چۆن یارى له‌شجوانى گه‌یشته هه‌ولێر و له‌سه‌ر ده‌ستى كێ بڵاوكرایه‌وه؟!

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
ئه‌و وه‌رزشكارێكى دێرینه و ته‌مه‌نى نزیكه‌ى 85 ساڵه، به‌ڵام وه‌ك گه‌نجێك هه‌مان هه‌ست و رۆحیه‌تى جارانى بۆ وه‌رزش به‌گشتى و یارى له‌شجوانى به‌تایبه‌تى هه‌یه و به‌رده‌وامیش وه‌رزش و یارى ده‌كات له‌گه‌ڵ مه‌شق و راهێنان، وه‌ك خۆى باسى لێوه‌ده‌كات بۆ یه‌كه‌مجار یارى له‌شجوانى هێناوه‌ته هه‌ولێر و په‌ره‌ى پێداوه و له‌ڕێگه‌ى كردنه‌وه‌ى خانوویهكهوه بیرۆكه‌ى دامه‌زراندنى یانه‌ى بروسك-ى هێناوه‌ته ئاراوه و یه‌كێك بووه له‌دامه‌زرێنه‌رانى یانه‌كه له‌ساڵى 1956دا، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م یانه‌ى وه‌رزشى بووه به‌فه‌رمی له‌شارى هه‌ولێر دابمه‌زرێت.


*هاتووچۆى موسڵم ده‌كرد و بیرۆكه‌ى وه‌رزشى له‌شجوانیم له‌وێ وه‌رگرت
حاجى عه‌لى ئه‌حمه‌د مه‌حمود كه به (حاجى عه‌لى ریازى) ناسراوه و ساڵى 1935 لهگهڕهكى عه‌ره‌بان-ى شارى هه‌ولێر له‌دایكبووه، ساڵى 1949 ده‌ستى به‌وه‌رزشى له‌شجوانى كردووه، له‌باره‌ى چۆنێتى ده‌ستپێكردنى یارییه‌كه‌وه وتى: هاتووچۆى شارى موسڵم ده‌كرد، بیرۆكه‌ى وه‌رزشى له‌شجوانیم له‌وێ وه‌رگرت، لاى كه‌سێك به‌ناوى (ئه‌بو له‌یلا) و كۆرسى یارییهكهشم لێى وه‌رگرت، دواتر كه هاتمه‌وه بۆ هه‌ولێر، ئێمه سێ هاوڕێ بووین، من و ئیبراهیم كۆیی كه به(ئیبراهیم پاڵه‌وان) ده‌ناسرا له‌گه‌ڵ ته‌حسین شێخۆ، پێم وتن من له‌م وه‌رزشه ده‌زانم و ئێوه‌ش لێى ده‌زانن بۆ نایه‌ن خانوویه‌ك بگرین و وه‌رزشى له‌شجوانى بكه‌ین، وتیان هیچ عه‌یبى نییه، ساڵى 1949 ئێمه ئه‌و سێ كه‌سه یاریمان ده‌كرد و لهگهڕهكى خانه‌قا نزیك ته‌كیه‌ى شێخ عه‌بدولكه‌ریم خانووهیهكمان گرت و خانووه‌كه حه‌وشه‌ى نه‌بوو به‌س یه‌ك ژووربوو، بینیمان كه‌سانێكى زۆر هاتن و ئه‌وكات جووله‌كه‌ش له‌هه‌ولێر نه‌مابوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شوێنه‌كه‌مان بچووك بوو، جێگه‌مان نه‌ده‌بووه‌وه، هه‌ستام چوومه گه‌ڕه‌كى جووله‌كان و (قاپى باغڵمه)كم گرت (قاپى باغڵمه/ واتا خانوویه‌ك به‌ته‌نها بۆ ئێمه).

