وتار

هاواری یاریزانێك

گلەیی و دەردی دڵێک لەگەڵ کورد و بەتایبەتی حیزبەکان
کورد یەکێک لەو نەتەوانەیە کە بەداخەوە هیچ کات جیا لە خەباتی چەکداری کە ئەویش هەمیشەیی نەبووە و ڕەخنەی زۆری لەسەرە، هیچ کات نەک هەر گرنگی بە لایەنە جیاوازەکانی تری خۆناساندن نەداوە بەڵکوو هەر بیریشی لێنەکردووەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو لایەنانە دەیانتوانی و دەتوانی زۆر بە باشی کورد بناسێنن و هاواری کورد بە گوێی جیهان بگەیێنێ. یەکێک لەو لایەنانە وەرزشە.
من وەک وەرزشوانێکی کورد گلەییم لە نەتەوەکەم و بەتایبەتی حیزبەکان هەیە و دڵنیام هەموو وەرزشوانەکانی تری کوردیش ئەم گلەیی و گزەندەیان هەیە. نەبوونی پشتیوانی، هاننەدانی ساماندارەکان بۆ پشتیوانی لێکردن و خۆ بەستنەوە بە پشتیوانیی مەعنەوی ئەویش لە ئاستی قسە و دەست خۆش و بژی دا.
حیزبەکانی کوردستان و ساماندارەکان، لە ڕاستیدا هیچ بڕوایەکیان بە بەشی وەرزش و هونەر نیە و چاویان لێ نوقاندووە، بۆ ئەوان تەنیا کەسانێک گرنگن کە لێر و لەوێ و لە فەیسبووک دمەقاڵە و هات و هەرایان بۆ بکەن و واپیشان بدەن کە ئەندام و لایەنگریانن. بۆ ئەوان تەنیا ڕواڵەتی باسەکان و شتەکە گرنگە و هیچ بەرنامەیەکی بنەڕەتی بوونی نیە.
کە دەگاتە قسە هەموویان پشتیوان و پەنا و پشتگیرتن و هەموویان هەوڵ دەدەن واپیشان بدەن کە تۆ ئەندامیانی و لێر و لەوێ بڵێن فڵان کەسیش ئەنداممانە بەڵام کە دێتە سەر باسی پشتیوانی، هەموویان لە خودا نادیارترن.
ئەوە وادەکات ڕێگا بۆ دوژمنانی کورد بکرێتەوە. شاپەرستەکان و پان ئێرانیستەکان و تورکەکان و دەیانی تر، ئەم هەلە دەقوازنەوە و دێنە پێشێ و پێشنیاری پارەی جار نا خەیاڵی دەکەن تەنیا یەک مەرجیشیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئاڵەکەیان بەرز بکەیەوە.
وەرزشوانی کورد لێرەدا دوو رێگای لەبەر دەمە. یان دەبێ بچێ لە ڕیستۆران و کاری سەخت کار بکات و وەرزشەکەی وردە وردە بپووکێتەوە و ببێ بە قوربانی و لە ناو بچێ یانیش دەبێ بۆ مانەوەی خۆی، ببێتە نۆکەر و کارکەری دوژمنەکانی. جا ئەو کات جنێو و تف و نەفرەتەکانی بەناو کوردپەرستەکانیش لەوێ ڕاوەستێ.
لەو ماوەیەدا، چەندین لایەنی ئێرانی و تورکی هاتوون پێشنیاری گرێبەستی پڕقازانجیان بە من داوە، من تا ئێستاش ملم بە داواکاریەکانیان نەداوە، سێ ساڵیشە هاوار دەکەم کە پێویستیم بە ساپۆرتی ماڵیە. ساپۆرتێک کە بۆ خودی ساپۆرتێرەکە داهاتی زۆرە و زۆربەی داهاتەکەی بۆ ئەوە. من هەمیشە هەوڵم داوە کوردێک ببینمەوە کە بێت و ساپۆرتی ماڵی بکات و سەرمایەگوزاریەکەی لەسەر من بکات کەچی بەداخەوە سەرمایەداری کورد هەر تەقەی لەسەری دێ، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە خەویان لێکەوتووە و هی پارچەکانی تریش لە جیاتی ئاڵای نەتەوەکەمان داوای بڵند کردنی وێنەی سەرۆکەکەیان دەکەن.
ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە دەستیان نەهاتبا دەمگوت لەدەستیان نایە بەڵام ئەوەی من دەیبینم ئەوەیە کە ئەوان ساڵانە دەیان پارەی ئاوا لێر و لەوێ بە فیڕۆ دەدەن. کێشە ئەوەیە کە ئەقڵیەتەکە نەگەیشتووەتە ئەم جێگایانە ئەگینا بۆ من شانازی بوو وێنەی سەرۆکی حیزبە نەتەوەییەکانیش بەرز بکەمەوە و ئاڵای نەتەوەکەشم.
لێرەشەوە بۆ دواجار هاوار دەکەم، تکایە هەوڵێک بدەن تا ئێمەی وەرزشوان بۆ مانەوەی خۆمان نەکەوینە قورگ و داوای دوژمنانی کورد. وەک دەڵێن تا کەوڵەکە ئاو نەیبردووە بیرێک بکەنەوە، کە ئاو بردی ئیتر جنێو و تفەکانی ئێوەش بێ سوودە.
ڕاستە سەربەرزانە ژیان هەموو هەوڵی منی وەرزشوانی کوردە بەڵام تێداچوون و لەناوچوون و تلانەوە لە کاری سەختدا کە هیچ دەرفەتێکت بۆ وەرزش بۆ ناهێڵێتەوە، خەونێکی تراژدیک و تاڵە.
هیوادارم هاوارەکەم لێرەوە بگاتە گوێی هەموو لایەک کە پێویستە بگاتە گوێیان.
#ئاکام تەرەغە #akamtarageh #کوردستان #کورد

په‌یوه‌ندی دار

Close