هەواڵ

وریا سه‌ركردایه‌تى بردنه‌وه‌یه‌كى ترى یانه‌كه‌ى پایته‌ختى كرد

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

كاپتن وریا غه‌فورى له‌یارییه‌كانى هه‌فته‌یه‌كى نوێى خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێراندا سه‌ركردایه‌تى بردنه‌وه‌یه‌كى ترى یانه‌ى ئیستقلال-ى شارى تارانى پایته‌ختى كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30ى كانوونى یه‌كه‌مى 2020 یانه‌ی ئیستقلال-ى تاران به‌سه‌ركردایه‌تى كاپتن وریا غه‌فورى سنه‌یی و له‌یارییه‌كانى هه‌فته‌ى نۆیه‌م له‌قۆناغى یه‌كه‌مى خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران (پڕۆ لیگ)ى وه‌رزى 2020-2021دا، بووه‌ میوانى یانه‌ى گوڵگه‌وهه‌ر-ى سیرجان و سه‌ره‌نجامیش توانى 2-1 براوه‌بێت و گۆڵى یه‌كه‌مى یارییه‌كه‌ به‌واژووى كاپتن وریا له‌خوله‌كى 8دا به‌په‌ناڵتى بوو، كاتێك له‌ناوچه‌ى سزاى یانه‌ى خاوه‌ن خاك و میواندار له‌لایه‌ن گۆڵپارێزه‌وه‌ به‌ردرایه‌وه‌ و ناوبژیوان فیكه‌ى په‌ناڵتى بۆ ئه‌ژماركرد، هه‌روه‌ها كاپتن وریا غه‌فورى به‌رگریكارى به‌ئه‌زموونى كورد له‌خوله‌كى 14دا گۆڵى دووه‌مى بۆ یانه‌كه‌ى سازكرد كه‌ مه‌هدى قایدى گۆڵه‌كه‌ى تۆماركرد.

به‌م ئه‌نجامه‌ش یانه‌كه‌ى وریا غه‌فورى (ئیستقلال)ى تاران كه‌ یارییه‌كى دواخراوى ماوه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ى پێرسپۆلیس ئه‌نجامى بدات، به‌ 15 خاڵ له‌ 8 یارى (4 بردنه‌وه‌ و 3 یه‌كسانبوون و 1 دۆڕاندن) گه‌یشته‌ خانه‌ى یه‌كه‌مى ریزبه‌ندى پڕۆ لیگى یانه‌كانى ئێران.

شایه‌نى باسه‌ وریا غه‌فورى سنه‌یی كه‌ ته‌مه‌نى 33 ساڵه‌، تائێستا له‌گه‌ڵ یانه‌ى ئیستقلالى تاران، له‌وه‌رزى 2020-2021ى خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران (پڕۆ لیگ)دا، له‌ 6 یاریدا 531 خوله‌ك ده‌ركه‌وتووه‌ و توانیویه‌تى 3 گۆڵ تۆمار بكات كه‌ دوو گۆڵیان به‌په‌ناڵتى بووه‌.

په‌یوه‌ندی دار

Close