خانمه بۆكسێنه‌ره پڕۆفیشناڵهكهى كورد بۆ سێیه‌م سه‌ركه‌وتن ده‌جه‌نگێت

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
دیلار كیسیكیۆل-ى خانمه بۆكسێنه‌رى پڕۆفیشناڵى كورد له‌سێیه‌م ئه‌زموونى یاریكردنى ژیانى پیشه‌گه‌رى (پڕۆفیشناڵ)ی‌دا سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو به‌رامبه‌ر به تێرێزا دڤۆراكۆڤا-ى خانمه بۆكسێنه‌رى كۆمارى چیك ده‌جه‌نگێت.
دیلار كه كوردى باكووره و خاوه‌نى ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌ڵمانییه و ئێستا له‌پله‌ى 51ى ریزبه‌ندى جیهانى بۆكسێنهرانى پڕۆفیشناڵ (خانمان) دایه، سبه‌ى شه‌ممه 11ى ته‌مموزى 2020 كات 11ى شه‌وى كوردستان له‌سه‌ر شانۆى سینه‌ماى دوسلدۆرف (نۆردراین ڤیستڤاڵن)ى ئه‌ڵمانیادا و له‌سێیه‌م یارى ژیانى پیشه‌گه‌ریدا به‌رامبه‌ر تێرێزا دڤۆراكۆڤا-ى خانمه بۆكسێنه‌رى چیكى یارى ده‌كات كه خاوه‌نى پله‌ى 73ى ریزبه‌ندى جیهانه.
شایه‌نى باسه دیلار كیسیكیۆل-ى ته‌مه‌ن 28 ساڵ كه له‌كێشى 61.2كگم یارى ده‌كات و له‌ژیانى پیشه‌گه‌ریدا 2 یارى كردووه و له‌هه‌ردوو یارییه‌كه‌دا براوه‌بووه، زیاتر له‌دوو هه‌فته‌یه مه‌شق و راهێنان و ئاماده‌كاریی چڕوپڕى بۆ ئه‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه كردووه تا درێژه به‌سه‌ركه‌وتنه‌كانى بدات و چه‌ند پله‌یه‌كى تر به‌ره‌و سه‌رووى ریزبه‌ندى جیهانیی هه‌ڵكشێت.
زانیارى زیاتر له‌سه‌ر ژیان و باكگراوه‌ندى ئه‌م خانمه بۆكسێنه‌ره له‌بابه‌تێكى تایبه‌تدا بۆ خوێنه‌رانى (كوردسپۆرت) و عاشقانى یارى بۆكسێن ده‌خه‌ینه‌ڕوو.