خانمێكى كورد به‌شدارى لهڕایكردنى یارییه‌كى یوفا چامپیۆنس لیگدا كرد

سه‌نگه‌ر زرار
تایبه‌ت به Kurd Sport
به‌هره‌و حه‌ز و خولیا و ئاره‌زووه‌كانى ئه‌و بۆ لاكێشهى سه‌وز و چه‌ند بوارێكى یارى فوتبۆڵ بوونه هۆى ئه‌وه‌ى دواجار بهخهونهكانى بگات و ببێته كه‌سێكى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌م وه‌رزشكاره جیلان تاهیر-ى ته‌مه‌ن 35 ساڵه كهخاتوونێكى كوردى دانیشتووى سوید-ه و چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن یه‌كێتى تۆپى پێى ئه‌وروپا (یوفا) جارێكى تر بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌ركێكى گرنگ دیاریكراو سه‌ركه‌وتنیشى تێدا به‌ده‌ستهێنا، كاتێك وه‌ك یاریده‌ده‌رى دووه‌مى ناوبژیون به‌شدارى له‌به‌ڕێوه‌بردنى یارى نێوان هه‌ردوو تیپى خانمانى یانه‌كانى ئۆڵۆمپیك لیۆن و یۆڤانتۆس تۆرینۆ-ى له‌قۆناغى 32 تیپى خولى جامى یانه پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا-ى وه‌رزى 2020-2021دا كرد.

رۆژى 15ى كانوونى یه‌كه‌مى 2020 له‌وڵاتى فه‌ڕه‌نسا ستافێك لهناوبژیوانانى سویدى كه پێكهاتبوون له ساره پیته‌رسۆن/ ناوبژیوانى یه‌كه‌م (ناوه‌ڕاست) و كامیلا ستیندال/ یاریده‌ده‌رى یه‌كه‌مى ناوبژیوان و جیلان تاهیر/ یاریده‌ده‌رى دووه‌مى ناوبژیوان به‌شدارییان له‌به‌ڕێوه‌بردنى یارى نێوان ئۆڵۆمپیك لیۆن-ى فه‌ڕه‌نسى و یۆڤانتۆس تۆرینۆ-ى ئیتاڵى كرد كه تیایدا كچانى یانه‌ى لیۆن 3-0 براوه‌بوون.

جیهاد تاهیر (ئه‌بو جیم) باوكى جیلان كهیاریزانى دێرینى یانه‌ى جیهاد و شارى قامیشلۆ-ى حه‌سه‌كه بووه له‌ساڵانى حه‌فتا و هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو، له‌باره‌ى كچه‌كه‌یه‌وه بهوێبسایتى (ئارتا)ى راگه‌یاند كه وه‌رزى رابردوو هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاستى جیلان زۆر باش بووه و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه له‌سوید وه‌ك ناوبژیوانێكى نێوده‌وڵه‌تى له‌م وه‌رزه‌دا ناوى خراوه‌ته لیستى ئه‌و ناوبژیوانانه‌ى كه بۆ یارییه گرنگه‌كان پشتیان پێده‌به‌سترێت.

جیلان تاهیر ئه‌م خانمه كورده‌ى شارى قامیشلۆ-ى رۆژئاواى كوردستان و نیشته‌جێى شارى هلسینگبۆرگ-ى سوید-ه و ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌و وڵاته ئهوروپییهى هه‌یه، شانازیی ئه‌وه‌ى پێبڕاوه وه‌ك یه‌كه‌م خانمى كورد هه‌روه‌ها سورى له‌بوارى ناوبژیوانیدا به‌به‌رزترین ئاست بگات و له‌پێش ئه‌ودا هیچ كه‌سێك نه‌یتوانیوه وه‌ك ئه‌و له‌ئاستێكى به‌رزى كیشوهریى و جیهانیدا ده‌ربكه‌وێت، خه‌ونى ئه‌وه‌ى هه‌یه له‌مۆندیالى داهاتووى خانماندا ده‌ربكه‌وێت و ئه‌گه‌رى زۆریشه یه‌كێك بێت لهیاریدهدهرانى ناوبژیوان و به‌شدارى له‌به‌ڕێوه‌بردنى یارییه‌كانى مۆندیالیشدا بكات، چونكه هه‌موو قۆناغه‌كانى ژیانى ناوبژیوانى به‌سه‌ركه‌وتوویی بڕیوه و متمانه‌ى یه‌كێتى نێوده‌وڵه‌تى تۆپى پێ (فیفا-fifa)ى هه‌یه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: زۆر خۆشحاڵم وه‌ك وه‌ك یاریده‌ده‌رى ناوبژیوان (ناوبژیوانى لاكان) له‌كۆتاییه‌كانى مۆندیالدا به‌شداربم له‌به‌ڕێوه‌بردنى یارییه‌كان و ئه‌مه‌ش خه‌ونێكه له‌مێژه چاوه‌ڕێی ده‌كه‌م.

