ژیلوان به‌شێوه‌ى سه‌ره‌كى و له‌سه‌ره‌تاوه به‌رامبه‌ر دینامۆ زه‌گره‌ب ده‌جه‌نگێت


سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
ژیلوان حه‌مه‌د-ى ناوه‌ڕاستكارى نێوده‌وڵه‌تى و به‌ئه‌زموونى كورد له‌یارى ئه‌مڕۆ 20ى حوزه‌یرانى 2020ى یانه‌كه‌یدا به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ى دینامۆ زه‌گره‌ب-ى به‌ناوبانگ و پێشه‌نگى خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى كرواتیا له‌سه‌ره‌تاوه به‌شێوه‌ى سه‌ره‌كیی یارى ده‌كات.
كاتژمێر 10:05 خوله‌كى ئه‌مشه‌و یانه‌ى گۆریكا-ى كرواتى كه ژیلوان حه‌مه‌د (ژیله)ى یاریزانى كورد یارى تێدا ده‌كات و له‌پله‌ى شه‌شه‌مى خوله‌كه دایه، به‌به‌شدارى سه‌ره‌كیی ناوه‌ڕاستكاره كورده‌كه‌ى له‌سه‌ر یاریگاى خۆیدا (رادنیك) له‌ناوچه‌ى ڤێلیكا-ى گۆریكا میوانداریی له‌یانه‌ى دینامۆ زه‌گره‌ب ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ى یارییه‌كانى هه‌فته‌ى 30ى قۆناغى دووه‌مى خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى كرواتیا-دا.
به‌پێى ئه‌و پێكهاته‌یه‌ى یانه‌ى گۆریكا به‌ر له‌چه‌ند خوله‌كێك بڵاوى كردۆته‌وه، ژیلوان حه‌مه‌د-ى ته‌مه‌ن 29 ساڵ له‌هێڵى ناوه‌ند به‌درێسى ژماره 7 به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ى دینامۆ زه‌گره‌ب ده‌جه‌نگێت.
شایه‌نى باسه ژیلوان موحه‌مه‌د حه‌مه‌د ئهڵڵاوێردى رانیه‌یی تائێستا له‌گه‌ڵ یانه‌ى گۆریكا له‌خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى كرواتیادا به‌شدارى له 19 یاریدا كردووه و 1086 خولهك یارى كردووه و توانیویه‌تى 1 گۆڵ تۆمار و 3 گۆڵیش سازبكات.
