ژیانی ئەستێرەكانهەواڵوێنە و ئەرشیف

مێژوی کۆنترین یاریزانی کورد لەهەڵبژاردەی عێراقدا

محەمەد عەبدولرەحمان_کەرکوک

سەرەتاى ژیان وای خواستوە بە کارێکی قورس و شەرەفمەندانە شان بداتە بەر نەهامەتی و قورسایەکانى ژینێتی سەردەمى سەرەتاکانى سەدەى رابردوو، لە نێو کۆڵانەکانى گەڕەکی شێخانى شاری سلێمانى، کرێکارێکی لاوی گەچکار هەڵدەکەوێت و دواتر لە نێو یاریگاکانى عیراق پیای هەڵدەدەن و هووتافی سەربەرزی بەرووی دەوترێتەوە، محەمەد عەبدوڵا ناسراو بە (حەمە پشکە) یەکێک بوە لەو یاریزانە رێچکە شکێنەرانەی وەکو کاروانى یەکەم بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەى عیراق کراون.

لە زارى خاتوو(سەبیحە)ی کچی حەمە پشکە کە دەیگێڕێتەوە: پشکەى باوکی بەر لە دۆزینەوەى نەوت لە ووڵاتی عیراق بە دوو ساڵ لە دایک بوە، واتا لە سەرەتاکانى ساڵی 1919 (پشکە)ی یاریزان لە گەڕەکی شێخانى شاری سلێمانى لەدایک دەبێت، تا قۆناغێکی کاتی (پشکە) ژێر دەستەى باوکی دەکات و ئیشی گەچکارى دەکات، دواتر بە هۆکارێکی دیاری نەکراو دەچێتە شاری بەغدا و لە حەببانیە درێژە بە ژیانی سەڵتی و لاوێتی خۆی ئەدات تا دەبێتە (حەرەسی ئینگلیزی – لە سوپای لیواییدا)
وەک خاتوو( سەبیحە) بۆمان دەگیڕێتەوە ناوبراو لە تەمەنی شەش ساڵیدا بوە دایکی ئەمری خوای بەجێهێناوەو کۆچی دوایی کردوە، پاشان پشکەى باوکی ژنی دووەمی هێناوەو ژیانی خۆی کردوە

یاریگاى کەشافە و دەرکەوتنی حەمە پشکە

یاریەکى دۆستانەى هەڵبژاردەى عیراق لەسەر یاریگاى کەشافە دەبێتە درەوشانەوەى تواناکانى (حەمە پشکە)ی یاریزان، لەو یاریەدا کە لەسەردەمی (عەبدولکەریم قاسم) بەڕێوە چوە، (نیزاڵ)ی کچی (فازڵ عەباس مەهداوى) سەرۆکی ئەو دەمەى گەل ئامادەی یاریەکە دەبێت، لە دواى تەواو بوونى دیدارەکە (نیزاڵ) دێتە لای حەمە پشکە و دەستخۆشی لێ دەکات لە پای ئەو ئاستە بەرزەى لە یاریەکەدا نواندوێتی و پێی دەڵێت: (من دەستخۆشیت لێ دەکەم.. تۆ سەری ئێمەت بەرز کرد).

گرنگترین دۆستەکانى پشکەى یاریزان کێ بوون

حەمە پشکە بۆ ماوەیەکى زۆر لە ریزی هەڵبژاردەى عیراق بوونی خۆی دەسەلمێنێت، جیا لەوەش لە ریزی چەند یانەیەکى عیراقی یاری کردوە لەوانە یانەى( قوە جەویە)، حەمە پشکە دۆستایەتى و رەفیقایەتى لەگەڵ چەندین یاریزانی ئەو سەردەمى خۆی پەیدا دەکات، ( برایم حەیدەر و مەولود) دوو یاریزانى گرنگی هەڵبژاردەکە بوون و برایمی یاریزان کورد بوە بەڵام لە بەغدا جێنشین بوە، پشکەى یاریزان پەیوەندیەکى تووند و تۆڵ بە ( عەموو بابا) دەیبەستێتەوەو زۆربەى کاتەکانى لەگەڵ شێحی راهێنەرانی عیراق بەسەر دەبات.

