كچانى عاموودێ یه‌كه‌م شكستیان به‌خاوه‌ن پله‌ى یه‌كه‌مى ریزبه‌ندى هێنا

سه‌نگه‌ر زرار-Kurd Sport
تیپى تۆپى پێى كچانى یانه‌ى عاموودێ پاڵه‌وانى وه‌رزى پێشووى خولى تۆپى پێى سه‌رتاسه‌ریی خانمانى یانه‌كانى سوریا له‌یارییه‌كانى هه‌فته‌یه‌كى نوێى خوله‌كه‌دا یه‌كه‌م شكستیان به‌خاوه‌ن پله‌ى یه‌كه‌مى ریزبه‌ندى هێنا.

تیپى كچانى یانه‌ى عاموودێ خاوه‌ن پله‌ى پێنجه‌مى ریزبه‌ندى به 9 خاڵ له 6 یارى، له‌یارییه‌كانى هه‌فته‌ى حه‌وته‌مى دووه‌مین خولى تۆپى پێى سه‌رتاسه‌ریی خانمانى یانه‌كانى سوریا-ى وه‌رزى 2020-2021دا ئه‌مڕۆ هه‌ینى 25-12-2020 له‌سه‌ر یاریگاى فه‌یحا له‌شارى دیمه‌شق به‌رامبه‌ر تیپى كچانى یانه‌ى مهحافهزهى حومس-ى خاوه‌ن پله‌ى یه‌كه‌مى ریزبه‌ندى خوله‌كه به 18 خاڵ له 6 یارى و 6 بردنه‌وه یاریكرد و سه‌ره‌نجامیش تیپى كچانى یانه‌ى عاموودێ بهبردنهوهیهكى به‌نرخ له‌یاریگا هاتنه ده‌ره‌وه و یه‌كه‌م شكستى ئه‌م وه‌رزه‌یان دووچارى خاوه‌ن پله‌ى یه‌كه‌مى ریزبه‌ندى خولى ئه‌م وه‌رزه كرد.
سه‌ره‌تا له‌نیوه‌ى یه‌كه‌مى یارییه‌كه و له‌خوله‌كى 33دا تیپى كچانى یانه‌ى مهحافهزهى حومس تاكه گۆڵى خۆیان كرد و 1-0 پێشكه‌وتن، به‌ڵام ئه‌م پێشكه‌وتنه و خۆشى گۆڵه‌كه‌یان چه‌ند خوله‌كێكى كه‌مى خایاند و تیپى كچانى یانه‌ى عاموودێ له‌ڕێگه‌ى مه‌نال حاجى ناوهڕاستكارهوه گۆڵى بهرامبهربوونى 1-1یان كرده‌وه و ئه‌نجامه‌كه‌یان هاوسه‌نگ كرده‌وه و له‌سه‌ر ئاسته بهرزهكهشیان به‌رده‌وام بوون و به‌ر له‌كۆتایی نیوه‌ى یه‌كه‌م به دوو خولهك و له‌خوله‌كى 43دا میرهند ده‌هام-ى به‌رگریكار توانى گۆڵى دووه‌م و پێشكه‌وتن بۆ تیپى كچانى یانه‌ى عاموودێ تۆماربكات و ئه‌نجامه‌كه بكات به 2-1 له‌به‌رژه‌وه‌ندى تیپه‌كه‌ى.

له‌نیوه‌ى دووه‌مى یارییه‌كه‌شدا سه‌ره‌ڕاى گۆڕانكارى و فشاره‌كانى هه‌ردوولا بۆسه‌ر گۆڵى یه‌كتر، به‌ڵام هیچ لایه‌كیان نه‌یاتوانى گۆڵى یه‌كتر بهه‌ژێنن و سه‌ره‌نجامیش ناوژیوانى یارییه‌كه فیكه‌ى بردنه‌وه‌ى 2-1 بۆ تیپى كچانى یانه‌ى عاموودێ لێدا و یه‌كه‌م شكستى تیپى كچانى یانه‌ى مهحافهزهى حومس-ى له‌خولى وه‌رزى 2020-2021دا راگه‌یاند.
به‌م ئه‌نجامه و بردنه‌وه به‌نرخه‌ش، تیپى كچانى یانه‌ى عاموودێ به 12 خاڵ له 7 یارى (3 بردنه‌وه، 3 یه‌كسانبوون، 1 دۆڕاندن) و (13-9) گۆڵ و (4+ گۆڵ)، هه‌ر له‌خانه‌ى پێنجه‌مى ریزبه‌ندى خوله‌كه‌دا مایه‌وه به‌ڵام پێگه‌ى خۆى باشتركرد و به‌جیاوازى 5 خاڵ لهتیپهكانى خاوه‌ن پله‌كانى شه‌شه‌م و حه‌وته‌م دووركه‌وته‌وه.

*پێكهاته‌ى كچانى عاموودێ
له‌م یارییه‌دا تیپى كچانى یانه‌ى عاموودێ، به‌م پێكهاته و پلانه (4-3-3) یارى كرد:
*گۆڵپارێز: 99-حه‌یات سریهت.
-به‌رگریكاره‌كان: 24-میرهند ده‌هام، 11-بارین ئۆسۆ، 20-ئایه یوسف، 14-سیدرا ره‌سوڵ.
-ناوه‌ڕاستكاره‌كان: 4-ئالا ئه‌حمه‌د، 10-مه‌نال حاجى، 8-میرنا ئهلحهلهبى.
-هێرشبه‌ره‌كان: 21-هه‌له‌ز حاجى، 17-میسلون مه‌حفوز، 7-سه‌مه‌ر شێخ به‌كر.
*ریزبه‌ندى تیپه‌كانى یه‌كه‌م تا پێنجه‌مى خوله‌كه:
1-مهحافهزهى حومس: 7 یارى، 6 بردنه‌وه، 1 دۆڕاندن، 18 خاڵ.
2-شورته‌ى حه‌ما: 8 یارى، 5 بردنه‌وه، 1 یه‌كسانبوون، 2 دۆڕاندن، 16 خاڵ.
3-جه‌رمانا: 8 یارى، 4 بردنه‌وه، 3 یه‌كسانبوون، 1 دۆڕاندن، 15 خاڵ.
4-خاپوور: 6 یارى، 4 بردنه‌وه، 2 یه‌كسانبوون، 14 خاڵ.
5-عاموودێ: 7 یارى، 3 بردنه‌وه، 3 یه‌كسانبوون، 1 دۆڕاندن، 12 خاڵ.