ژیلوان حه‌مه‌د ئاماده‌یه و چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌یه بانگهێشتى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بكرێته‌وه

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
ژیلوان حه‌مه‌د-ى ناوه‌ڕاستكارى نێوده‌وڵه‌تى كوردى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى عێراق ئومێدى ئه‌وه ده‌خوازێت بۆ یارییه‌كانى داهاتووى هه‌ڵبژارده‌كه‌دا داوه‌ت بكرێ تا بتوانێ یارمه‌تى هه‌ڵبژارده‌كه بدات بۆ گه‌یشتن بهكۆتاییهكانى مۆندیالى 2022ى قه‌ته‌ر.
ژیلوان حه‌مه‌د-ى یاریزانى پیشه‌گه‌رى كوردى یانه‌ى گۆریكا-ى كرواتى كه مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى (2019)ى رابردوو بۆیه‌كه‌مجار بانگهێشتى ریزى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى عێراق كرا و یه‌ك یارى لهپاڵاوتنه هاوبه‌شه‌كه‌ى پاڵه‌وانێتى جامى جیهانى 2022ى قه‌ته‌ر و جامى وڵاتانى ئاسیاى 2023ى چین ئه‌نجامدا، له‌لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ (كوردسپۆرت) سه‌باره‌ت به‌ئاستى ئێستاى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى و ده‌نگۆى بانگهێشتكردنهوهى بۆ ریزى هه‌ڵبژارده‌ى یه‌كه‌مى عێراق وتى: به‌ر له‌ڕاگرتنى یارییه‌كانى خولى پله یه‌كى یانه‌كانى كرواتیا به‌هۆى كۆرۆنا (كۆڤید 19)ه‌وه، راهێنه‌رێكى نوێ په‌یوه‌ندى بهیانهكهمانهوه كرد، ئه‌م راهێنه‌ره تائێستا به‌باشى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵم ده‌كات و له‌زۆرێك له‌یارییه گرنگه‌كاندا به‌شێوه‌ى سه‌ره‌كى پشتم پێ ده‌به‌ستێت و له‌هه‌ندێ یاریشدا له‌سه‌ره‌تاوه به‌شداریم پێ ناكات، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا به‌تایبه‌ت پاش ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى یارییه‌كانى خوله‌كه ئه‌وه‌ى له‌سه‌رم بووه له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌م به‌باشى كردوومه و ئه‌ركه‌كانى سه‌رشانم به‌باشى به‌جێ گه‌یاندووه، یارى باشم كردووه و گۆڵم كردووه و یارمه‌تى ده‌ریش بوومه یانه‌كه‌م له‌زۆربه‌ى یارییه‌كاندا براوه‌بێت، جه‌سته‌م زۆر باشه و له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه ئاماده‌م و له‌وه زیاتریش ناتوانم هیچ بكه‌م و ته‌نها چاوه‌ڕێمه بزانم كه‌ى داوه‌تى ریزى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق ده‌كرێمه‌وه.

ژیلوان-ى ته‌مه‌ن 29 ساڵ له‌درێژه‌ى قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: ئومێد ده‌كه‌م له‌ئاینده‌دا جارێكى تر نوێنه‌رایه‌تى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بكه‌م به‌تایبه‌ت له‌یارییه‌كانى داهاتووى ههڵژاردهكه لهپاڵاوتنه هاوبه‌شه‌كه‌ى مۆندیال و ئاسیا كهپدا، بۆ ئه‌وه‌ى یارمه‌تى هه‌ڵبژارده‌كه بده‌م له‌گه‌یشتن بهمۆندیالى 2022ى قه‌ته‌ر، له‌حاڵه‌تى داواكردنیشم بۆ ریزى هه‌ڵبژارده‌كه ده‌توانم به‌شێوه‌یه‌كى باش هاوكاربم بۆ یارمه‌تیدانى هه‌ڵبژارده‌كه، سریچكۆ كاتانیچ-ى راهێنه‌ر كارى باشى كردووه و هه‌لى سه‌ركه‌وتنمان بۆ مۆندیال هه‌یه، ته‌نها پێویستمان به‌وه‌یه له‌هه‌موو یارییه‌كانى تردا به‌هه‌مان ئاست و بایه‌خه‌وه یارى به‌رامبه‌ر بهههڵبژاردهكانى تر بكه‌ین.
شایه‌نى باسه ئه‌م یاریزانه نێوده‌وڵه‌تییه‌ى كورد تائێستا یه‌ك یارى لهپاڵاوتنه هاوبه‌شه‌كه‌ى پاڵه‌وانێتى جامى جیهانى 2022ى قه‌ته‌ر و جامى وڵاتانى ئاسیاى 2023ى چین له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى عێراق به‌درێسى ژماره 21 له‌هێڵى ناوه‌ند ئه‌نجامداوه و یارییه‌كه‌ش رۆژى 10-10-2019 كاتێك له‌خوله‌كى 61ى یارى نێوان عێراق و هه‌نگ كۆنگ له‌سه‌ر یاریگاى شارى به‌سره له‌شوێنى (ئه‌مجه‌د عه‌توان) به‌شێوه‌ى یه‌ده‌گ به‌شداری كرد.