کەی گەڕایەوە سلێمانى

لە ناوەڕاستەکانى سەدەى رابردوو پشکەى یاریزان دەگەڕێتەوە شاری سلێمانى و لە گەڕەکی (گاوران ) کرێچی حاجى عەبدوڵا دەبێت، لەسەر دەستی فایەق قەسابی هاوڕێی، پشکە دەگەڕێتەوە دونیای وەرزش و بە گەواهی وەرزشکارانی ئەو سەردەمە، پشکە یەکەم راهێنەر دەبێت لە مێژووی شاری سلێمانى کە بەشێوازێکی ئەکادیمیانە مەشقی بە تیپ و هەڵبژاردەى سلێمانى داوەتەوە، هاوتەریب لەگەڵ پیشەى راهێنەرایەتیەکەى، پشکە لە کارگەی جگەرەی سلێمانى دادەمەزرێت و رۆژانە وەکو کارمەندێکی ئاسایی کارگەکە دەوامى خۆی دەکات.

بێسەروشوێنبوونى پشکە

پشکە کە هاوڕێیەکى نزیکی ( نورەدین بەهائەدین)ی هونەرمەند بوە، دواى ماوەیەک لە چاودێریکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەوە، نورەدینی هونەرمەند دەستگیر دەکرێت و لەسەر پرسی کوردایەتى رەوانەى دادگای بەغدا دەکرێت، لە دواى دەستگیرکردنى نورەدین پشکەى راهێنەریش دەکەوێتە داوى کاربەدەستانى حکومەتەوەو لە 19 تەموزی 1972 لە بەردەم کارگەى جگەرەکەى سلێمانى پشکە دەستبەسەر دەکرێت و تا ئێستاش بێسەرو شوێنە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەى ئاسەوارێکیشی بێ هوودە بوە.

لە کۆتاییدا کێ بوو پشکەی بینی ؟

تا ئێستا هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەى چارەنووسێکی حەمە پشکە، هیچی بەرهەمێکی لێوە نەچێندراوە بۆ بەخشینی سووکنایی بەو دڵە حەسرەتە و پڕ غەمەی کەس و کارەکەى، بەڵام وەکو خاتو (سەبیحە) دەگێڕێتەوە کە کوڕی خاڵێکی دووکانى پەڕاوگەى هەبوە لە گۆڕەپانی نەسری شاری بەغدا، دواتر لەسەر پرسی کوردایەتى دەستگیردەکرێت و رەوانەى بەندینخانەى (قەسر نهایە) دەکرێت، پاشان بە بڕیاری لێبوردنی گشتی ئازاد دەبێت، خاتو سەبیحە باسی دەکات کە کوڕی خاڵەکەی لە ماوەى حەپسکردنەکەیدا ئەفسەرێکیان لەگەڵ دەبێت بەهەمان شێوە ئەویش دەست بەسەر دەبێت، کە هەر لەو بەندیخانەیە دەوامی کردوە تا پێش گرتنەکەی، کوڕی خاڵەکەی خاتوو سەبیحە پرسیاری ناوی حەمە پشکە و چارەنوسی لە ئەفسەرەکە دەکات، لە وەڵامدا ئەفسەرەکە پێی وتوە کە پشکەى باش ناسیوەو یەکێک بوە لە دەستگیراوە پاڵەوانەکان و کەسێکی زۆر خۆڕاگر بوە، وەک ئەفسەرەکە باسی کردوە لەبەر نەدرکاندن و دەست نەکەوتنى هیچ زانیاریەک ، پشکەی وەرزشکار بە تێزاپ دەسوتێنرێت و گیان لەدەست دەدات.


بۆ ئەم بابەتە سود لەگۆڤاری سلێمانی وەرگیراوە کە ساڵی ۲٠٠۳ ڕۆژنامەنوسی ناودار (شێخ ئیسماعیل محمود) چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەبیحەی کچی ئەنجامداوە.
هاوکات بۆ پشت ڕاستکردنەوەی بابەتەکە، پەیوەندی بە چەند کەسایەتیەکی وەرزشییەوە کراوە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close