وتار

سیستماتیکردنی لایەنی هونەر و میکانیکی لە تۆپی پێدا

کاتێک باسی سیستماتیکردنی یاری تۆپ پێ دەکەین پێویستە بپرسین مەبەستمان لە سیستەم چیە؟
وەکوو ئاماژەم پێدا سیستەم خۆی لە خۆیدا هیچ مانەیەکی نیە. بەڵام بۆنموونە بەشێوەیەکی تیۆری ئەگەر ئاوێک بە جۆگەلەیکدا تێبپەڕێت بێ هیچ دەستکارییەک مانای ئەوەیە ئاوی ناو ئەو جۆگەلەیە هیچ سیستەمێک کۆنترۆڵی ناکات، بەڵام هەر کە ڕێگەیەکی دیکەمان کردووە بۆ ئەوەی ئاواکە پێدا تێپەڕ ببێت و پاشان تەسکی و بەرفراوانی جۆگەلەکەمان دیاریکرد یەکڕاست خۆی لەخۆیدا سیستەمێک بۆ چۆنێتی تێپەڕبوونی ئاوەکە بەناو جۆگەلەکدا دیاری دەکەین. لێرەوە سیستەم واتا دانانی سنور و ڕێسای تایبەت بەکارکردنی شتێک.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان: سیستەم لە تۆپ پێدا
دەکرێت سیستەم لە تۆپی پێدا دوو جۆر بێت یەکەم: دانانی سیستەمێک بۆ کۆنترۆڵکردنی لایەنی میکانیکی یارییەکە (تەکنیک و تەکتیک) واتا مامەڵەکردن لەگەڵ یارییەکەدا وەکوو کردارێکی میکانیکی
دووەم: بە سیستماتیکیردنی لایەنی هونەری یارییەکە (خێرای، جوڵەی بە تۆپ و بێ تۆپ و بۆشایی) واتا مامەلەکردن لەگەڵ یارییەکە وەکوو هونەرێک.

ئەم دوو جۆرە سیستەمە، دوو جۆر دەرئەنجاممان پێدەدات
دەرئەنجامی یەکەم: بە سیستماتیکردنی لایەنی میکانی یارییەکە وادەکات یارییەکە پێشبینکراو و دووبارە بێت واتا لایەنی داهێنانی تێدا دەکوژرێت و یارییەکە بێتام دەبێت.
دەرئەنجامی دووەم: بە سیستماتیکردنی لایەنی هونەری یاریەکە وادەکات لایەنی داهێنان و پێشبینینەکردنی ڕوداوەکانی نێو یارییەکە گەشە بکات و بەمەش چێژی یارییەکە بەرز دەبێتەوە.

لێرەدا پێویستە بپرسین چۆن لایەنی میکانیکی یارییەکە سیستماتیک دەکرێت و دەکرێت بە جەوهەر بۆ یارییەکە؟
وەکوو وتمان سیستماتیکردنی کردنی شتێک واتا دانانی کۆمەڵێک ڕێسا و سنور بۆ شتێک. ئەگەر ئەمە تەتبیق بکەینە سەر لایەنی میکانیکی یارییەکە واتا ئێمە تاکتیکیەکانی هێڕشبردن و بەرگری دیاری بکەین لە جێگا و حالەت جیاوازەکانی ناو یاریگا بێ ئەوەی ڕچاوی ئەو حالەتانە بکەین کە دەکرێت لە یارییەکەدا ڕووبدات.
بۆنموونە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تۆپی درێژ لەکاتی بەرگریدا کۆمەڵێک بنەمای تەکنیکی و تاکتیکی دادەنێن بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تۆپە درێژەدا. بۆ نموونە هەمیشە درێژترین یاریزانمان دادەنێین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تۆپەدا. یاخود بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشی هەڵگەڕاوە هەمیشە دەلێن فڵانە یاریزانمان خێرایە بۆیە لەهەرکوێیەک بوو دەبێت تۆپەکە بدەین بە ئەو چوونکە لە هەموو یاریزانەکانیتر خێراتر دەچێتە سەرەوە. یان بۆ هێنانە سەرەوەی تۆپ هەمیشە لە ناوەڕاستی یاریگاوە بە پاسی کورت دەچینە سەرەوە و ناچینە ناوچەی باڵەکان…هتد لەم سنورە تاکتکیکیانەی کە دەکرێت ببن بە بنەمای سیستەمی یاریکردنمان.
هەمان شت بۆ تەکنیک ڕاستە کە دەکرێت بەم شێوەیە سیستماتیک بکرێت بۆ نموونە هەموو پاسێک لە ناوەڕاستەوە بۆ قوڵای یاریگا بە ناوەوەی پێ بدرێت، شووت هەمیشە بە سەرەوەی پێ بکرێت…هتد
لێرەوە ئێمە بناغەی یاریکردنمان بەشێوەیەکی سیستماتیکی کرد بە کردارێکی میکانیکی. ئەمەش وادەکات کلیلەکانی سیستەمەکە بە ئاسانی بناسرێتەوە و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