شایه‌نى باسه بۆ جارى چواره‌مه جیلان تاهیر وه‌ك یاریده‌ده‌رى ناوبژیوان به‌شدارى له‌به‌ڕێوه‌بردنى قۆناغى گروپه‌كان (32 تیپى) و قۆناغى (16 تیپى) یوفا چامپیۆنس لیگدا ده‌كات، 3 یارى وه‌رزى 2015-2016 (بریچیا×لیڤه‌رپول/ قۆناغى 32 تیپى-یاریده‌ده‌رى دووه‌م) و (وۆڵفسبۆرگ×چێڵسى/ قۆناغى 16 تیپى-یاریده‌ده‌رى دووه‌م) و (سانت پۆڵتین×برۆندبى/ قۆناغى 32 تیپى-یاریده‌ده‌رى یه‌كه‌م) و 1 یارى وه‌رزى 2020-2021 (ئۆڵۆمپیك لیۆن×یۆڤانتۆس تۆرینۆ/ قۆناغى 32 تیپى-یاریده‌ده‌رى دووه‌م).

*بیۆگرافیا:
-ناو: جیلان جیهاد تاهیر.
-به (جیلان تاهیر) ناسراوه.
-كچى جیهاد تاهیر/ ئه‌بو جیم-ى یاریزان و راهێنه‌رى پێشووترى یانه‌ى جیهاد-ى شارى قامیشلۆ-یه.
-ساڵڕۆژى له‌دایكبوون: 18-1-1985.
-شوێنى له‌دایكبوون: شارى قامیشلۆى پارێزگاى حهسهكهى رۆژئاواى كوردستان.
-ساڵى 1997 له‌ته‌مه‌نى 12 ساڵى له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ى رووده‌كاته وڵاتى سوید.
-شوێنى نیشته‌جێبوون: شارى هلسینگبۆرگ-ى سوید.
-ره‌گه‌زنامه‌ى سویدى هه‌یه.

