هەواڵ

مارادۆنا هاوڕێی کوردی هەبوو؟

مانگی رابردوو جیهانی تۆپی پێ یەکێک لەگەورەترین ئەستێرە و یاریزانە بەتواناکانی لەدەستدا، دێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا مایەی شانازیی نەک ئەرجەنتین بەڵکو خودی جیهانی تۆپی پێ پێویستە شانازی بەوەوە بکات مارادۆنا یەکێک بووە لەیاریزانانی.

مارادۆنا و بایرام توتوملو

ئەوەی مارادۆنا بەئێمەی کوردەوە دەبەستێتەوە کەسێکە کەوەک بزنسمان و رێکخەر و بەڕێوەبەری کار لەناو تۆپی پێدا کاری کردووە، کوردێکی باکورە و ناوی بەیرام توتوملو-وە، یەکەم ناسینی مارادۆنا و بەیرام بۆ مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها دەگەڕێتەوە لەلایەن بزنسمانە کوردەوە.

یەکێک لەو ئۆتۆمبیلانەی بایرام بەمارادۆنای فرۆشتووە

رەنگە ناوی بەیرام ئەوەندە بەئێمە ئاشنا نەبێت هێندەی ئەو وێنەیەی کەبەیرام لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان هەیەتی کاتێک درێسی ژمارە ١٠ ی بارسێلۆنای پێشکەش دەکات، هەمان ئەو کەسەی ناو وێنەکە هەمان بایرام توتوملو-وەکەی هاوڕێی مارادۆنا-یە.

ئاخاوتنی بەیرام توتوملو بەکوردی زاراوەی زازاکی

بایرام توتوملو لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٠ ی ئەنکەرایە لەهەڕەتی لاویدا بۆ خوێندن چۆتە سویسرا و لەساڵانی ٨٠ کاندا تێکەڵی کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی گرانبەها بووە لەو مامەڵانەوە ئاشنای مارادۆنا و یۆهان کرۆیف و چەندین ئەستێرەی تری تۆپی پێ بووە، دواتریش خولیای بوون بەبەڕێوەبەری کاری یاریزانان چۆتە سەریەوە و تا نەبووە یەکێک لەباشترین بەڕێوەبەری کارەکان لەجیهاندا کۆڵی نەدا.

یەکێک لە پڕ کێشمە کێشترین کاری گواستنەوەی یاریزانان لەئیسپانیا چوونی مایکڵ لاودرۆپی دانیمارکی بوو لەیانەی بارسێلۆناوە بۆ یانەی ریاڵ مەدرید کە بایرام توتوملو بەڕێوەبەری کار بوو تێیدا، جگە لەوە چەندین کاری تری گواستنەوەی یاریزانانی ئەنجامداوە.

مارادۆنا و بایرام لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا

پەیوەندی مارادۆنا و بایرام بەجۆرێک بووە کە لەسەر داوای بایرام مارادۆنا رۆیشتووە بۆ تورکیا و لەنزیکەوە چاوی بەچەند سەرکردەیەکی سیاسی تورکیا کەوتووە و یەکێک لەرۆژنامەکانی تورکیا بەناوی حوڕییەت بەمانشێتێکی گەورە دەنوسێت (بایرام موعجیزەیە)، هەروەها پەیوەندیەکەی ئەو دوانە تا ماوەی مانەوەی مارادۆنا لەکیشوەری ئەوروپا بەبەهێزی ماوەتەوە و دوای ئەوەش بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ یەکیان دیوە.

په‌یوه‌ندی دار

Close