وتار

مامۆستایانی زانکۆ لە نێوان بەرپرسیارێتی و بێدەنگیدا


لە زانستی بەڕێوەبردندا بابەتێک هەیە بەناوی (اخلاقیات العمل) ڕەوشتی کار ، کە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی بریتییە لە بەجێهێنانی (ئەرکی ڕەوشتی بەرامبەر کۆمەڵگە) .
ڕەنگە خوێنەری ئەم بابەتە بەتایبەت هاوپیشەکانم ڕاستەوخۆ بڵێن کێ هێز و تاقەتی لەبەر ماوە تا قسەبکات، وەڵامەکەی زۆر ڕوونە ، لەسەردەمی پێش قەیران و لەکاتی پارە ڕژاندا ، ئەوکاتەی بەرپرسانی وەرزشیی بە کارتۆن وەسڵیان لە چاپخانەکان دەهێنایەوە تا پڕی بکەنەوە و پارەکانیان لە نێوان خۆیاندا بەشکرد و خواردیان ، لەو کاتەدا هەموومان دەمانزانی ئەو بەرپرسانە کێن و چۆن دەوڵەمەندبوون، بەڵام (هەندێک) لەو مامۆستایانەی زانکۆ ئەوکات جگە لە بێدەنگی بگرە زۆربەیان کاری دەوامی خۆشیان وەک پێویست نەدەکرد.
هەر ئەو بێدەنگیەش بوو ئەمڕۆژەی دروست کرد کە کۆمەڵێك بەرپرسی وەرزشیی کە هەندێکیان پەڵەی ڕەوشتیان لەسەرە لە وەرزشی کوردستان بوونەتە پاڵەوان و لەیاریگاکان سنگ دەردەپەڕێنن.
ئەمەوێ بڵێم ، لە کوردستان ئەو هەموو زانکۆیە هەیە لەناو هەر کۆلێجێک پسپۆری (بەڕێوەبردنی وەرزشی) هەیە پێم سەیرە کەسیان بە پۆستێک یا بەوشەیەک ڕەخنەیەک ناخەنە ڕوو کەسێك باسی ئەوە ناکا حکومەت یان ئەو بەرپرسانە چۆن پشتگیری کەسانێک ئەکەن کە یاری بە چارەنووس و ژیانی وەرزشکارانەوە دەکەن ، کەسیان ناپرسن ئایا لە ڕابردوو ئەو هەموو پارەیە چۆن خەرجکرا و بەچی درا ، یان کەسێ ناڵێ بەسە ئەو هەموو مەرجەع و کەسایەتیە نامۆیانە چیتر با وەرزش بچووک نەکەنەوە و ناشرینترینی نەکەن ، پێویستە ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر لەلایەن مامۆستایانی زانکۆ بوروژێنرێت و کۆدەنگیەک دروستبێت تا نەوەی داهاتووش نەکەونە ژێر سێبەری کەسانی نەزان و کەم توانست ، یان لە کۆتاییدا بێدەنگ بین ، وەک عەرەب ئەڵێت (السکوت علامة الرضا) .
د. دیار کمال _ مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی

په‌یوه‌ندی دار

Close