هەڵبژاردنی دووەم: سیستماتیکردنی لایەنی هونەری یارییەکە

لەبەرئەوەی هیچ دوو یارییەکی تۆپی پێ وەکوو یەک نیە تەنانەت ئەگەر لە نێوان هەمان دوو تیپدا دووبارە ببێتەوە، ئەمە مانای ئەوەیە هەمیشە بەشێوەیەکی سروشتی کۆمەڵێک ڕوودا لە یارییەکەدا ڕوودەدەن کە ناکرێت پێشبینیبکرێت، بۆیە کۆنترۆڵکردنی مەحاڵە.

ئەوەی مەحاڵ نيه و دەکرێت کۆنترۆڵی بکەین ئەوەیە ئایا ئێمە سەرنج دەخەینە سەر چی شتێک و چی شتێک پشتگوێ دەخەیەن. لە سیستەمکردنی لایەنی میکانیکی یارییەکە وەکوو ئاشکرایە ئێمە تەنها سەرنج دەخەینە سەر ئەو پلانەی کە خۆمان داماناوە و گوێ نادەین بە ئەو ڕووداوانەی کە دەکرێت لە نێو یارییەکەدا ڕوودەدەن. ئەمەش وادەکات تێبگەین لەوەی کە بۆچی هەندێکجار یاریزانێک دەبینین لەنێو یاریگدا چانسێک یان هەلی شوتکردن، دریبلنگ کردن یاخود پاسدانی هەیە و دەیبینێت بەڵام ئەنجامی نادات و شتێک دەکات کە رەنگە بەدرێژایی یارییەکە چەندین جار ئەنجامی دابێت و هیچ ئەنجامێکی سەرکەتووی تێدا بەدەست نەهێنابێت. چوونکە وەکوو وتمان یاریزانەکە بەشێوەیەکی سیستماتیک ئاراستەکراوە بۆ پشتگوێخستنی ڕووداوەکانی نێو یاریگا و ئەنجامدانی ئەوەی کە پێشتر کاری لەسەرکردووە.

لێرەوە تێدەگەین لەوەی کە سنور یاخود ڕێسای یەکەمی بۆ سیستماتیکردنی لایەنی هونەری یارییەکە ئەوەیە ئێمە گرنگی بدەین بە خوێندنەوەی ڕووداوە سروشتییەکانی نێو یاریگا و بیکەین بە بنەمای سەرەکی یاریکردنمان. دووەم شت بەکارهێنانی تەکنیک و تاکتیک بۆئەوەی یاریزان بەکاربهێنێت بۆ گوزارشتکردن لە لایەنی هونەری خۆی. بۆنموونە ئێمە بڕیار دەدەین کە بەخێرای تۆپ ببەینە سەرەوەی یاریگا بەڵام یاریزان نابەستینەوە بەوەی کە ئاخۆ بە پاسی کورت ئەم کارە بکات یان بە پاسی درێژ یاخود بە دریبڵینگ، بەڵکوو ئازادی دەدەین بە یاریزانەکە کە خۆی بڕیاربدات بەگوێرەی ئەو حالەتی تێی کەوتووە یەکێک لەو هەلبژاردنانە هەڵبژێرێت. یاخود ئێمە بڕیار دەدەین کە باڵەکانی بەرگری بێنە سەرەوە لەگەڵ تۆپ بەڵام باڵی بەرگرییەکە نابەستینەوە بە کۆمەڵێک هەڵبژاردن لەبارەی ئەوەی چۆن بێتە سەرەوە و لەکوێدا بوەستێت، یان هێرشبەرەکە هەمیشە لەناوچەی سزادا بێت کاتێک تۆپ دەگاتە کەناری ناوچەی سزا بەڵام بڕیار نادەین لە کوێدا بێت و چۆن بوەستێت.

لێرەوە تۆی بینەر کاتێک تەماشای تیپێک دەکەیت کە لایەنی هونەری سیستماتیکردووە ناوتوانیت پێشبینی ئەوە بکەیت یاریزانەکان لەکاتی هێنانە سەرەوەی تۆپ چی کارامە و تاکتکێک بەکاردەهێن بەڵکوو هەمیشە چاوەروانی داهێنان و گوزارشتی یاریزانەکە دەبیت بۆیە یارییەکە چێژبەخشتر دەبێت بۆ تۆ.

نوسەر_ بڵند فاتیح

په‌یوه‌ندی دار

Close