هەواڵ

پشتیوان عه‌زیزى له‌گه‌ڵ یانه‌ى ناكا ئیلیریاى سویدى به‌رده‌وام ده‌بێت

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

پشتیوان عه‌زیزى به‌رگریكارى لاوى كورد بۆ ساڵێكى تریش له‌گه‌ڵ یانه‌ى ناكا ئیلیریا (FC Nacka Iliria)ى سویدى به‌رده‌وام ده‌بێت.

پشتیوان عه‌زیزى یاریزانى لاوى كورد و هێڵى به‌رگری/ ناوه‌ند، له‌گه‌ڵ یانه‌ى ناكا ئیلیریا-ى سویدى گه‌یشته‌ رێككه‌وتن و گرێبه‌سته‌كه‌ى بۆ ساڵى 2021 له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا درێژكرده‌وه‌.

پشتیوان عه‌زیزى ته‌مه‌ن 29 ساڵ هاوینى ئه‌مساڵ به‌دیاریكراوى له‌ناوه‌ڕاستى مانگى حوزه‌یرانى 2020 بۆ ماوه‌ى نیو وه‌رز چووه‌ ریزى یانه‌ى ناكا ئیلیریا و سه‌ره‌نجام له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى یانه‌كه‌یان له‌خولى پله‌ چوارى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید-ه‌وه‌ گه‌یانده‌ خولى پله‌ سێى یانه‌كانى سوید و ساڵى 2021ى داهاتوو له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا له‌م خوله‌دا ركابه‌ریی ده‌كه‌ن.

پشتیوان لەگەڵ یانەی ناكا ئیلیریا

له‌مباره‌یه‌وه‌ پشتیوان عه‌زیزى تایبه‌ت بۆ كورد سپۆرت وتى: گرێبه‌سته‌كه‌م له‌گه‌ڵ یانه‌ى ناكا ئیلیریا تازه‌كرده‌وه‌، ئێمه‌ ئه‌مساڵ له‌خولى پله‌ چواره‌وه‌ بۆ خولى پله‌ سێ سه‌ركه‌وتین، یانه‌یه‌كى باشه‌ و هه‌وڵ و ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ بگه‌نه‌ به‌رزترین خولى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید كه‌ ئاڵسڤێنسكان-ه‌، راهێنه‌رێكى زۆر باش و گه‌وره‌مان هه‌یه‌ كه‌ (رۆگر لینارت) ه‌ و ئه‌و له‌گه‌ڵ سڤین گۆران ئه‌ریكسۆنى راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى سوید كارى كردووه‌ و له‌چه‌ند وڵاتێكى جیاوازیش راهێنه‌رى یانه‌ و هه‌ڵبژارده‌كانى كردووه‌، له‌وانه‌ (سوید و ئیتاڵیا و سیرالیۆن و رواندا و كۆمارى كۆنگۆى دیموكراتى و نایجیریا و باشوورى ئه‌فریقا و نامیبیا و چین).

پشتیوان بەدرێسی یانەی سوندبایبێرگ ئاى كه‌ى

شایه‌نى باسه‌ پشتیوان عه‌زیزى له‌نێو وه‌رزى ساڵى 2020دا له‌خولى پله‌ چوارى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید له‌ 9 یارى له‌گه‌ڵ یانه‌ى ناكا ئیلیریا به‌شدارى كرد و توانى 3 گۆڵیش تۆماربكات.

*بیۆگرافیا
-ناو: پشتیوان عه‌زیزى.
-ساڵڕۆژى له‌دایكبوون: 10-9-1991.
-شوێنى له‌دایكبوون: شارى سلێمانى/ باشوورى كوردستان.
-له‌وڵاتى سوید نیشته‌جێیه‌.
-ره‌گه‌زنامه‌ى سویدى و عێراقى هه‌یه‌.
-برا بچووكى (پێشڕه‌و عه‌زیزى/ پاشا) كاپتنى پێشووى یانه‌ى دالكورد-ه‌.
-یانه‌: ناكا ئیلیریا/ سوید.
-هێڵى یاریكردن: به‌رگرى/ ناوه‌ند.
-ژماره‌ى درێس: 21.
-ماوه‌ى گرێبه‌ست: 1 ساڵ.

پشتیوان ئەوكاتەی بۆ یانەی نەورۆز-ی سویدی یاری دەكرد

*ئه‌و یانانه‌ى یارى تۆپی پێى تێدا كردووه‌:
-ساڵانى 2012 تا 2014: یانه‌ى رۆنینگ ساڵم/ سوید له‌ (خوله‌كانى پله‌ 5 و پله‌ 4ى یانه‌كانى سوید).
-ساڵانى 2015 تا 2018: یانه‌ى نه‌ورۆز/ سوید له‌ (خوله‌كانى پله‌ 4 و پله‌ 3 و پله‌ 2ى یانه‌كانى سوید).
-ساڵى 2018: یانه‌ى ئاى ئێف كه‌ى ئاسپودین تێلوس/ سوید له‌ (خولى پله‌ 2ى یانه‌كانى سوید).
-ساڵانى 2018 تا 2019 یانه‌ى سوندبایبێرگ ئاى كه‌ى/ سوید له‌ (خولى پله‌ 2ى یانه‌كانى سوید).
-ساڵى 2020 یانه‌ى ناكا ئیلیریا/ سوید له‌ (خولى پله‌ 4ى یانه‌كانى سوید).
-وه‌رزى 2019-2020 له‌خولى نایابى فوتساڵى یانه‌كانى سوید بۆ تیمى فوتساڵى یانه‌ى دیۆرگاردن ئاى ئێف یارى كردووه‌.

پشتیوان پاش تۆماركردنی یەكێك لەگۆڵەكانی لەخولی فوتساڵی یانەكانی سوید

په‌یوه‌ندی دار

Close