سەڵاحەدین سیامەند: زۆرباشم لەماڵەوە كەرەنتینە كراوم

زاگرۆس نانەكەلی
سەڵاحەدین سیامەند یاریزانی نێودەوڵەتی كورد و پێشووى هه‌ڵبژارده‌كانى لاوان و یه‌كه‌مى تۆپى پێى عێراق دوای ئەوەی دووچاری په‌تاى كۆرۆنا بووه‌وه و هه‌وڵه‌كه‌ش دەزگاكانی راگەیاندنى كوردستان و عێراقى ته‌نى، بەپێویستمزانی بۆ دڵنیابوون له‌بارى ته‌ندروستى، دوای چەند جارێك بەنامە په‌یوه‌ندیم پێوه‌كرد، به‌ڵام كاپتن سەڵاحەدین دوێنێ شەو خۆی پەیوەندی پێوەكردم.
سەرەتا زۆر سوپاسی تۆ وهەموو خەڵكی كوردستان دەكەم كە لە هەواڵم دەپرسن، لەسوید پێیان راگەیاندم هەواڵت لەسەر باری تەندروستى من بڵاوكردۆتەوە و گرنگیت پێداوە، من دوای ئەوەی دووچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووم، بەزووترین كات چووم بۆ نەخۆشخانە، دوای پشكنێنێكی ورد، پزیشكەكان پێیان راگەیاندم كە باری تەندروستیم زۆرباشە و هەناسەسواریم نییە، بۆیە پێویستت بەمانەوە نییە لەنەخۆشخانە، لەئێستادا حاڵم زۆرباشە و لەماڵەوە كەرەنتینە كراوم و بەپێی رێنماییەكانی پزیشك چارەسەرییەكان وەردەگرم، بۆیە لەڕێگەی بەرێزتانەوە سوپاسی خەڵكی كوردستان و عێراق و كوردانی تاراوگە و هەوادارانم دەكەم كە لەهەواڵ و ته‌ندروستییان پرسیوم.

دواتر لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا كاپتن سەڵاحەدین سیامەند باسی پرۆژەیەكی وەرزشی كرد كە بەنیازبوو كاری لەسەربكات و لەم بارەیەوە وتی: من هەر ویستم وەكو زانیاری ئه‌وه رابگەیەنم كه بەر لەبڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا پرۆژەیەكی ئەكادیمی و پڕۆفیشناڵی زەبەلاحی وەرزشیم لەگەڵ كۆمەڵێك وەرزشوان ئامادە كردبوو تا كاری لەسەر بكەین و وەرزشی كوردی بنه‌ما و راستاڵێكی ئەكادیمی بۆ دابمەزرێنین و بیكەین بە بەرنامەی دواڕۆژ بۆ وەرزشی كوردی، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا تێكڕایی پرۆژەكانی ژیانی مرۆڤی وەستاند، بۆیە ئومێد ده‌كه‌م دوای نەمانی ئەم ڤایرۆسە بتوانین كار له‌سه‌ر ئەم هەنگاو نایابە بكەین.
جێگای ئاماژەپێكردنە سەڵاحەدین سیامەند تاهیر رۆژى 30-3-1978 لەشاری هەولێر لەدایكبووە و خێزاندارە و ئێستا لەوڵاتی سوید دەژی، یاریزانی هەڵبژاردەكانی لاوان و یه‌كه‌مى عێراق بووە و یه‌كێك بووە لەو یاریزانانەی لەگه‌ڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق ساڵی 2000 بوونە پاڵەوانی ئاسیا و ساڵى 2001 به‌شدارى مۆندیالى لاوانیان كردووه له‌ئه‌رژه‌نتین و توانیویه‌تى له‌مۆندیاله‌كه‌دا گۆڵێك له‌هه‌ڵبژارده‌ى كه‌نه‌دا بكات، لەگەڵ هەلبژاردەی یه‌كه‌مى عێراق بەشداری پاڵاوتنی مۆندیالی 2002 و هەروەها ساڵى (2004) بەشداری (جامی كەنداوی 17)ی قەتەڕی كردووە.