-ساڵانى 1997 تا 2000 له‌سوید بۆ تیمێكى كچانى شارى هیلسینبۆرگ یارى ده‌كات.
-دواتر له‌ساڵى 2000دا به‌فه‌رمى په‌یوه‌ندى بهیانهیهكى شارى هیلسینبۆرگ كردووه و وه‌ك هێرشبه‌ر و گۆڵكه‌ر درێژه‌ى به‌یارى تۆپى پێ داوه.
-دواى ئه‌وه‌ى دووچارى پێكانێكى قورس ده‌بێ له ئه‌ژنۆى و نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ ده‌كرێت، پاش ساڵێك دابڕان واز له‌یارى تۆپى پێ ده‌هێنێت و رووده‌كاته بوارى راهێنه‌ریی.
-له‌شارى هیلسینبۆرگ و به‌هاندان و یارمه‌تى باوكى، ئه‌ركى راهێنه‌رایه‌تى تیمێكى تۆپى پێى كچان وه‌رده‌گرێت.
-پاش 2 ساڵ خوێندن له‌په‌یمانگاى راهێنانى تۆپى پێ، بڕوانامه‌ى راهێنانى سه‌ره‌كى پێده‌خشرێت كه بڕوانامه‌یه‌كى جیهانى باوه‌ڕپێكراو بووه.
-هه‌روه‌ها له‌یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان بڕوانامه‌ى راهێنه‌رایه‌تى وه‌رگرتووه و مه‌شق و راهێنانى بهبژاردهیهك لهكچانى وه‌رزشكار كردووه.
-له‌بوارى پزیشكى وه‌رزشى (چاره‌سه‌ركردنى فیزیایی)، بڕوانامه‌ى تایبه‌تمه‌ندى وه‌رگرتووه.
-ساڵى 2001 روویكردووه‌ته بوارى ناوبژیوانى و وه‌ك ناوبژیوانى یه‌كه‌م (ناوه‌ڕاست) ده‌ركه‌وتووه.
-ساڵى 2009 بڕوانامه‌ى پله سێى بوارى ناوبژیوانى له‌كۆى چوار ئاستدا وه‌رگرتووه.
-ساڵى 2013 له‌به‌ر خۆشه‌ویستى زۆرى بۆ كارى یاریدهدهرایهتى ناوبژیوان، بووته (یاریده‌ده‌رى ناوبژیوان).
-ساڵى 2014 به‌فه‌رمى وه‌ك یاریده‌ده‌رى ناوبژیوان ده‌ستى بهبهڕێوهبردنى یارى خوله‌كانى سوید كردووه.
-ساڵى 2015 وه‌ك یاریده‌ده‌رى ناوبژیوان بڕوانامه‌ى ئاستى چواره‌مى به‌ڕێژه‌ى 95% وه‌رگرتووه كه به‌رزترین بڕوانامه و ئاستى بوارهكهیه و له‌وێوه ئهڕكى به‌ڕێوه‌بردنى یارییه قورس و هه‌ستیاره‌كانى پێسپێردراوه.
-ساڵى 2019 له‌لایه‌ن یه‌كێتى نێوده‌وڵتى تۆپى پێ (فیفا) وه‌ك یاریده‌ده‌رى ناوبژیوانى باوه‌ڕپێكراو شاره‌ى نێوده‌وڵه‌تى پێدراوه.

-جگه لهبهڕێوبردنى یارییه‌كانى خوله‌كانى نایاب و جام و سوپه‌رى خانمانى یانه‌كانى سوید، به‌شدارى له‌به‌ڕێوه‌بردنى یارییه‌كانى پاڵاوتنى یۆرۆى كچان بۆ لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵ، یارى یانه و هه‌ڵبژارده‌كانى ئه‌وروپا بۆ خانمان كردووه.
-تائێستا وه‌ك یاریده‌ده‌رى یه‌كه‌م و دووه‌مى ناوبژیوان له 113 یاریدا به‌شداربووه كه 36 یارییان نێوده‌وڵه‌تى بووه.
*دیارترین ئه‌و یارییانه‌ى به‌شدارى لهبهڕێوهبردنیدا كردووه:
-ساڵانى 2015 و 2016 و 2017 و 2020 خولى نایابى تۆپى پێى خانمانى یانه‌كانى سوید (دامئالسڤێنسكان): 30 یارى.
-وه‌رزه‌كانى 2015-2016 و 2020-2021 خولى تۆپى پێى جامى یانه پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا (چامپیۆنس لیگ) بۆ خانمان: 4 یارى، (بریچیا×لیڤه‌رپول، وۆڵفسبۆرگ×چێڵسى، سانت پۆڵتین×برۆندبى، ئۆڵۆمپیك لیۆن×یۆڤانتۆس تۆرینۆ).
-ساڵانى 2019 و 2020 یارییه‌كانى پاڵاوتنى پاڵه‌وانێتى جامى وڵاتانى ئه‌وروپا (یۆرۆ) بۆ خانمان: 5 یارى (لیتوانیا×كرواتیا، كازاخستان×فه‌ڕه‌نسا، روسیا×هۆڵه‌ندا، ئیسپانیا×كۆمارى چیك، ئایرله‌ندا×ئه‌ڵمانیا).






