پاڵه‌وانه كورده‌كه له‌ئیمارات رووبه‌ڕووى دان هێنرى سكۆتله‌ندى ده‌وه‌ستێته‌وه

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
پاڵه‌وانه جیهانیى و پڕۆفیشناڵهكهى كورد له‌یارى هونه‌ره‌كانى جه‌نگیی تێكه‌ڵاو بۆ پێشبڕكێى ژماره (251)ى ی‌و ئێف سى (UFC) به‌رامبه‌ر به دان هێنرى سكۆتله‌ندى له‌ئیمارات ئاماده‌یه.
رۆژى 11ى ته‌مموزى 2020 له‌دوورگه‌ى یاس له‌شارى ئه‌بوزه‌بى ئیمارات پێشبڕكێى ژماره (251)ى دامه‌زراوه‌ى هونه‌ره‌كانى جه‌نگیی تێكه‌ڵاو (ی‌و ئێف سى-UFC) كه یه‌كه‌مه له‌جیهاندا، به‌ناونیشانى دوورگه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه ده‌ستپێده‌كات و پاشان رۆژانى 15 و 18 و 25ى ئه‌م مانگه به‌زنجیره‌یه‌ك چالاكى و یارى و نماییشى تر كۆتایی پێدێت.

ماكوان ئه‌میرخانى كرماشانى پاڵه‌وانى جیهانی و یه‌كه‌مى فینله‌ندا رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو 11ى ته‌مموزى 2020 له‌شه‌وه جه‌نگییه‌كانى پێشبڕكێكه و له‌كێشى پهڕهمووچهدا رووبه‌ڕووى دان هێنرى سكۆتله‌ندى ده‌وه‌ستێته‌وه.
ماكوان ئه‌میرخانى ته‌مه‌ن 31 ساڵ و پاڵه‌وانى پڕۆفیشناڵ و نێوده‌وڵه‌تى كورد له‌یارى هونه‌ره‌كانى جه‌نگیی تێكه‌ڵاو، كه له‌كوردستان له‌دایكبوو، له‌فینله‌ندا گه‌شه‌ى كرد و هه‌ڵكه‌وت، تائێستا خاوه‌نى 14 بردنه‌وه‌یه و ته‌نها له 3 یاریدا دۆڕاوه و هه‌میشه بۆ سه‌ركه‌وتن و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاڵاى كوردستان له‌پاڵ ئاڵاى فینله‌ندا ده‌جه‌نگێت، ئایا له‌م یارییه‌دا جارێكى تر ئه‌و ئاڵایه به‌رزده‌كاته‌وه كه له‌ناوه‌ندیدا خۆرێك هه‌یه.

شایه‌نى باسه ماكوان ئه‌میرخانى خه‌ڵكى شارى كرماشانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه و ره‌گه‌زنامه‌ى فینله‌ندى هه‌یه و له‌زۆرێك لهیارییهكاندا ئاڵاى كوردستان له‌گه‌ڵ ئاڵاى فینله‌ندا به‌رزده‌كاته‌وه و هه‌مووكات شانازى بهكوردبوونى خۆیه‌وه ده‌كات و پاڵپشتى و پشتیوانى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه، هه‌میشه‌ش ئه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: فینله‌ندا ماڵى منه، به‌ڵام كوردستان وڵاتى منه.