*ئه‌وكات له‌هه‌ولێر نه یانه و نه هۆڵ و نهوهرزشیش هه‌بوو!
حاجى عه‌لى ده‌ڵێ: تا ده‌هات ژماره‌ى كه‌سه‌كان زۆرتر ده‌بوون كه روویان له‌یارییه‌كه ده‌كرد، كۆتایی ساڵى 1949 بوو به ئیبراهیم كۆیی-م وت ده‌چمه كه‌ركوك بزانم یانه‌یه‌ك نادۆزمه‌وه بێنه هه‌ولێر و له‌گه‌ڵمان یارى بكه‌ن، ئێمه یانه نه‌بووین، ناویشمان نه‌بوو، هه‌ستام چوومه كه‌ركوك و له‌گه‌ڵ یانه‌ى سه‌وره رێككه‌وتم كه رۆژى هه‌ینى نماییشێكى دۆستانه بكه‌ین كه بۆ هه‌ردوولامان زۆر باشه و سوودى هه‌یه، ئێمه‌ش بۆ ئه‌وه‌مان بوو بزانرێت وه‌رزش و یارى له‌شجوانى له‌هه‌ولێر هه‌یه، چونكه ئه‌وكات له‌هه‌ولێر نه یانه و نه هۆڵ و نهوهرزشیش هه‌بوو، ئه‌وه‌بوو بۆ رۆژى هه‌ینى كه عهسرهكهى یاریمان له‌گه‌ڵ یانه‌ى سه‌وره‌ى كه‌ركوك هه‌بوو، سێ كه‌سایه‌تى ناسراوى هه‌ولێرم داوه‌ت كرد، ئه‌وانیش خوالێخۆشبوو حاجى ئیبراهیم حه‌لاق (ئیبراهیم به‌ربه‌ر) كه یاریزانى تۆپى پێ بوو له‌گه‌ڵ حه‌مه‌ساڵح كه‌ئه‌میش هانده‌رى یارى تۆپى پێ بوو هه‌روه‌ها عه‌ریف خدر-ى وێنه‌گر، ئه‌وانیش له‌وێ ئاماده‌بوون.

*ئیبراهیم به‌ربه‌ر ناوى (بروسك)ى هه‌ڵبژارد و منیش ره‌زامه‌ند بووم
دواجاریش وتى: ههركهنماییشهكه ته‌واوبوو، خوالێخۆشبوو حاجى ئیبراهیم حه‌لاق بانگى كردم و وتى: ئێره چییه هۆڵه، یانه‌یه، منیش وتم نه هۆڵه و نهیانهیه به‌ڵام شوێنێكه وه‌ك هۆڵ وایه و بۆخۆمان یارى تێدا ده‌كه‌ین، وتى: ناوێكى لێبنێم رازى ده‌بیت، وتم ئوستاز تۆ گه‌وره‌ى ئێمه‌ى ئه‌گه‌ر تۆ ناوى لێ بنێى منیش ره‌زامه‌ندم، وتى ده‌بێت تۆ رازى بى ئه‌وكات من ناوى لێ ده‌نێم، چونكه تۆ سه‌رپه‌رشتى ئه‌وكاره ده‌كه‌ی، وتم به‌لێ رازیم، وتى ناوى لێ بنێن (یانه‌ى بروسك) رازى، وتم به‌لێ، بووه یانه‌ى بروسك، سه‌ره‌تا هیچ شتێكمان نه‌بوو، ته‌نها ناومان یانه‌ى بروسك بوو، پاش چه‌ند ساڵێك هه‌وڵدان، ساڵى 1956 به‌فه‌رمی مۆڵه‌ت به‌یانه‌ى بروسك درا، ئه‌وكات ده‌سته‌ى دامه‌زراندنى بۆ په‌یدابوو، منیش یه‌كێك بووم له‌دامه‌زرێنه‌رانى و وه‌ك راهێنه‌ر سه‌رپه‌رشتى یارى له‌شجوانیم له‌یانه‌كه‌دا ده‌كرد، شوێنه‌كه‌مان كه‌وتبووه به‌رامبه‌ر مزگه‌وتى قیبلهخوار له‌شوێنى نۆرینگه‌ى دكتۆر محه‌مه‌د شێخۆ، ئه‌و رۆیشت ئێمه چووینه شوێنه‌كه‌ى ئه‌و و دواتر یانه‌كه چه‌ند شوێنێكى تریشى كرد، تا داخرا.


