هەواڵ

هەرێمی کوردستان بەدەستور دەتوانێت هەنگاو بەرەو نێودەوڵەتی بون بنێت


بەڵگەی یاسایی و دەستوری مافەکانی وەرزشی هەرێمی کوردستان لەعێراق و نێودەوڵەتی، لەسیمینارەکەی ناوەندی وەرزشی کوردستان لەشاری هەولێر خرایە ڕوو.
ئەمڕۆ لەهۆڵی شیراتۆن لەشاری هەولێر ناوەندی وەرزشی کوردستان سیمیناری (بەنیشتیمانی و یاسایی و نێودەوڵەتیکردنی وەرزش لەهەرێمی کوردستان) بۆ نوسەرو ڕۆژنامەنوسی وەرزشی (زانا قادر عەزیز) بەڕێوەبرد.
سیمینارەکە بەئامادەبونی ژمارەیەك لەبەرپرسانی وەرزشی و وەرزشکارو ڕۆژنامەنوسان و ئەندامێکی لیژنەی وەرزشی پارلەمانی عێراق ئەنجامدرا کە (زانا قادر) چەندین بەڵگەی یاسایی و دەستوری بۆ ئامادەبوان خستە ڕوو کەبەپێی ئەو بەڵگانە سەلماندی هەرێمی کوردستان دەتوانێت مافە دەستورییەکانی خۆی لەوەرزشدا بەدەست بهێنێت و هەنگاو بەرەو دەرەوەی عێراق و نێودەوڵەتی بوون بنێت.
لەبەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا ئەوە خرایە بەرچاو کەچەندین شوێنی دیکە لەجیهاندا هەن هاوشێوەی هەرێمی کوردستان و کەمتریشن کەتوانیویانە لەسەر ئاستی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی و یەکێتی تۆپی پێی جیهان ببن بەئەندام و بەشداری نێودەوڵەتییان هەبێت، هاوکات ئەو بیروبۆچۆنانەش ڕەتکرایەوە کەچەندین ساڵە لەسەر نەگونجان و نایاسایی بونی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی کوردستان و وەرزشی سەربەخۆ دەوتران، بەڵام زانا قادر تەئکیدی کردەوە کەدەبێت کارەکانی ئۆڵۆمپی و یەکێتی تۆپی پێ و وەرزش بەم جۆرەی ئێستا نەبێت و چاکبکرێت.
هاوکات زانا قادر تەئکیدی لەوە کردەوە کەپێشتریش کەسانی یاساناس و شارەزا لەدەستوری عێراقدا سەرسامی خۆیان بۆ پرۆژەکەو پاڵپشتیان بۆ هەنگاونانی نێودەوڵەتی کردنی وەرزشی کوردستان دەربڕیوە.

په‌یوه‌ندی دار

Close