ژیانی ئەستێرەكانهەواڵ

ئەو کچە هەولێرییەی بوو بەگۆڵکەری یانەکانی عەرەب


(شۆخان هەمووکات لەیاری کۆتایدایە)
شۆخان نورەدین سەدرەدین، ۱٠ـ٤_۲٠٠٠ لە هەولێر لەدایک بووە

لەش و لاری شۆخان وا دروست بووە کە بۆ وەرزش تەواو گونجاو بێت، بۆیە سەردەمی منداڵی خێرو بەرەکەت بووە بۆ قوتابخانەو ناوەندە وەرزشیەکان و زۆربەی وەرزشەکانی تاقی کردۆتەوەو ئەنجامی تیپەکەی تەواو گۆڕیوە بۆ باشە.


شۆخانی باڵا بەرز تەمەنی ۱٥ ساڵ بوو کاتێک لەگەڵ یانەی زانکۆی جیهان دەرکەوت و لەگەڵ هاوڕێکانی ئەو تیپەیان گەیاندە خولی نایاب و نازناوی خولی پلە یەکی فوتساڵی کوردستانی بەدەست هێنا.


شۆخان لە۲٠۱۸ دەچێتە ئافرەتانی هەولێرو ئەو ساڵە ئەستێرەی زیاتر دەدرەوشێتەوەو دەبێتە تۆقێنەری تیپەکان و ڕزگارکەری یانەکەی، بۆیە ئەو ساڵەش ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لەبەدەست هێنانی نازناوەکە بۆ یانەکەی پایتەخت.


شۆخان و مەزن محەمەدی ڕاهێنەری بۆ وەرزی ۲٠۱۹ گرێبەستیان لەگەڵ یانەی چۆمان ئیمزا کردو ئەو ساڵەش جارێکی تر شۆخان گەشتەوە بە یاری کۆتایی و پلەی دووەمی خولەکەیان بردەوەو کچە گۆڵکەرەکەش ٥٠ گۆڵی لەوەرزەکەدا تۆمارکرد.


شۆخان تەنها لەفوتساڵدا ئەستێرە نییە، بگرە لەتۆپی دەستیشدا بێ وێنەیەو توانی لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێکانی، یانەی هەولێر بکات بە پاڵەوانی خولی کوردستان و هەروەها خولی تۆپی دەستی کچانی عێراق لەساڵی ۲٠۱۹ دا، ئەمەش ڕێگەیەکی نێودەوڵەتی بۆ کردەوەو لەگەڵ هەولێر ڕووی کردە وڵاتی ئوردن و بەشداری پاڵەوانێتی یانەکانی عەرەبی کردو بوە جێی سەرنجی بەرپرسانی یەکێتی تۆپی دەستی عەرەبیش.


بەڵگە بۆ ئەوەش ئەوەیە کە شۆخانی هەولێری بەتۆمارکردنی ٥٠ گۆڵ نازناوی گۆڵکەری خولی تۆپی دەستی یانەکانی عەرەبی پێ دراو پێش هەموو کچانی یانە عەرەبیەکان کەوت.
ئەم شۆخە بەهێزو بەتوانایە هەموو ڕاهێنەرو یانەیەک ئاوات دەخوازن خاوەنی ڕزگارکەرێکی وەک ئەو بن، بۆیەی لەکەرکوک یانەی (نەوتی باکوور) شۆخانی کرد بەیاریزانی خۆی و درێسی خۆیان پێ پۆشی تا ساڵی ۲٠۱۹ لە بابل نازناوی خولی فوتساڵی عێراقیان بۆ بهێنێتەوە،

ئەویش هەر وای کردو لەوێش ئامادەبوانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاو خۆشی بە ۱٤ گۆڵ نازناوی تاکی گۆڵکەری بۆ خۆی برد، بەوەش هەرزوو بەرپرسانی لیژنەی فوتساڵ ئاواتیان خواست زوو لەتیمی عێراقدا ناونوسی بکەن.


شۆخان دوای ئەو هەموو نازناوە لە سلێمانی و لەڤیستیڤاڵێکی ساڵانەی ڕێکخراوێکی وەرزشی بەناوی (لەش ڕێکی و توانای جەستەیی) خەڵاتی کەسایەتی ساڵی پێ بەخشرا.


ئێستا شۆخان لە (پەیمانگای وەرزشی پایتەخت) خوێندکارەو بە بەدەست هێنانی پلەی دووەمی ساڵی خوێندنەکەی، گەشتە قۆناغی سێیەمی پەیمانگاو چاوەڕێیە دەرگای هۆڵەکانی کێبڕکێ وەرزشییەکان بکرێتەوە و بچێتەوە سەر ستەیجی پاڵەوانان.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close