وتار

گۆڕینی ناوی داڵکورد بۆ؟

گۆڕینی ناوی داڵکورد بۆ برایەتی ئەوەمان پیشان دەدات کە کورد تاکوو ئێستایش نازانێت کایەی وەرزشی لە کایەکانی دیکەی کۆمەلگا جیابکاتەوە و هەرگیز لە ژینگەیەکی تەندروستدا نازانێت برەو بە وەرزش بدات. ئەو پاساوانەی کاربەدەست و نوێنەرانی یانەکە دەیهێننەوە بۆ گۆڕینی ناوەکە بەداخەوە هیچ نیە جگە لە چەواشەکردنی هاندەرە کوردەکانی یانەکە، بە تایبەتی لە دەرەوەی سوید. هەربۆیە پێم خۆشبوو لێرەدا هەندێک ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو بابەتە بدەم

پاساوی یانەکە بۆ ئەوەی بوونی یانەیەک بە ناو و لۆگۆی نەتەوەیەکی دیاریکراوەوە قبوڵکراو نیە لە سویدا بە تەواوەتی دوورە لە ڕاستییەوە، چوونکە چەندین یانە هەن لە سویدا کە ناوەکانیان باکگراوندێکی نەتەوەیی دیاریکراوی هەیە وەکوو یانەکانی( سیریانسکا ئێف سی) و (ئەسیریسکا ئێف ئێف) کە ئاماژە بۆ نەتەوەیەکی دیاریکراو دەکەن. هاوکات لۆگۆی زۆر یانە هەن کە ئالای نەتەوەیەک یان وڵاتێکی تایبەتی تێیدایە، بە ئاڵای خودی وڵاتی سویدیشەوە. بۆیە لەڕووی یاساییەوە ئەم پاساوە بە تەواوەتی نادروستە و تەنها چەواشەکاریە.

لەلایەکیتریشەوە پاساوی ئەوەی یانەکە نوێنەرایەتی یەک نەتەوە ناکات و یانەیەکی نێونەتەوەییە. یاخود بەکارهێنانی ناوی یانەکە بۆ دەرخستن و نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەیەکی تایبەت لەگەڵ بنەماکانی کۆمەڵگای سویدیدا یەک ناگرێتەوە و ئاماژەیەکی ڕەگەزپەرستانەی تێیدایە هەرچەندە لەڕووی یاساییەوە دروست نیە، بەڵام ئەگەر لەڕووی کۆمەلایەتیشەوە ڕاست بێت ئەوا بێگومان ناوی (برایەتی)یش بە تەواوەتی لەگەڵ بنەما جێندەرێکانی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان و لەنێوانیاندا ژن و پیاو یەک ناگرێتەوە و هەڵەیەکی گەورەیە کە یانەکە تێی کەوتووە. چوونکە لە ئێستادا لە نێو کۆمەلگا و دامودەزگاکانی سویدا بەشێوەیەکی چروپڕ کار دەکرێت و هەولی لابردنی هەموو ئەو دەستەواژانە دەدرێت کە ئاماژە بۆ باڵادەستی ڕەگەزێک دەکات بەسەر ڕەگەزێکتردا.
لەم چوارچێوەدا دەستەواژەی برایەتی بە تەواوەتی دژی مافەکانی ژنە و باڵادەستی پیاو دەردەخەت کە ئەمەش پرسیار لەسەر ئەوە دروست دەکات ئایا یانەیەک ناوی برایەتی بێت چۆن دەکرێت ژنان بە یانەی خۆیان دایبنێن. هەر بۆیە ئەگەر ناوی داڵکورد ئاماژەیەکی کۆنپەرستی و نەتەوەپەرستی تێدا هەبێت ئەوا ناوی برایەتی دوو هێندە نەنگییە و پیاوسالارانەیە.

لە وێنەکاندا لۆگۆ و ناوی کۆمەلێک یانە دەبینین کە ئاماژە بە گروپی و ئالای نەتەوەیەک یان وڵاتێکی تایبەت دەکەن لەنێوانیشاندا لۆگۆی یانەی ئایکۆ کە یەکێک لە کۆنترین و بەناوبانگترین یانەکانی سوید کە بە تەواوەتی ئاڵای سوید لە لۆگۆکەیاندا بەشێوەیەکی هونەری نەخشێنراوە.

نوسەر_ بڵند فاتیح

په‌یوه‌ندی دار

Close