ڕێنماییوتار

وەرزش و چارەسەری ژیان

*فـــوئاد عـومه‌ر بـــرادۆستی

وەرزش بکەن کێشی خۆتان دابەزێنن و ماسولکەکانتان بەهێزبکەن و خواردنیش بخۆن بۆ ئەوەی هەمیشە جومگەکانتان پارێزراوبن، كاریگەرترین رێگە بۆ پارێزگاری لەجومگەكان بۆ ئه‌وانه‌ی ناخۆشی جومگه‌ و رۆماتیزم ‌و قاچ ئێشه‌یان هەیە، ئه‌وه‌یه‌ خۆیان به‌دوور بگرن لەقەڵەوی، چونكه‌ بەشی هەرە سەرەکی ئازاری جومگەکان قەڵەوییە.


هەموومان باش دەزانین كە مەبەست لەجومگەكان شوێنی پێگەیشتنی دوو ئێسكە و پێكهاتەی جوومگەكان ئەو توانایە بەئێمە دەبەخشن كە مل و سەر و ئەنیشك و دەست و ئەژنۆ و چۆك و پەنجەمان خوار و راست بكەینەوە و جووڵەی پێبكەین، بەڕێوەبردنی ئەم كارانەش پێویستی بەپارێزگاری كردنه‌ لەجومگەكان، پێكهاتەی جومگەكان بریتییە لەكركڕاگە و لینجاوێكی تایبەت بەناوی (سینویوم) كە پێش لەپێكانی سەری ئێسكەكان (سورانەوە) دەگرێ، بەهه‌ڵكشانى تەمەن ئەگەری پێكانی جومگەكان زیاتر دەبێت، هەربۆیە رەنگە تووشی ئیلتیهابات و زۆر كێشەی دیكە ببنەوە.
باشترین رێگە بۆ پارێزگاری كردن لەجومگەكان، پارێزگاری كردنه‌ لەهێز و توانا و سەلامەتی ماسولەكەكان، هه‌روه‌ها ئیسكەكان و كركراگەكانە و باشترین شێوە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بریتییە لە:
1-ئاگاداری كێشی نۆرماڵی خۆتان بن، كێشی خۆتان كۆنتڕۆڵ بكەن، ئەمە باشترین رێگەیه‌ بۆ راگرتنی سەلامەتی جوومگەكان، گرنگترین جوومگە كە كێشی ئێوە رادەگرن بریتین لە (چۆكەكان، ئێسكانی سمت و ناوقەد)، رەنگە هۆكارەكەی ئەوە بێت كەزۆربەی كێشە و ژانەكان لەم شوێنانە دان، لەگەڵ زیادبوونی كێش و كەمبوونی توانای جوومگەكان، ئەم كێشانە دوو بەرامبەر دەبن، لەكاتێكدا كەمبوونی كێش، پاڵەپەستۆ و فشار لەسەر ئەم شوێنانە كەمتر دەكاتەوە.


2-جووڵە و وەرزش لەبیر مەكەن، وەرزش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی كێش، لێكۆڵینەوەكان نیشانیان داوە كەمەشق و راهێنانی ئایرۆبێك دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئیلتیهاباتی جوومگەكان، لەلایەكی دیكەوە بێ جووڵەیی هه‌روه‌ها خووگرتن بەكۆمپیۆتەر و تەلەڤزیۆن ژانی جوومگەكان زیاتر دەكات، نەبوونی جووڵە بەمانای رەقبوونی جومگەكانە، كەواتە جووڵە و وەرزش لەبیر مەكەن.
3-بەهێزكردنی پێكهاتەی ماسوولكەكان، ماسوولەكەی بەهێز پارێزگاری لەجومگەكان دەكات، ئەگەر ماسوولكەیەكی ئەوتۆتان نییە و بەڕادەی پێویست بەهێز نین، پاڵەپەستۆ دەخرێتەسەر جوومگەكان. بەتایبەت چۆك كە دەبێ كێشێكی زۆر تەحەموول بكات، وەرزشی تایبەت بۆ بەهێزكردنی ماسوولكەكان دەتوانێ ئێوە لەم كێشەیە دوور بخاتەوە.


