ئالان و ئۆزگور یانه‌كه‌یان به‌یه‌كه‌م نازناوى خولى فوتساڵى سوید شادكرد

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
خولى نایابى فوتساڵى سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانى سویدى كۆتاییهات و نازناوى پاڵه‌وانى خوله‌كه و به‌شدارى كردنى لهیوفا فوتساڵ چامپیۆنس لیگى وه‌رزى داهاتوو به‌ر یانه‌كه‌ى هه‌ردوو یاریزانى كورد (ئالان و ئۆزگور) كه‌وت.
رۆژى 21ى حوزه‌یرانى 2020 هه‌ردوو یانه‌ى هاماربى و یۆتۆبۆرى له‌سه‌ر نازناوى خولى نایابى فوتساڵى سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانى سوید-ى وه‌رزى 2019-2020 له‌هۆڵى ئێریكسندالس له‌شارى ستۆكهۆڵم رووبه‌ڕووى یه‌كتربوونه‌وه و سه‌ره‌نجامى یارییه‌كى به‌هێز یانه‌ى هاماربى شارى ستۆكهۆڵم-ى پایته‌خت كه هه‌ردوو یاریزانى كوردى باكوور و نیشته‌جێى سوید (ئۆزگور یه‌شار و ئالان ئه‌رسلان) یارییان تێدا ده‌كرد، به‌ئه‌نجامى 2-1 بردنه‌وه‌ى ده‌سته‌به‌ركرد و بۆیه‌كه‌مجار له‌مێژووى خوله‌كه‌دا نازناوه‌كه‌ى له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆى یه‌كلاكرده‌وه و مێژوویه‌كى زێڕ‌ینى بۆخۆى نووسییه‌وه و بۆ وه‌رزى داهاتوو 2020-2021 بهسیفهتى پاڵه‌وان و به‌نوێنه‌رایه‌تى یانه‌كانى سوید به‌شدارى خولى فوتساڵى یانه پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا (یوفا فوتساڵ چامپیۆنس لیگ-UEFA Futsal Champions League) ده‌كات.
یانه‌ى هاماربى له‌قۆناغى پێش كۆتایی خوله‌كه 3-4 به‌یانه‌ى ئۆدیڤاڵا دۆڕا و دواتر به‌ئه‌نجامى 7-5 لێى برده‌وه و گه‌یشته یارى كۆتایی و یانه‌ى یۆتۆبۆرى-ش بهئهنجامهكانى 9-4 و 17-2 له‌یانه‌ى ئیسكلستونا-ى برده‌وه و بووه دووه‌م لایه‌نى یارى كۆتایی خوله‌كه.
شایه‌نى باسه ئۆزگور یه‌شار به‌تۆماركردنى 16 گۆڵ له 15 یاریدا توانى زۆرترین گۆڵ له‌نێو یاریزانانى یانه‌ى هاماربى تۆماربكات و ئالان ئه‌رسلان-یش 9 گۆڵ له 15 یاریدا تۆماربكات و رۆڵى گه‌وره ببینن له‌به‌ده‌ستهێنانى یه‌كه‌م نازناوى پاڵه‌وانى فوتساڵى یانه‌كانى سوید.
