كوا رۆژه تایبه‌ته‌كه‌ى رۆژنامه‌نووسان و راگه‌یاندنكارانی وه‌رزشی؟

سه‌نگه‌ر زرار
وه‌ك له‌هه‌موو دنیادا باوه، رۆژی دروستبوون یان پێكهێنانی یه‌كه‌م رێكخراوى تایبه‌ت به‌ڕۆژنامه‌نووسان یان راگه‌یاندنكارانی وه‌رزشی ده‌بێته (رۆژی رۆژنامه‌نووسان یان راگه‌یاندنكارانی وه‌رزشی).
لێره‌دا (رۆژی جیهانی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی) كه ساڵانه رۆژى 2ى ته‌مموزى بۆ دیاریكراوه، وه‌ك نمونه‌یه‌كى زیندوو ده‌هێنینه‌وه، ئه‌م رۆژه پاش ئه‌وه هاته كایه‌وه كه رۆژانی (1 تا 3-7-1924) یه‌كه‌م كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ى نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی (ئیپس-Aips) له‌پاریسى پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا به‌سترا، له‌ڕۆژى دووه‌مى كۆنگره‌كه‌دا كه به‌كۆده‌نگى بڕیار له‌سه‌ر دامه‌زراندنى رێكخراوه‌كه درا، دواجار به‌تێكڕا هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك و هاوده‌نگ و هاوڕابوون و بڕیاریاندا رۆژی (2/7)ى هه‌موو ساڵێك ببێته رۆژى جیهانیی رۆژنامه‌نووسانى وه‌رزشى و ئه‌م رۆژه‌ش له‌جیهاندا به‌چه‌ندین سیمینار و كۆڕ و كۆبوونه‌وه و چالاكى جۆراوجۆر به‌رز راده‌گیرێت.
بۆیه هه‌قه ئێمه‌ش جگه له‌ڕۆژی جیهانی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی، رۆژێكی تایبه‌ت به‌خۆمان هه‌بێت و بیكه‌ین به (رۆژی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردی) له‌باشوورى كوردستان/ هه‌رێمی كوردستانی عێراق) و بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و رۆژه‌ش پێویسته رۆژی (12-7-2006) كه‌ڕۆژی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان (Ksja)یه له‌ژێر ساباتی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، بكرێته رۆژێكی تایبه‌ت به‌ڕۆژنامه‌نووسان یان راگه‌یاندنكارانی وه‌رزشی هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ی داخه ئه‌مڕۆ 12ى ته‌مموزى 2020 ئه‌م رێكخراوه نۆبه‌ره‌یه‌ى رۆژنامه‌نووسانى وه‌رزشى كوردستان كه دواتر ناوه‌كه‌ى كرایه (لیژنه‌ى رۆژنامه‌نووسانى وه‌رزشى كوردستان)، چوارده ساڵ ته‌مه‌نى به‌ڕێكرد، كه‌چى تائێستا نه‌مانتوانیوه ئه‌و هه‌نگاوه بنێن كه شتێكی زۆر ئاساییه و پێویستی به‌هیچ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌ك نییه.
بۆیه له‌م مینبه‌ره‌وه داواكارم له‌كۆنفرانسى داهاتووى لیژنه‌ى رۆژنامه‌نووسانى وه‌رزشى كوردستاندا كار له‌سه‌ر ئه‌م پێشنیازه‌م بكرێ كه ساڵانه وه‌ك قه‌وانى سواو لێى ده‌ده‌مه‌وه، له‌كۆنفرانسدا دیاریكردنی ئه‌و رۆژه تایبه‌ته گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێت و دواتر به‌ده‌نگی زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى كۆنفرانس په‌سه‌ند و جێگیر بكرێت، چونكه وه‌ك ئاماژه‌م پێداوه رۆژی (12-7-2006) رۆژی دامه‌زراندنی یه‌كه‌م رێكخراوی تایبه‌تمه‌نده به‌ڕۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی له‌هه‌رێمی كوردستان و له‌و رۆژه‌دا به‌كۆنفرانسێك كه‌ڕۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی (هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركوك و دهۆك و سۆران و گه‌رمیان و موسڵ و به‌غدا) هاوبه‌شییان تێدا كرد، له‌هه‌ولێری پایته‌خت (كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان) پێكهات كه‌دواتر به‌بڕێارێكی له‌ناكاوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان كۆمه‌ڵه‌ى ناوبراو كرا به (لیژنه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان).
ئه‌گه‌ر مێژوو بنووسینه‌وه یان تۆماری بكه‌ین، هه‌ر ده‌بێت مێژووی دروستبوونی (كۆمه‌ڵه‌ى رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان) وه‌ك ده‌ستپێك باس بكه‌ین، چونكه هه‌ردوو رێكخراو له‌ژێر چه‌تری سه‌ندیكا و بۆ یه‌ك مه‌به‌ست و ئامانج پێكهاتووه كه‌كۆكردنه‌وه و سه‌رپه‌رشتی و كاركردنه بۆ رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی و ته‌نها ناوه‌كه‌ى گۆڕدراوه، لیژنه‌ش ته‌واوكه‌رى كۆمه‌ڵه‌یه، بۆیه ناكرێت ئێمه باز به‌سه‌ر مێژووی پێش خۆمان بده‌ین و هه‌وڵی چه‌سپاندنی مێژووییه‌كی تر بده‌ین، ئه‌گه‌ر وابكه‌ین ئه‌وا مێژووی خۆمان له‌كه‌دار و چه‌واشه ده‌كه‌ین و ده‌یسڕینه‌وه.