4-ماسوولكەكانی سك و بەشی ناوەندی جەستە بەهێز بكەن، دەبێ كاتێكی باش بۆ بەهێزكردنی ماسوولكەكانی سك و بەشی ناوەندی جەستە دابنێن، بەهێزكردنی ماسوولكەكانی سك دەبێتە هۆی هاوسەنگ راگرتنی جەستە و پێش لەپێكانی جوومگەكان دەگرێت.
5-ئاگاداری بێ هێزی و رادەی توانای خۆتان بن، هەندێ لەجووڵە و چالاكی و وەرزشەكان دەتوانن كێشە بۆ جوومگەكان بنێنەوە و تووشی پێكانیان بكەن، كەواتە ئەم ئەگەرە هەیە لەئەنجامدانیان هەست بەئازار و ژان بكەن، بەشێوەی گشتی ئەگەر دوای 45 خولەك وەرزشكردن هەستت بە ژان و ئازار لەبەشێك لەجەستەدا كرد، دەبێ لەجارەكانی دواتر رادە و كات و ژماری جووڵەكە كەم بكرێتەوە، ئەم ژانانە بەم مانایەن كەجوومگەكانی ئێوە لەكاتی وەرزشكردندا، زیاد لەڕادە پاڵەپەستۆ و فشاریان لەسەر بووە و ئەمەش ئامانجی ئێمە نییە.


6-ئاگاداری بارودۆخ و فۆرمی جەستەی خۆتان بن، خوار بوون و نەبوونی هاوسەنگی جەستە بۆ جوومگەكان باش نییە، هەوڵ بدەن چ لەكاتی دانیشتن و چ لەكاتی وەستان، راستی جەستە رابگرن، ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی پارێزگاری لەجوومگەكانی مل هەتا چۆك، تەنانەت لەكاتی گواستنەوەی كه‌لوپه‌لدا دەبێ خۆتان راست رابگرن، بۆنموونە ئەگەر كۆڵەپشتێكتان لەپشتە دەبێ هاوسەنگی لەنێوان هەردوو شان رابگرن و لەنێوان هەردوو شاندا دابەشی بكەین.
7-كه‌ڵك و سوود لەسەهۆڵ (بەفر) وەربگرن، سەهۆڵ رۆڵێكی بەرچاوی لەكەم كردنەوەی ژانی جوومگەكاندا هەیە، سەهۆڵ لەكاتى ئەستووربووندا ژان كەم دەكاتەوە، ئەگەر لەبەشێك لەجوومگەكان تووشی ژان یان برین و زامدار بوون، لەكیسەیەك سەهۆڵ بۆ ماوەی 20 خولەك كەڵك وەربگرن، هەڵبەت دەبێ پارچە یان كیسەی سەهۆڵ لەسەر شوێنی پێكراو دابنێن.
8-خۆراكی باش بخۆن، خۆاركی باش دەتوانێ سەلامەتی ئێسكه‌كان دابین بكات، لەسیستەمی خۆراكی رۆژانە دەبێ كالسیۆمی بەرچاو وەربگرین، بۆ نموونە ماست، كەلەم، هەنجیر پڕ لەكالسیۆمن، هەروەها ڤیتامین C لەكەمكردنەوەی پووكی ئێسكان رۆڵی كاریگەر دەبینێت، كەواتە لە خواردنی پرتەقاڵ غافڵ مەبن، لەدرەنگانی شەو دووربكەوە لەخواردن، چونكه‌ لەناو زۆربەی خەلكدا خواردن لەدرەنگانی شەو بەر لەخەوتن زۆر باوە، زۆرجار لەبەر كاری زۆر و ماندووبوون هەست بەبرسێتی دەكرێ، بۆ ئەم مەبەستەش خەلكێكی زۆر پەنا دەبەنە بەر خواردنی جۆراوجۆر، بەبێ ئەوەی هەست بەمەترسییەكانی بكەن لەسەر تەندروستی خۆیان.

*ناوبژیوانی پلە یەکی کوردستان و عێراق

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close