وتار

سۆڵشایەر كلیلەكەی دۆزیەوە!

فرناندێز لەوكاتەوەی هاتۆتە پرێمەرلیگ هەموو ژمارەكانی كرد بەناوی خۆیەوە، ئەی زانیوتە سیانەكەی پێشەوەی یونایتد گۆڵیان لە سیانەكەی لیڤەرپوڵ زیاترە؟!

چێنەر عەبدولقادر*

لەسەرەتای 2020 دا هەموو لایەك باسیان لە خراپی هێڵی پێشەوەی مانچستەر یونایتد دەكرد، بۆیە بەناچاری سۆڵشایەر ئودین ئیگالۆی لە خولی چینی بە خواستن هێنا، لە كۆتاییەكانی بازاڕی كڕینی یاریزانانیشدا لە29-1 برۆنۆ فێرناندێزی تەمەن 25 ساڵ گەیشتە یانەكە.

لەدوای هاتنی فرناندێز مانچستەر یونایتد دوو یاری پرێمەرلیگی پێوپستبوو تابگاتە رێچكەی خۆی، لەو كاتەوە تیپەكە لە ناوەڕاست و پێشەوەی بەرەو پێشچونی دیاری بەخۆیەوە بینی.

سۆڵشایەر شێوازی 4-2-3-1 ی جێگیركرد و فرناندێزی خستە پشتی هێرشبەرەوەو ماتچ و فرێد لە ناوەڕاست، فرناندێز لە بەگۆڵ و ئەسیست و ئاستی مانچستەر یونایتدی گۆڕی، تا ئێستا بەشداری 11 گۆڵیكردوە لە تەنها 9 یاریدا، لەو كاتەوەی ئەم یاریزانە پرتوگالیە هاتۆتە پرێمەرلگی هەموو ژمارەكانی گۆڵ و ئەسیست بەناوی خۆیەوەتی.

جگە لەوەش كاریگەری هەبوە بۆبەرزكردنەوەی ئاستی هاوڕێكانی، پۆڵ پۆگبا لەدوای گەڕانەوەكان بوەتە ئەو یاریزانەی كە هاندەرانی مان یونایتد خەونیان پێوە دەبینی.

سیانەكەی پێشەوە!
لەوانەیە بە درێژایی ئەم وەرزە كێشەی هێرشبەری مانچستەر یونایتد باسكرابێت، بەڵام ئایا دەزانیت ئەو سیانەی بەرامبەر بۆرنمۆس یاریانكرد (راشفۆرد، مارسیال، گرینوود) خاوەنی 55 گۆڵن؟ بەڵێ، لەدوای كریسمسەوە ئەمە سێیەم جارە كە لە یاریەكدا هەرسێكیان گۆڵ دەكەن، ئەوەی جێی سەرنجە لەم سیانەیەی مان یونایتد گرینودی تەمەن 18 ساڵە، كە ئاستێكی زۆر بەرز لەم دوایانەدا پێشكەش ئەكات و سۆڵشایەر پێی وایە باشترین هێرشیەرە لە كۆتایی هێنان بە هێرشیەكان.

هەر بۆزانیاریشتان سیانەكەی پێشەوەی مانچستەر یونایتد لەم وەرزەدا گۆڵیان لە سیانەكەی پێشەوەی لیڤەرپوڵ زیاترە لە هەموو خولەكاندا (سەڵاح 21، مانێ 19، فێرمینۆ 11)، لەوەش زیاتر تەنها 6 یانە لە ئەوروپادا هەن كە سیانەكانی پێشەوەیان لە سیانەكەی پێشەوەی مان یونایتد گۆڵیان زیاتر كردبێت!

گرینوود لە ئێستادا خاوەنی 8 گۆڵە لە پرێمەرلیگ بۆ هەر 115 خولەكێك گۆڵێكی كردوە، تەنها مایكڵ ئۆین و رۆبی فاولەر و وەین رونی لە تەمەنی 18 ساڵیدا گۆڵیان لەو زیاتر بوە، لە 1-10 ئەم یاریزانە ئینگلیزیە تەمەنی دەبێتە 19 ساڵ و لە ئێستاوە باس لەوەدەكرێت كە دەبێت بانگبكرێت بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە یۆرۆی ساڵی داهاتوو.

لەپێشودا هاندەرانی مانچستەر یونایتد خەریكبوو بێ هیوا دەبوون لە گەیشتن چامپیۆنس لیگی وەرزی داهاتوو، بەڵام لە ئێستادا ئەو هیوایەیان زۆر بەهێزە، چونكە بە 55 خاڵ لە پێنجەمی ریزبەندین كە ئەگەری هەیە بەوە بگەنە چامپیۆنس لیگ (ئەگەر مان سیتی دوربخرێتەوە)، هەروەها 2 خاڵ لە دوای چێڵسی و 3 خاڵ لەدوای لیستەر سیتیەوەن.
هەنگاوی یەكەم گەیشتنە بە چامپیۆس لیگ و دواتر ئەركی سۆڵشایەرە كە بەرگریكارێك بۆ تەنیشتی ماگوایەربهێنێت بۆ ئەوەی تیپەكەی كێشەی نەمێنێت.

*داتاكان لە بی بی سی وەرگیراوە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close