+2 گۆڵى دووه‌مى كرد و نیوه‌ى یه‌كه‌میان به‌م ئه‌نجام برده‌وه و له‌نیوه‌ى دووه‌میشدا توانییان شه‌ش گۆڵى تر بكه‌ن، به‌ڵام به‌گومانى ئۆفساید سێ گۆڵیان ره‌تكرایه‌وه و سێ گۆڵه‌كه‌ى تریش (فاتیمه قاسمى و سومه‌یه خورهمى و زه‌هره جه‌لالى) له‌خوله‌كه‌كانى 50 و 78 و 83دا تۆماریان كرد و هه‌ریه‌كه له (زه‌هره جه‌لالى و سومه‌یه خورهمى و فاتیمه قاسمى و زه‌هرا قه‌نبه‌رى و فاتیمه ئه‌میرى) له‌م یارییه‌دا گۆڵسازى تیپه‌كه‌شیان بوون.
به‌م ئه‌نجامه‌ش تیپى خانمانى یانه‌ى وچان كوردستان گه‌ڕایه‌وه پێشه‌نگی گروپى دووه‌مى تیپه‌كانى خولى تۆپى پێى كه‌وسه‌رى خانمانى یانه‌كانى ئێران به خاڵ له 4 یارى (3 بردنه‌وه و 1 دۆڕاندن) و 15 گۆڵى كردووه و 5 گۆڵى لێكراوه و 10 گۆڵى زیاده‌ى هه‌یه.

شایه‌نى باسه زه‌هرا قه‌نبه‌رى خانمه هێرشبه‌رى كوردى كرماشانى و كاپتنى یانه‌ى وچان كوردستان كه ته‌مه‌نى 29 ساڵه، تائێستا له‌وه‌رزى 2020-2021ى خولى تۆپى پێى كه‌وسه‌رى خانمانى یانه‌كانى ئێران خاوه‌نى 8 گۆڵ و 3 پاسى گۆڵه له 4 یارى و 360 خولهك یاریكردن و له‌پێشه‌نگى گۆڵكه‌رانى خوله‌كه‌ش دایه.