هەواڵ

كوردێك به‌نوێنه‌رایه‌تى عێراق ده‌بێته‌ ئه‌ندامى تێنسزانه‌ دێرینه‌كانى عه‌ره‌ب

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

تێنسزانێكى دێرینى شارى هه‌ولێر و كوردستان و عێراق، وه‌ك نوێنه‌رى عێراق ده‌بێته‌ ئه‌ندامى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى یه‌كێتى یاریزانه‌ دێرینه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌ب كه‌ باره‌گاكه‌ى له‌وڵاتى میسر ده‌بێت.

وریا عه‌بدولقادر-ى یاریزانى دێرینى یارى تێنسى سه‌رزه‌وى شارى هه‌ولێر و كوردستان و عێراق كه‌ ئێستا جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتى تێنسى سه‌رزه‌وى عێراقه‌، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌تێنسزانه‌ دێرینه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌بى وه‌ك ئه‌ندامى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى یه‌كێتى یاریزانه‌ دێرینه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌ب هه‌ڵبژێردرا.

وریا عه‌بدولقادر ئه‌ندامى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى یه‌كێتى یاریزانه‌ دێرینه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌ب له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ (kurdsport) وتى: نزیكه‌ى سێ ساڵه‌ كار بۆ دامه‌زراندنى ئه‌م یه‌كێتییه‌ ده‌كه‌ین، ئێستا له‌هه‌ر وڵاتێكى عه‌ره‌بى كه‌سێك بۆ ده‌سته‌ى دامه‌زراندن و بوونه‌ ئه‌ندامى یه‌كێتییه‌كه‌ دیارى ده‌كرێت كه‌ ئه‌م كه‌سه‌ نوێنه‌رایه‌تى وڵاتى خۆى ده‌كات، ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌رى عێراق له‌ده‌سته‌ى دامه‌زراندنى یه‌كێتییه‌كه‌داین، پاش دیارى كردنى نوێنه‌رانى سه‌رجه‌م وڵاتانى عه‌ره‌بى و دانانى په‌یڕه‌و و پڕۆگرام و له‌میسر كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراوان ده‌كه‌ین و نووسراو به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ یه‌كێتى تێنسى سه‌رزه‌وى وڵاتانى عه‌ره‌ب تا یه‌كێتى یاریزانه‌ دێرینه‌كانیش به‌فه‌رمیی بناسێنێت.

وریا عه‌بدولقادر ئه‌وه‌شى وت كه‌ تائێستا هه‌ریه‌كه‌ له‌ (عێراق و میسر و به‌حره‌ین و عمان و ئوردن و لوبنان و سوریا و مه‌غریب و ئیمارات و سودان) نوێنه‌رى خۆیان دیارى كردووه‌ و نوێنه‌رى وڵاتانى (فه‌له‌ستین و كوێت) له‌ڕۆژانى داهاتوودا دیارى ده‌كرێن و هه‌ندێك وڵاتى عه‌ره‌بى ماوه‌ نوێنه‌ره‌كانیان بۆ ده‌سته‌ى یه‌كێتییه‌كه‌ دیارى بكه‌ن له‌وانه‌ (یه‌مه‌ن و لیبیا و جه‌زائیر) و هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵدا كردوون كه‌ ئه‌وانیش نوێنه‌رى خۆیان دیارى بكه‌ن.

شایه‌نى باسه‌ وریا عه‌بدولقادر ته‌مه‌نى 56 ساڵه‌ و یه‌كێكه‌ له‌یاریزانه‌ دێرینه‌كانى هه‌ولێر و كوردستان و عێراق و تائێستا به‌رده‌وامه‌ له‌یارى كردن و جگه‌ له‌پاڵه‌وانێتییه‌كانى كوردستان و عێراق، ساڵانه‌ له‌شارى ئه‌نتاڵیاى توركیا به‌شدارى پاڵه‌وانێتى نێوده‌وڵه‌تى یاریزانه‌ دێرینه‌كان ده‌كات و خاوه‌ن ریزبه‌ندى جیهانیی خۆیه‌تى له‌گه‌ڵ ئه‌نجامى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستى تاك و جووت و تێكه‌ڵاودا.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close