وتار

بەرپرسانی کۆڕەوی یاریزانان بەئاگا بێنەوە

لەدوای پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق شەپۆلێک لەیاریزانە بەتواناکانی ئەو کاتەی ناوچە عەرەبییەکانی عێراق ڕوویان کردە یانەکانی کوردستان بەتایبەت یانەی هەولێر، هەر ئەو دەمە رۆژنامەنووسە وەرزشییە دوربینەکان و قەڵەمە بوێرەکان ووتیان، ئەم کۆچە کاتییە و یانەکانی ناوەڕاست و باشور لەئێستادا خۆیان بۆ بەڕێوەنابرێ بۆیە رێگە بەڕۆشتنی یاریزانەکانیان ئەدەن.

زۆر داواکرا ئەوەنەی بیرلەهێنانی یاریزانی عەرەب ئەکەنەوە نەوەیەک لەیاریزانی کورد پێبگەیەنن باشترە، بەڵام ئەم هاوارەی خەمخۆران سوودی نەبوو دوای چەند ساڵێک دۆخەکەی ئەولا ئاسایی بۆوە و یاریزانە عەرەبەکان رۆشتنەوە، ئێمەش لەکوردەی هەردوو جەژنەکە بووین، نەئەوان بەوەفابوون بمێننەوە، نەیانەکانی ئێمەش توانیان لەسایەی ئەواندا کۆمەڵێک یاریزانی کوردی جێگرەوە دروستبکەن.

ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بۆتەوە لەسەروبەندی بەڵای کۆرۆنا و راگرتنی چالاکییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، یاریزانەکانمان کۆچ و ڕەویان دەستپێکرد، ئەگەر بەریپێنەگیرێت ئەبێت ئیدارەی یانەکان خۆیان بچنە یاریگاوە خولی کوردستان تەواوبکەن ئەگەر بڕیاربێت تەواو بکرێت!!

خولەکانی خۆمان بەکەم ناگرین، بەڵام پرێمیەر لیگ و بۆندس لیگا و لا لیگا دەستیان پێکردەوە و وا چامپیۆنس لیگیش بەڕێوەیە، کەچی تا ئێستا نازانین چارەنووسی وەرزشی هەرێمەکەی خۆمان چییە؟

ئەگەر لەیانەکان بپرسین بۆ جدی نین لەدروستکردنی پەستان لەسەر یەکێتی تۆپی پێ تا خولەکان دەستپێبکاتەوە، یەکەم شت دەست بۆ بابەتی داهات ئەبەن، کەئەوەش راست نیە چونکە زۆربەی یانەکان داهاتیان لەسەر کرێی دوکان و باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوونە کەنەوەستاوە سەرەڕای ئەوە بەبیانووی نەبوونی داهات چەند مانگێکە خۆیان لەمووچەی یاریزان و راهێنەر دزیوەتەوە.

یەکێتی تۆپی پێش کەئێستا سەرۆکەکەی تووشی پێکان بووە و سەرقاڵی نەشتەگەرییە ئەوەی کردۆتە بیانوویەک بۆ کۆنەبوونەوە و قسەنەکردن لەسەر ئایندەی خولەکە، کەئەوەش بەپلەی یەکەم لەزیانی یاریزان و راهێنەرە کەزۆربەیان تەنها سەرچاوی داهاتیان مووچەی یانەکەیانە و بەبیرنەکردنەوە لەچارەنووسی ئەوان کۆڕەوێکی تری یاریزانان ئەبینین کەکەس خۆی لێ ناکاتە بەرپرسیار، ئەمڕۆ ١٤ ی تەمموز سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی نامەیەکی ئاڕاستەی حکومەت و لایەن پەیوەندیدارەکان کرد، بەڵام چی ئەبوو یانەکان و خودی یەکێتی تۆپی پێ زوتر و بەیەک دەنگ بهاتنایەتە پێشەوە، بۆیە ئێستا کورد وتەنی سەفین کانەبی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان گۆڵی خۆی کرد و تۆپەکەی خستە یاریگای حکومەت و یانەکانەوە.

بۆ ئەم وەرزە رەنگە ئەو دوو لایەنەی باسکران هەموو ئۆباڵەکە بخەنە ئەستۆی حکومەت کەجموجۆڵی وەرزشی ڕاگرتووە، بەڵام کەمتەرخەمی ئەوانیش وایکردووە حکومەت بیری لای خستنەوە گەڕی وەرزش نەبێت، بەڵام کێشەی تۆپی پێی کوردستان و کێشەی یاریزانان تەنیا پابەند نیە بەم وەرزەوە بەڵکو رەنگە لەم وەرزەیا بگاتە بینەقاقا و چیتر یاریزانان متمانەیان ئیدارەی یانەکان و یەکێتی تۆپی پێ نەبێت و کۆڕەوێک بەرەو ناوەڕاست و باشور یاخود دەرەوەی وڵات بکەن.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close