هەواڵ

وەرزشکارە دێرینەکانى کەرکوک ئیدارەى شارەکەیان ئاگادار دەکەنەوە

بەدواداچوون: محەمەد عەبدولڕەحمان

گەڕەکى تەپەى شاری کەرکوک یەکێکە لە گەڕەکە دێرینەکانی شارەکە، نسیب وای خواستوە ئەو گەڕەکە بەشێکی زۆر لە وەرزشکارە دێرینەکان لە ئامێز بگرێت، لەگەڵ بڵاوبونەوەى پەتای کۆرۆنا و گرتنە بەرى رێنمایە تەندروستیەکان و رەوچاوکردنى دوورپەرێزی لەپەيوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا، وەرزشکارە دێرینەکانى گەڕەکی تەپەش لەسەر ئەرک و ماندووبوونی خۆیان و لەپێناو پاک راگرتنی شوێنە گشتیەکانی گەڕەکەکەیان، یاریگایەکى سنورەکەیان نۆژن دەکەنەوەو بە گاڵتە و گەپی یاریزانەکان و هووتافی هاندەران تارمایی ئێوارانی سەر گەڕەکەکەیان ناهێڵن و ترسی خۆیان لەمەڕ بەماوەى کەرەنتینەکە دەشکێنن.

ئەم یاریگایە هەرچەندە ساوایە و تەمەنێکی کورتی هةية، بەڵام لەو ماوە کەمەدا سەکۆیەک بوو بۆ دیدارى وەرزشکارەکانى دیکەى گەڕەکەکان و ماڵێک بوو بۆ نزیکبونەوەى دید و بۆچونە جیاوازەکان، بەڵام بەیانی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی (9-7-2020) دەنگی شۆفڵ و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەرزشکارانی سنورەکە دەهێنێتە راچەڵەکاندن و بە رووخاندنی یاریگاکەیان، سەر لەبەرى خەونەکەیان ئاوژوو دەکرێت و حەزو ویستەکەیان لە نێو یاریگاکەدا لە گۆڕ دەنرێ.

لیژنەى زیادە ڕۆیەکانی سەر بە پاریزگاکە و قایمقامیەتى شارەکە و خودی قایمقام، سەرپەرشتی روخاندنی یاریگاکە دەکەن و بەجۆرێک تێکی دەدەن، وەرزشکارانی گەڕەکەکە لە دیمەنێکی پڕ لە غەم و حەسرەتدا دەهێڵنەوە کە حەزو و خولیاکانیان بەسەر درێژی و پانتایی یاریگاکە هەڵچنی بوو

وەک یەکەم هەنگاو و هەڵوێستێکی شارستانیانە، وەرزشکارە دێرینەکانى گەڕەکەکە گردبونەوەیەکى ناڕەزاییان ئەنجامداو تێیدا داوایان کرد هەرچی زووە پەرلەمانتاران و بەرپرسە وەرزشیەکانی شارەکە هەڵوێستی خۆیان هەبێت لەگێڕانەوەى ماف بۆ خاوەن ماف، وەکو خۆیان دەڵێن تەنها رێگا بۆ بەخشینەوەى سووکنايی بە دڵە رەنجاو و شکاوەکەیان چاکردنەوەو و دروستکردنەوەى یاریگاکەیە لەلایەن حکومەتی خۆجێی شارەکەوە، کە پێشتر لەسەر ئەرکی خۆیان یاریگاکەیان کرد بە یەکێک لە یاریگا مۆدێرن و ناوازەکانى گەڕەکەکان و لە ماوەى کەرەنتینەشدا دوو پاڵەوانێتی میللی لە خۆگرت و هاندەرانیش بە دەوروبەرى پەرژینی یاریگاکە جمەيان دەهات و زۆرجاریش پیاوماقوڵانی گەڕەکەکە عەسرە چایەکى ئێوارەیان بەدیار یاریەکى پاڵەوانێتیەکان دەخواردەوە.

وەک وەرزشکاران خۆیان دەڵێن، لە هەفتەى داهاتوەوە هەنگاوى دووەم بەرامبەر بە رووخاندنی یاریگاکەیان دەگرنە بەر و واژووی سەرجەم وەرزشکارە دێرینەکانى کەرکوک کۆدەکەنەوەو دەیکەن بە یاداشتێک و رادەستی خودی پارێزگارى کەرکوکی دەکەن، وەک دەشێڵێن ئەگەر ئەو هەنگاوە هیچ بەرهەمێکی خۆی نەبوو، ئەوکات رێگاى تر دەگرنە بەر و هەڵوێستی جیاوازتریان دەبێت.

لێپرسراوێکی وەرزشی لە شارەکەش رایدەگەیەنێت هیچ زیادەڕۆییەک بۆ سەر موڵکی گشتی نەکراوە، بەڵکو دەستێکی چەوت هەیە کە رۆڵی بینیوە لە رووخاندنی ئەم یاریگایەدا.

 

 

 

 

 

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close