وتار

مێسی ئیمزای ناكات!!

هێشتا مێسی هیچی نەوتوە، بەڵام قسەنەکردنیشی کێشەیە، دەڵێن دڵخۆش نیە! بۆ دەتانەوێت مێسی لەگەل ئەم ئیدارەیە دڵخۆشبێت؟

زۆر بەخێرایی هەواڵەکان بڵاوبونەوە کە مێسی گفتوگۆکانی بۆ درێژکردنەوەی بۆندەکەی لەگەڵ بەرشەلۆنە راگرتوە، راستەوخۆ ترس دروستبوو کە ئایا بەرشەلۆنە بێ مێسی چۆنە؟ ئایا دەچێتە مان سیتی؟ پاریس سان جێرمان؟ دەچێتە یۆڤی لای رۆناڵدۆ؟ باسکردن لەوەی مێسی دەچێتە کام خول و کام یانە زیاتر راکێشانی خوێنەرەو کۆتایی باسەکەیە، ئێستا دەبێت باس لەوە بکرێت کە ئایا کێشە چیە؟ ئایا مێسی نارازیە؟ بۆ؟ دەڕوات؟!

جارێ ئەبێت تێبگەنی کە مێسی کۆتایی وەرزی داهاتوو بۆندەکەی تەواو ئەبێت، واتە ١-٧-٢٠٢١، (ئەو کات ٣٤ ساڵە)، بەڵام هیچ گومانێک نیە کە مێسی دڵخۆش نیە بە کارەکانی ئیدارەی ئێستا بە تایبەتی بارتۆمیۆ، مێسی دڵخۆش نیە لە بڕیاری هێنانی یاریزان، مێسی بە ئاشکرا ئەمسال دووجار رەخنەی لەبەرشەلۆنە گرت، مێسی دڵخۆش نیە کە زۆر نهێنی ناو ئیدارەی تیپەکە دەگاتە میدیا، مێسی بە ئاشکرا وتی ئەگەر بەم شێوازە یاری بکەین چامپیۆنس لیگ نابەینەوە (رەخنەی لە سێتیان گرت).

مێسی ئەگەر لە ئێستادا یان وەرزی داهاتوو بۆندەکەی درێژ بکاتەوە مانای چیە؟ مانای سەرکەوتنی بارتۆمیۆیەو وێنەی ئیمزاکردنی گرێبەستی مێسی وادەکات ئەم سەرۆکە بەهێزێکی زیاترەوە بچێتە هەڵبژاردنەوە لە ٢٠٢١ دا ، بەڵای ئەوەی ئاشکرایە مێسی پشتگیری بارتۆمیۆ ناکات, بۆیە هاندەرانی بەرشەلۆنە دەبێت ئەم هەڕەشەیەی مێسی زیاتر وەکو دژایەتی ئەم ئیدارەیە ببینن، نەک رۆیشتن و جێهێشتنی بەرشەلۆنە.

تەنانەت هەواڵی گەڕانەوەی گواردیۆلاش لۆژیکی تیانیە، چونکە گواردیۆلا بۆ یەک وەرز نایەتەوەو نەزانێت کێ دەبێتە سەرۆکی یانەکە، ڤیکتۆر فۆنت پاڵێوراوێکی بەهێزە بۆ جێگرەوەی بارتۆمیۆ، بەڵێنیشی داوە کە چاڤی بهێنێتەوە بۆ راهێنەری، واتە روداوەکان ئەوەندە ئاسان نیە، هەمووی پێکەوە بەستراوە، بەڵام ئەوەی تۆزێک ئاشکرایە ئەوەیە کە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەستەمە کێشەکان چارەسەربێت، مێسی بۆ ئەم ئیدارەیە نایەوێت بۆندەکەی درێژکبکاتەوەو چاڤی و گواردیۆلاش ناگەڕێنەوە ژێردەستیان، بارودۆخی دارایی و تەمەنی یاریزانەکانیش لەباشیدانین، بۆیە باشترین چارەسەر دەستلەکارکێشانەوەی بارتۆمیۆو هەڵبژاردنی پێش وەختە.

*چێنەر_عەبدولقادر

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close