هەواڵ

کورد سپۆرت ناوی راهێنەری نوێی یانەی هەولێر ئاشکرادەکات

یانەی هەولێر گفتوگۆکانی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی لەگەڵ تاریق جرایای راهێنەری پیشەگەری تونسی، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی تیپی تۆپی پێی یانەکە لە خولی نایابی عێراقدا بکات. وەرزی ئەمساڵ تەها قادر راهێنەری یانەی هەولێر بوو، بەڵام بەهۆی خۆبەربژێرکردنی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر دەستیلەکارکێشایەوە و ئەحمەد موناجد ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، کە وەرزی رابردوو سەرپەرشتی تیپی خولی کوردستان و تیپی لاوانی یانەکەی دەکرد، ئێستا وەک یاریدەدەری راهێنەر سەرپەرشتی تیپیەکە لە خولی نایابی عێراقدا دەکات. سەرچاوەیەکی بەرپرس لەنێو دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند “گفتوگۆکانمان لەگەڵ تاریق جرایا راهێنەری تونسی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و چەند خاڵێکی کەم ماوە بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەمان لە خولی نایابی عێراق وەربگرێت و ببێتە شوێنگرەوەی تەها قادر”. تاریق جرایا پێشر راهێنەری یانەی فەیسەڵی ئوردنی بووە، هەروەها لە خولەکانی ئیمارات و لوبنانی وەک راهێنەر کاریکردووە. بەرپرسەکەی یانەی هەولێر، زیاتر گوتی “متمانەیەکی زۆرمان بە ئەزموونی ئەو راهێنەرە هەیە و ئەزمووندارە لەگەڵ یارییە بەهێز و تیپە گەورەکاندا، ئێمە لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق چاومان لە ئەنجامێکی باشە”. یانەی هەولێر لە 1968 دامەزراوە، خاوەن چوار نازناوی خولی نایابی عێراقە و دووجاریش گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئاسیا.