هەواڵ

یانه‌ى رۆیاڵ ئه‌نتویرپ گۆڵپارێزێكى هەنگاری بۆ شوێنى گۆڵپارێزه‌ كورده‌كه‌ دیارى ده‌كات

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

به‌هۆى نه‌بوونى ڤیزا و نه‌گه‌یشتنى به‌وڵاتى به‌لژیكا، پێده‌چێ خه‌ونى یه‌كه‌م وێستگه‌ى پیشه‌گه‌ریی گۆڵپارێزه‌ كورده‌كه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى ئێران و یانه‌ى پێرسپۆلیس له‌یانه‌یه‌كى ئه‌وروپایی له‌باربچێت.

به‌پێى هه‌واڵێكى سایتى فوتبۆڵ 24ى به‌لژیكایی، پاش ئه‌وه‌ى له‌ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌دا یانه‌ى رۆیاڵ ئه‌نتویرپ (جان بوتیز)ى فه‌ڕه‌نسى و گۆڵپارێزى ته‌مه‌ن 25 ساڵى یانه‌ى مۆسكرۆن-ى هاونیشتمانى گواسته‌وه‌ ریزه‌كانى، به‌بێ ده‌نگى دانانیشێت و له‌و سنووره‌ش ناوه‌ستێت و ئێستا به‌دواى گۆڵپارێزێكى تره‌وه‌یه‌ كه‌ بیگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانى، ئه‌مه‌ش له‌شوێنى عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ى گۆڵپارێزى ته‌مه‌ن 27 ساڵى یانه‌ى پێرسپۆلیس كه‌ به‌هۆى پێنه‌دانى ڤیزا و نه‌بوونى گه‌شتى فڕۆكه‌وانى له‌نێوان وڵاتاندا تائێستا نه‌یتوانیوه‌ رووبكاته‌ به‌لژیكا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یانه‌كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربوونی و بۆ گواستنه‌وه‌ى گۆڵپارێزه‌كه‌یان، بڕى 630 هه‌زار یۆرۆى داوه‌ته‌ یانه‌ى پێرسپۆلیس.

سایته‌كه‌ نووسیویه‌تى له‌یانه‌ى رۆیاڵ ئه‌نتویرپ به‌شێوازێكى جیاواز بیرده‌كرێته‌وه‌ و به‌پێى رۆژنامه‌ى هیت نیوزبلاد ئه‌م یانه‌ دێرینه‌ى به‌لژیكا له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ په‌له‌ له‌بابه‌تى گواستنه‌وه‌ى عه‌لیڕه‌زا بیرانوند بكات.

سایتى فوتبۆڵ 24ى به‌لژیكایی ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ كه‌ یانه‌ى رۆیاڵ ئه‌نتویرپ كه‌ له‌خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى به‌لژیكا (جوپیلێر پڕۆلیگ)دا یارى ده‌كات و وه‌رزى داهاتوو 2020-2021 له‌ خولى ئه‌وروپا (ئه‌وروپا لیگ) به‌شداره‌، سه‌ره‌تا پلانى گواستنه‌وه‌ى عه‌لیڕه‌زا-ى داڕشت وه‌ك شوێنگره‌وه‌ى سینان بۆلات-ى گۆڵپارێزى سه‌ره‌كى یانه‌كه‌، به‌ڵام به‌هاتنى بوتیز-ى فه‌ڕه‌نسى و نه‌هاتنى بیرانوند، پێده‌چێ ئه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى گۆڵپارێزه‌ فه‌ڕه‌نساییه‌كه‌ بێت.

هه‌روه‌ها باس له‌وده‌كات ئه‌گه‌ر كێشه‌ى ڤیزا و رێگه‌پێدانى عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ى گۆڵپارێزى نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵبژارده‌ى ئێران به‌زوویی كۆتایی پێنێت، ئه‌وا لێپرسراوانى یانه‌ى رۆیاڵ ئه‌نتویرپ-ى به‌لژیكایی (دێنیس دیبوس)ى گۆڵپارێزى هەنگاری ته‌مه‌ن 29 ساڵیان كردۆته‌ بژارده‌ى خۆیان تا له‌شوێنى ئه‌ودا بۆندى له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

شایه‌نى باسه‌ یانه‌ى رۆیاڵ ئه‌نتویرپ به‌پێى رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ یانه‌ى پێرسپۆلیس-ى ئێرانی، بڕى 630 هه‌زار یۆرۆى داوه‌ته‌ یانه‌ى پێرسپۆلیس له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربوونى له‌م گۆڵپارێزه‌ كورده‌ و گۆڵپارێزه‌كه‌ش بۆ ماوه‌ى 3 ساڵ بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانى له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ى بۆنده‌كه‌ بۆ ساڵى چواره‌م له‌سه‌ر خواستى خۆى، به‌پێى بڕگه‌كانى بۆنده‌كه‌ش، ساڵى یه‌كه‌م بڕى 900 هه‌زار دۆلار و ساڵى دووه‌م بڕى یه‌ك ملیۆن دۆلار و ساڵى سێیه‌میش بڕى یه‌ك ملیۆن و دوو سه‌د هه‌زار دۆلار به‌ عه‌لیڕه‌زا بیرانوند ده‌دات.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close