هەواڵ

یه‌كه‌م گۆڵى رێوان له‌ئالسڤێنسكانى سوید


سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
له‌یارى ئه‌مڕۆ 1ى ته‌موزى 2020ى یانه‌كه‌یدا له‌هه‌فته‌ى پێنجه‌مى خولى نایابى تۆپى پێی یانه‌كانى سوید (ئالسڤێنسكان)ى ساڵى 2020دا، رێوان ئه‌مین-ى ناوه‌ڕاستكارى لاوى كوردى یانه‌ى ئۆسترسوند یه‌كه‌م گۆڵى خۆى له‌خوله‌كه‌دا و گۆڵى 2-1ى بردنه‌وه‌ى یانه‌كه‌ى له‌به‌رامبه‌ر یانه‌ى كالمار به‌په‌ناڵتى له‌خوله‌كى 88دا تۆماركرد.

رێوان ئه‌مین زه‌رۆ-ى یاریزانى لاوى كورد له‌م یارییه‌ى یانه‌كه‌یدا كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى یاریگاى خۆیان و له‌شارى كالمار-ى سوید ئه‌نجامدرا، به‌شێوه‌ى سه‌ره‌كى 90 خوله‌ك له‌هێڵى ناوه‌ڕاستى یانه‌ى ئۆسترسوند یاریكرد و به‌تۆماركردنى گۆڵى دووه‌م و بردنه‌وه‌ى یانه‌كه‌ى به‌په‌ناڵتى له‌ساته‌ كوشنده‌كانى یارییه‌كه‌ و یه‌كه‌م گۆڵى خۆشى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا، یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ى خولى ئه‌مساڵى پێشكه‌ش به‌یانه‌ى ئۆسترسوند كرد.

به‌م سه‌ركه‌وتنه‌ كه‌ یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنى بوو له‌ئالسڤێنسكانى یانه‌كانى سویدى ساڵى 2020 و له‌سه‌رده‌ستى رێوان ئه‌مین-ى یاریزانى لاوى كوردى ته‌مه‌ن 24 ساڵ تۆماركرا، یانه‌ى ئۆسترسوند هه‌ر له‌پله‌ى 15ى پێش كۆتایی خوله‌كه‌دا مایه‌وه‌، به‌ڵام كۆى خاڵه‌كانى بۆ 4 خاڵ له‌ 5 یاری (1 بردنه‌وه‌ و 1 یه‌كسانبوون و 3 دۆڕاندن) به‌رزكرده‌وه‌ و رێوان-یش كه‌ له‌ساڵى 2018ه‌وه‌ بۆ یانه‌كه‌ یارى ده‌كات، پاش 39 یارى و 2 ئه‌سیست له‌ئالسڤێنسكان، توانى یه‌كه‌م گۆڵى خۆى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا تۆماربكات.

*ئاماره‌كانى رێوان له‌گه‌ڵ یانه‌ى ئۆسترسوند (46 یارى و 1 گۆڵ و 2 پاسى گۆڵ):
-ساڵى 2018: 12 یارى له‌ئالسڤێنسكان و 4 یارى له‌جامى یانه‌كانى سوید.
-ساڵى 2019: 22 یارى و 2 پاسى گۆڵ له‌ئالسڤێنسكان و 3 یارى له‌جامى یانه‌كانى سوید.
-ساڵى 2020: 5 یارى و 1 گۆڵ له‌ئالسڤێنسكان.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close