ژیلوان له‌پێكهاته‌ى باشترین یاریزانانى بیانى پێگه‌یه‌كى به‌ركه‌وت

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
رۆژنامه‌یه‌كى به‌ناوبانگى كرواتیا ژیلوان حه‌مه‌د-ى ناوه‌ڕاستكارى نێوده‌وڵه‌تى و پیشه‌گه‌ر و به‌ئه‌زموونى كورد ده‌خاته نێو پێكهاته‌ى باشترین یاریزانانى بیانى خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى كرواتیا (HNL-a) كه ئێستا له‌خوله‌كه‌دا به‌رده‌وامن له‌یارى كردن.
به‌هۆى ئه‌و ئاسته به‌رزه‌ى تائێستا له‌یارییه‌كانى خوله‌كه‌دا پێشكه‌شى كردووه، رۆژنامه‌ى (سپۆرتسكا نۆڤۆستى/Sportske Novosti) كه رۆژنامه‌یه‌كى وه‌رزشى رۆژانه‌ى كرواتیایه و له‌شارى زه‌گره‌ب چاپ و بڵاوده‌بێته‌وه، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه پێكهاته‌ى باشترین (11) یاریزانى پیشه‌گه‌رى بیانى كه كرواتى نین بڵاوكرده‌وه و یه‌كێك له‌یاریزانه‌كان ژیلوان حه‌مه‌د-ى یاریزانى كوردى به‌ڕه‌گه‌ز عێراقى و سویدییه، ئه‌مه‌ش له‌پاڵ چه‌ندین یاریزانى تر‌ى پیشه‌گه‌رى وڵاتانى ئه‌وروپا و ئه‌مریكاى لاتین و ئه‌فریقا، له‌وانه وڵاتانى (به‌رازیل و هۆڵه‌ندا و نه‌مسا و هه‌نگاریا و كۆڵۆمبیا و سه‌نیگال و كۆنگۆ).

*هه‌ڵبژارده‌ى باشترین یاریزانه بیانییه‌كانى خولى پله یه‌كى كرواتیا:
*گۆڵپارێز:
-عوسمان هادزێك/ ره‌گه‌ز نه‌مسایی-یانه‌ى ئینته‌ر زابریسك.
*به‌رگریكاره‌كان:
-ئیمیر دیلاڤێر/ ره‌گه‌ز بۆسنى+نه‌مسایی-یانه‌ى دینامۆ زه‌گرب.
-ماسیۆ ستێنڤۆردین/ ره‌گه‌ز هۆڵه‌ندى-یانه‌ى گۆریكا.
-تالیس ئالڤێس/ ره‌گه‌ز به‌رازیلى-یانه‌ى ئۆسیك.
-ئیگۆر سیلڤا/ ره‌گه‌ز به‌رازیلى-یانه‌ى ئۆسیك.
*ناوه‌ڕاستكاره‌كان:
-لازلو كلینهیسلهر/ ره‌گه‌ز هه‌نگارى-یانه‌ى ئۆسیك.
-مێرڤان ندوكیت/ ره‌گه‌ز كۆنگۆیی-یانه‌ى ئۆسیك.
-ژیلوان حه‌مه‌د/ ره‌گه‌ز عێراقى+سویدى-یانه‌ى گۆریكا.
*هێرشبه‌ره‌كان:
-جۆرگى ئۆبریگۆن/ ره‌گه‌ز كۆڵۆمبى-یانه‌ى ڤارازدین.
-جۆیى سوك/ ره‌گه‌ز هۆڵه‌ندى-یانه‌ى گۆریكا.
-شه‌ریف ندیاى/ ره‌گه‌ز سه‌نیگالى-یانه‌ى گۆریكا.

له‌مباره‌یه‌وه ژیلوان حه‌مه‌د له‌لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ (كورد سپۆرت/ kurdsport) وتى: له‌پاش ده‌ستپێكردنى خولى پله یه‌كى یانه‌كانى كرواتیا كه به‌هۆى ڤایرۆسى كۆرۆنا وه‌ستێنرابوو، هه‌روه‌ها له‌پاش ئه‌نجامدانى پێنج هه‌فته یارى له‌قۆناغى دووه‌مى خوله‌كه‌دا، رۆژنامه‌كه هاتووه له‌نێو یاریزانه بیانییه‌كاندا كه له‌خوله‌كه‌دا یارى ده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵه یاریزانێكى گه‌وره‌ى تێدایه، پێكهاته‌یه‌كى نمونه‌یی كه 11 یاریزانن هه‌ڵبژاردووه وه‌ك پێكهاته‌ى باشترین یاریزانه بیانییه‌كانى خوله‌كه، ئه‌مه‌ش بۆمن شتێكى گه‌وره‌یه كه ناوم له‌پاڵ ئه‌م یاریزانانه و له‌م پێكهاته نمونه‌ییه‌دا بێت، له‌كاتێكدا ههریانهیهكى خوله‌كه چوار تا پێنج یاریزانى پیشه‌گه‌رى بیانى هه‌یه، شتێكى زۆر زۆر باشه.
شایه‌نى باسه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر پێگه‌ى فه‌رمیی كه‌ناڵى وه‌رزشى (تیلى سپۆرت-Telesport)ى كرواتى ناوى ژیلوان حه‌مه‌د-ى ناوه‌ڕاستكارى كوردى یانه‌ى گۆریكا-ى به‌شدار له‌خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى كرواتیاى بۆ یه‌كه‌مجار خسته نێو پێكهاته‌ى باشترین 11 یاریزانى هه‌فته‌ى 31ى خوله‌كه.