وتار

سێ بۆندە گەورەکە کوان؟

هەرسێ یانە بەهێزەكەی ئیسپانیا لە هاوینی رابردوو بۆندی گەورەیان كرد بۆ هێڵی پێشەوە، بەڵام تا ئێستا كاریگەری ئەوتۆیان لەسەر تیپە تازەكانیان نەبووە.

ئیدین هازارد بۆ ریاڵ مەدرید و گریزمان بۆ بەرشەلۆنەو جواو فلیکس بۆ ئەتلەتیکۆ مەدرید، هەرسێ بۆند نرخەکانیان لە یەکەوە نزیکبوو، هەرچەندە باردۆخی هەر یەکێکیان جیاوازە، بەڵام لەوەدا یەکسانن کە هاندەران پێشبینی زیاتریان لەم سێ ئەستێرەیە ئەکرد.

*هازارد لە ریاڵ مەدرید: بەپێی کاریگەری و ژمارەی گۆڵ بێت هازارد کەمترین جێ دەستی دیارە لە ریاڵ مەدرید، نزیکەی ٣ ساڵ بوو هاندەرانی مەدرید چاوەڕێی ئەم بۆندەیان دەکرد، وەرزی رابردوش زۆر دڵخۆشبوون کە ئەستێرەیەکی گەورە بێتە یانەکەوەو بتوانێت کەمێک جێگەی کریستیانۆ پڕ کاتەوە.

هازارد کە تەنها ١ گۆڵی بۆ ریاڵ مەدرید کردوە لە لالیگا و چامپیۆنس لیگ ماوەیەکی زۆر بەهۆی پێکانەوە دورکەوتەوە، بەڵام پێکانەکە تەنها هۆکاری کەم بەختی نەبوو، بەڵکو ئەم یاریزانە بەلجیکیە خۆشی هۆکاربوو کە کێشی زیادی کردبوو.

هازارد لەوکاتانەی یاریش دەکات ئاستی وەکو پێویست نیە، لە پرێمەرلیگ لەو خولە قورسە بە ئاسانی یاریزانی دەبڕی و گۆڵی ئەکرد، ئێستا هەر یاریەکی ئاسایی ئەکات و هیچ بڕین و چونە پێشەوەو سیحرەکانی نەماوە. تەنها هۆکاریش ئەوەیە کە رەخنە لە هازارد ناگیرێت و باسی شکستی ئەو بۆندە ناکرێت ئەوەیە کە ریاڵ مەدرید لە بردنەوە بەردەوامە و نزیکە لە نازناوی لالیگا، لە کاتی بردنەوەشدا رەخنەکان نامێنن.

*جواو فلیکس بۆ ئەتلەتیکۆ: کڕینی هێرشبەرێکی ١٩ ساڵ لە لایەن سیمیۆنیەوە بە بڕی ١٢٦ ملیۆن یۆرۆ دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، هەموو لایەک باسیان لەئاستبەرزی ئەم لاوە پورتوگالیە دەکرد، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بینیومانە دەبوو زیاتربێت، بۆ نمونە لە ٢١ یاری لە خولی ئیسپانی کە جواو فلیکس بەشداربوە لە ١٧ یاریاندا سیمیۆنی داینیشاندوە!

فلیکس لەگەڵ یاری و شێوازی ئەم راهێنەرە رانەهاتوە، هەرچەندە ٦ گۆڵی لە لالیگا و ٢ گۆڵێ لە چامپیۆنس لیگ هەیە، بەڵام دەبوو زۆر زیاتربێت.


جواو فلیکس زۆر بە ئاشکرا رەخنەی لە شێوازی یاریکردنی راهێنەرەکەی گرت کە زۆر بەرگریە، بەڵام سیمیۆنی گوێ بەو رەخنانە نادات، سیمیۆنی لە دۆزینەوەی شوێنی جواو فلیکس لە نێوان هێرشبەری باڵ یان هێرشبەری دووەم دودڵە، هەروەها سیمیۆنی دەیەوێت کە تۆپیان لانیە هەموو تیپەکەی بگەڕێنەوە یاریگای خۆیان و بەرگری بکەن.


ئەم کێشانە وایکرد کە رۆژنامەی مارکا ئەم بۆندە بە یەکێک لە بۆندە خراپەکانی ئەم وەرزە دانێت، بەڵام بەو پێیەی جواو فلیکس ئێستا ٢٠ ساڵە لە داهاتوودا هیوایەکی زۆر بۆ سەرکەوتنی ئەم هێرشبەرە ماوە.

*گریزمان بۆ بەرشەلۆنە: لە لایگا ٩ گۆڵ و لە چامپیۆنس لیگ ٢ گۆڵ و بە کۆی گشتی ١٥ گۆڵ بۆ تیپە تازەکەی گریزمان بەم ژمارانە لەهەردوو بۆندەکەی تر سەرکەوتوتر بوە، بەڵام رەخنەی لە هەمویان زیاتر لێ ئەگیرێت، لە راستیدا گریزمانیش وەکوو دوو بۆ دەکەی تر زیاتری لێ چاوەڕوان ئەکرا.

بەڵام ئەوەی وایکردوە کە رەخنەکان لە بۆندی گریزمان زیاتربێت ئەوەیە کەئیدارەی بەرشەلۆنە پێشتر چەند بۆندێکی تریان کردبوو لەم جۆرەو شکتیان هێناوە وەکو کۆتینیۆ و دیمبلی. رەخنەیەکی تر لە بۆ دی گریزمان ئەوەیە کە تائێستا نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ شێوازی یاریکردنی تیپەکەدا بگونجێنێت، یان راهێنەر نەیتوانیوە شوێنی بۆ بدۆزێتەوە.

بریشمان نەچێت هەندێکیتر لە رەخنەکانی سەر گریزمان ئەوەیە کە بەرشەلۆنە دەبوو نەیمار بێنێتەوە بەڵام گریزمان هێنا، بۆیە خەڵکانێک خۆیان حازرکردبوو کە رەخنە لە بۆندەکە بگرن، بێگومان شکستی لالیگا زیاتر خراپی ئەم بۆندە زەق ئەکاتەوەو پێشتر وتمان بردنەوە رەخنەکان دادەپۆشێت و دۆڕاندنیش زیادی ئەکات.

لە کۆتاییدا بە هەموو پێوەرەکان ئەم سێ بۆندە زەبەلاحە نەیانتوانی بگەنە ئەو ئاستەی چاوەڕان دەکرا لێیان، جواو فلیکس ساڵانێکی زۆری لەبەر دەستدایە بۆ سەرکەوتن، بەڵام هازارد و گریزمان بە ٢٩ ساڵی کاتیان زۆر کەمە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close