هەواڵ

ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش په‌یمان ئه‌لیاسى گۆڵێكى بۆ یانه‌ سویدییه‌كه‌ى تۆماركرد

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

په‌یمان ئه‌لیاسى هێرشبه‌رى به‌ئه‌زموونى كورد-ى دانیشتووى سوید و یانه‌ى ئۆسكارشامن ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش وه‌ك هه‌فته‌ى رابردوو له‌ئیتانى یانه‌كانى سوید گۆڵى خۆى بۆ یانه‌كه‌ى كرد.

له‌میانه‌ى یارییه‌كانى هه‌فته‌ى چواره‌مى خولى پله‌ یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید (ئیتان) بۆ تیپه‌كانى ناوچه‌ى باشوور، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27ى حوزه‌یرانى 2020 یانه‌ى ئۆسكارشامن كه‌ په‌یمان ئه‌لیاسى یاریزانى كورد له‌هێڵى پێشه‌وه‌دا به‌درێسى ژماره‌ 99 یارى تێدا ده‌كات، له‌ده‌ره‌وه‌ى یاریگاى خۆی و به‌دیاریكراوى له‌یاریگاى رودالین/ 1، بووه‌ میوانى یانه‌ى ئوكسیكتن و سه‌ره‌نجامى یارییه‌كى به‌هێزیش هه‌ردوولا 2-2 یه‌كسانبوون.

په‌یمان ئه‌لیاسى هێرشبه‌ر كه‌ به‌شێوه‌ى سه‌ره‌كى له‌یارییه‌كه‌دا ئاماده‌یی هه‌بوو، گۆڵى یه‌كه‌مى یانه‌كه‌ى كرد و یلى پۆدریمكاكو-ى هاوڕێى گۆڵى دووه‌م و به‌مه‌ش توانییان خاڵێكى گرنگ له‌ده‌ره‌وه‌ى یاریگاى خۆیاندا بۆ یانه‌كه‌یان كۆبكه‌نه‌وه‌.

به‌م ئه‌نجامه‌ش یانه‌ى ئۆسكارشامن له‌خولى پله‌ یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید (ئیتان)ى ساڵى 2020 بۆ تیپه‌كانى ناوچه‌ى باشوور، له‌پله‌ى دووه‌مى ریزبه‌ندیدا بووه‌ بۆ پله‌ى سێیه‌م دابه‌زى به‌ 8 خاڵ له‌ 4 یارى (2 بردنه‌وه‌، 2 یه‌كسانبوون) و (8-5 گۆڵ) و په‌یمان-ى ته‌مه‌ن 31 ساڵیش به‌تۆماركردنى ئه‌م گۆڵه‌ بووه‌ خاوه‌نى 2 گۆڵ له‌ 4 یارى و 359 خوله‌ك یاریكردن.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close